کێ‌ی تر مه‌وادی کیمیایی به عێراق گه‌یاندووه ؟
کێ‌ی تر مه‌وادی کیمیایی به عێراق گه‌یاندووه ؟ نووسینی : ئارنۆڵد کارسکنس ، وه‌رگێڕانی له هۆڵه‌ندی‌یه‌وه کامه‌ران ئه‌حمه‌د
نهێنی‌یه‌کانی کارگا هۆڵه‌ندی‌یه‌کان له گه‌یاندنی مه‌وادی کیمایی به ڕژێمی به‌عسی ڕوخاو
به‌شی یه‌که‌م
ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ( FFCD ) که پرۆگرامی چه‌کی کیمایی عێراقی تیا شکێنرا، ته‌نها ناوی فرانس ڤان ئه‌نرات وه‌ک یه‌کێک له ده‌سته‌به‌رکه‌ری که‌ره‌سه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌کانی گازی مۆسته‌رد و گازی ئه‌عصاب له ساڵه‌کانی 80 دا ناهێنێت. ڕێژه‌ی 60% ی هه‌موو که‌ره‌سه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌کانی دروستکردنی گازی مۆسته‌رد و نزیک به نیوه‌ی که‌ره‌سه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌کانی دروستکردنی گازی ئه‌عصاب که له گه‌وره‌ترین جه‌نگی گازی ژه‌هراوی دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م ( 1914-1918 ) واته له جه‌نگی عێراق - ئێران دا ( 1980-1988 ) به‌کارهێنراون، له لایه‌ن کارگه‌کانی هۆڵه‌ندی مێڵخیمی ( Melchemie Holland bv ) و ( KBS ) و ئه‌و کارگانه‌ی که له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئانراتدا بوون ده‌سته‌به‌ر کراون، که هه‌مووشیان ئه‌م بازرگانیکردنه‌یان له‌و ڕووه‌وه ڕه‌د ئه‌که‌نه‌وه.
بۆ نموونه لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی ( FFCD ) که‌مپانیای ئاڕنهێمی مێڵخیمی به‌رپرس ئه‌کات له ده‌سته‌به‌رکردنی 100 ته‌ن له مادده‌ی SOCL2 . ئه‌م سیۆنکۆلاریده ئه‌توانرێت وه‌ک ( Pecticide : گیراوه‌یه‌که دژ به نه‌خۆشی‌یه‌کانی ڕووه‌ک ) به‌کاربهێنرێت ، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا وه‌ک مادده‌یه‌کی سه‌ره‌کی له دروستکردنی گازی مۆسته‌رد. نامه‌یه‌ک یان پسوڵه‌یه‌ک به ژماره‌ی 1015/3/82 ساڵی 1982 وه‌ک گارانتی‌یه‌کی پاره‌دان له لایه‌ن ئه‌م که‌مپانیایه‌وه که سه‌رقاڵی بازرگانیکردنه به په‌ینی کیمیایی ، مادده‌کانی بواری کشتوکاڵی و به‌رهه‌مه کیمیایی و عه‌تری‌یه‌کان به‌کاردێت. دیاره مێڵخیمی جۆری باش ده‌سته‌به‌ر ئه‌کات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراقی‌یه‌کان ساڵێک دواتر واته ساڵی 1983 بڕی ( 750 ) ته‌نی تر له مادده‌ی SOCL2 داوا ده‌که‌نه‌وه. هه‌روه‌ها له مارتی 1984 یشدا مێڵخیمی داوایه‌کی گه‌وره له لایه‌ن دامه‌زراوی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رهه‌می پێستیسید ( SEPP ) واژۆ ئه‌کات. په‌یوه‌ندی‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ له نێوان ( SEPP ) و دامه‌زراوی ده‌وڵه‌ت بۆ گازی ژه‌هراوی ( MSE ) له موسه‌نا هه‌یه. د. ئه‌لعانی به‌ڕێوه‌به‌ری ( SEPP ) ه‌یه و به‌ڵام له ساڵی 1981-1991 یشه‌وه به‌ڕیوه‌به‌ری پلان دانانه له (MSE )، به‌ڕێوه‌به‌ری (MSE ) له ساڵی 1981-1987 ( جه‌نه‌ڕاڵ نزار عطار ) ه که به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( SEPP ) یشه له هه‌مان کاتدا. مێڵخیمی ئه‌ڵێ که ئاگاداری ئه‌م په‌یوه‌ندی‌یانه نه‌بووه.
دامه‌زراوی ( SEPP ) داوای هه‌شت که‌ره‌سه‌ی بنه‌ڕه‌تی له مێڵخیمی ئه‌کات که شه‌ش که‌ره‌سه‌یان سروشتێکی جووت به‌کارهێنانیان هه‌یه. واته هه‌م وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌ک له بواری سڤیڵ و هه‌م وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیش بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازی ئه‌توانرێت به‌کاربهێنرێت، بۆ نموونه له به‌رهه‌مهێنانی گازه ژه‌هراوی‌یه‌کانی گازی مۆسته‌رد، تابوون و سارین. هه‌روه‌ها له لیستی داواکردنه‌که‌شدا 1000 ته‌ن له مادده‌ی SOCL2، بیست ته‌ن له مادده‌ی فلۆرایدی هایدرۆجین پۆتاسیۆم KFHF , پێنج ته‌ن له مادده‌ی فلۆرایدی هایدرۆجین HF ، شه‌ست ته‌ن له مادده‌ی کلۆرایدی فۆسفۆر POCL3 ، سه‌دوپه‌نجا ته‌ن له مادده‌ی CH3CHOHCH3 به‌رچاو ده‌که‌وێت.
کاتێک دامه‌زراوی ( SEPP ) له 19-04-1984 داواکاری‌یه‌که‌یان پێشکه‌ش ئه‌که‌ن وا دێته به‌رچاو که له‌و ڕۆژانه‌دا مادده‌ی POCL3 له لیستی ئه‌و به‌رهه‌مه یاساغکراوانه‌دایه که نابێت بنێردرێنه ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا. به‌ڕێوه‌به‌ری ناردنه ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان له کارگای مێڵخیمی له ته‌له‌کسێکدا وه‌ڵامی ( SEPP ) ئه‌داته‌وه: " بێ‌شک ئه‌وه روونه که به‌رهه‌مه داواکراوه‌کان په‌یوه‌ستن به ڕێگه‌پێدانه‌کانی ناردنه ده‌ره‌وه ، ئه‌مه هۆکاری دواکه‌وتنه‌کان له وه‌لامی پرسیاره‌که‌تاندا ڕوون ئه‌کاته‌وه، هیوادارم که له وه‌زعه‌که تێبگه‌ن " . ( The deadly lobby په‌ڕگه‌کانی 148-149 ، و ئؤڕشه‌لیم پۆست له 24 ی نۆڤه‌مبه‌ری 1986 ).
به‌ڕێوه‌به‌ری ناردنه ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان له 10 ی ئۆکتۆبه‌ری 1984 دا له میلان چاوی به سه‌رپه‌رشتیاری که‌مپانیایه‌کی کیمیایی ئیتالی ( Montedison ) ئه‌که‌وێت. به نادروستی وای بۆ ئه‌چێت که یاساکانی هۆڵه‌ندا له بواری ناردنه ده‌ره‌وه‌ی کاڵاکاندا نه‌گونجاون له ئیتاڵیا. ئه‌م سه‌رپه‌رشتیاره ( Enrico Galiardi ) له سه‌ر خواستی مێڵخیمی 60 ته‌ن له مادده‌ی POCL3 له که‌مپانیای Ausidet Spa داوا ده‌کات.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناردنه ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان بۆ شاری ئاڕنهێم ڕاسته‌وخۆ هه‌واڵه‌که به ته‌له‌کسێکدا ڕه‌وانه‌ی دامه‌زراوی ( SEPP ) ئه‌کات، له هه‌مان کاتدا داوا له عێراق ئه‌کات که هیچ ئاشکراکردنێک له‌و باره‌یه‌وه نه‌خه‌نه ڕوو: " له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه له لایه‌ن حکومه‌تی خۆمانه‌وه هیچ ڕێگه‌پێدانێکی ناردنه ده‌ره‌وه‌مان نی‌یه پێشنیاری ئه‌وه ئه‌که‌ین که پاره‌دانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش به هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه بچێت که له کاتی پاره‌دانی فلۆرایدی پۆتاسیۆم هایدرۆجین و فلۆرایدی پۆتاسیۆم [ هه‌ردوو مادده‌که بۆ به‌رهه‌مهێنای گازی ژه‌هراوی ئه‌عصابه ] به‌ڕێوه چووه. ئه‌مه ته‌نها ڕێگه‌یه‌که که مادده‌ی POCL3 پێ بگوازرێته‌وه. ( The deadly lobby په‌ڕگه‌ی 190 ).
یه‌که‌مین دووبار له سه‌رجه‌م 20 ته‌ن له مادده‌ی POCL3 به که‌شتی ss Aetos له ڤینیسیاوه له ڕێکه‌وته‌کانی 20 و 27 ی دیسه‌مبه‌ری 1984 به‌ره‌و به‌نده‌ره‌کانی مارسینیای تورکیا و له‌وێشه‌وه به بارهه‌ڵگر ( شاحنه ) به‌ره‌و عێراق به‌ڕێ ئه‌که‌ون.
له 26 ی فێبریوه‌ری 1985 دا کاتێک که فه‌رمانبه‌ره‌کانی ده‌زگای پشکنینی هۆڵه‌ندی نوسینگه‌ی مێڵخیمی و ماڵی سێ که‌س له سه‌رپه‌رشتیارانی مێڵخیمی ئه‌پشکنن ته‌له‌کسه‌کان له‌گه‌ڵ ڕوونکردنه‌وه به‌هاداره‌کان ئه‌دۆزنه‌وه. ده‌زگای هه‌واڵگیری ئه‌مریکی ( CIA ) ده‌سه‌ڵاتدارانی هۆله‌ندی له‌مباره‌یه‌وه ئاگادار کردۆته‌وه. ته‌سلیم کردنی 40 ته‌نی ماوه له مادده‌ی POCL3 ڕاسته‌وخۆ به هه‌وادا ئه‌چێت! ده‌سه‌لاتدارانی عێراق له‌مباره‌یه‌وه توڕه‌ن. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق نامه‌یه‌ک بۆ باڵوێزخانه‌ی هۆڵه‌ندا ئه‌نێرێت " ئه‌گه‌ر حکومه‌تی ئێوه کۆتایی به چالاکی‌یه‌کانی دژ به ووڵاتی ئێمه نه‌هێنێت واته بلکۆککردنی ئابوری و زڕاندنی ناومان ئه‌وا پێشبینی کاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی هه‌ردوو ووڵات ئه‌که‌ین ". ( The deadly lobby په‌ڕگه‌ی 191 ).
له پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌چوودا ڕوون ئه‌بێته‌وه که مێڵخیمیش به هه‌مان شێوه‌ی فرانس له کاتی ده‌سته‌به‌رکرنی مادده‌کان به‌عێراق هه‌مان په‌رده‌ی دووکه‌ڵاوی کێشاوه. له پسوڵه‌کاندا مادده‌ی POCL3 به ناوه ڕاسته‌قینه کیمیایی‌یه‌که‌ی ناناسرێت ( فۆسفۆرۆکسی کلۆراید - fosforoxychloride ) به‌ڵکو مێڵخیمی ناوێکی تر ( پیرادین - Pyridine : به‌ستنه‌وه‌یه‌کی خودکایی بازنه‌یی‌یه به هاوکێشه‌ی C5H5N ) به‌کار ئه‌بات ( سیاسه‌تی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی چه‌کیی هۆله‌ندا په‌رگه‌ی 446 )، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کارگاکه بێ ئاگایی خۆی له‌مباره‌یه‌وه پیشان ئه‌دات : ‘داواکه له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ناردنه ده‌ره‌وه‌وه ڕێکخراوه’.
به بۆچوونی مێڵخیمی ئه‌و 20 ته‌نه له POCL3 گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه و هه‌رگیز نه‌گه‌یشتۆته دامه‌زراوی MSE ی عێراقی، هه‌رچه‌نده که ڕێڕه‌وی ناردنی باره‌کان له ئیتالیا و ته‌له‌کسه نێڕدراوه‌کان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ئه‌سه‌لمێنن. به‌ڵام ئایا مێڵخیمی به‌وه‌ی نه‌زانیوه که مادده‌ی POCL3 له لیستی مادده یاساغکراوه‌کاندایه ؟
بێ‌شک ئه‌م ئینکاری کردنه بێ بناغه‌یه. دادوه‌ری پۆلیس له ئاڕنهێم مێڵخیمی هه‌روه‌ها به تاوانی ده‌سته‌به‌رکردنی فۆسفۆڕی کلۆراید (Fosforoxychloride ) به عێراق، پێشێلکردنی بڕیاری گواستنه‌وه‌ی که‌ره‌سه ستراتیژی‌یه‌کان به بڕی 100 هه‌زار خڵدن و مه‌رجداری داخستن بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ سزا ئه‌دات.
مێڵخیمی خۆی به بێ‌تاوان ئه‌زانێت ( مێڵخیمی هه‌رگیز که‌ره‌سه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌کانی گازی ژه‌هراوی نه‌گه‌یاندووه ) ئه‌م ئاگاداری‌یه له ڕۆژنامه‌ی تراو ( Trouw ) ی 29-07-2004 دا بڵاو ئه‌کاته‌وه. پاش ناردنی POCL3 مێڵخیمی ته‌واوی گه‌یه‌ندراوه‌کانی به عێراق لای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ئه‌خاته ڕوو.
له ڕاپۆرتی ( FFCD) دا له‌وه‌ش زیاتر ده‌رئه‌که‌وێ که مێڵخیمی له ساڵی 1984 یشدا به پێ‌ی پسوڵه‌کانی پاره‌دان پێنج ته‌ن له مادده‌ی HF، سه‌دوپه‌نجا ته‌ن له مادده‌ی IP ، سه‌د‌وپیست ته‌ن له مادده‌ی KHF2 ، به عێراق گه‌یاندووه. ئه‌م گه‌یه‌ندراوانه له لایه‌ن مێڵخیمی‌یه‌وه پشت ڕاست کراونه‌ته‌وه. که‌ره‌سه‌کان راسته‌وخۆ به‌ره‌و دامه‌زراوی گازی ژه‌هراوی له موسه‌نا MSE به‌ڕێ ئه‌که‌ون. هه‌روه‌ها ده‌رئه‌که‌وێت که نه‌ک ته‌نها ئه‌مانه به‌ڵکو چه‌ند که‌ره‌سه‌یه‌کی تری گرنگیش ڕه‌وانه ئه‌کات، به‌م شیوه‌ه‌یه له په‌ڕگه‌ی 23 ی راپۆرتی ناوبراودا هاتووه که مێڵخیمی له ساڵی 1986 دا مادده‌ی ( Chloramin T ) به عێراق ئه‌گه‌یه‌نێت. به‌شێوه‌یه‌کی بڕاوانه بێ‌تاوان نی‌یه، به‌مجۆره فه‌رمانبه‌ر‌ێکی TNO لێدوان ئه‌دات : " که‌ره‌سه‌کان که‌ره‌سه‌ن ، دوای ئه‌وه ئه‌توانیت هه‌موو شتێکی لێ دروست بکه‌یت ئه‌گه‌ر باش هه‌وڵ بده‌یت".
له کۆی سه‌رجه‌م 600 ته‌ن باری ناوبراودا چاومان به مادده‌ی ( CH2CL2 ) یش ئه‌که‌وێ که به په‌ڵه‌لابه‌ر ( Vlekkenwater : مادده‌یه‌کی کیمیایی‌یه بۆ لابردنی په‌ڵه ) ئه‌ناسرێت و وه‌ک پێکهاته‌یه‌کیش له به‌رهه‌مهێنانی گازی ئه‌عصابی سارین. یان کاتێک بیر له دوو هه‌زار ته‌ن له مادده‌ی ( Caustic Soda) بکه‌ینه‌وه که ئه‌توانرێت له پاڵاوتنی ڕۆنی ڕووه‌ک ، وهه‌روه‌ها له فلته‌ره‌کانی ڕووپۆشی کیمیایی‌دا به‌کاربهێنرێت، هه‌روه‌ها ئه‌کرێت مادده‌ی بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری‌یه‌کانی گازی ژه‌هراوی لێ دروست بکرێت.
سه‌دام له هیچ چێگه‌یه‌ک پاره‌کانی سۆدا‌ی ( Caustic Soda ) ( له‌گه‌ڵ ئۆکسیدی زینک ) نه‌داوه. مێڵخیمی گه‌یه‌ندراوه‌کانی خۆی له لای ( NCM : دامه‌زراوێکی گه‌وره‌ی ته‌ئمینه ) ته‌ئمین کردووه، که به هاوکاری وه‌زاره‌تی مالی گه‌یه‌ندراوه پڕ له مه‌ترسیداره‌کان گه‌رانتی ئه‌کات. به‌م شێوه‌یه چاومان به بڕی دوو ملیۆن دۆلار ئه‌که‌وێ له سه‌ر هه‌ژماری مێڵخیمی واته له‌و کاتانه‌دا که عێراق نه‌یتوانیوه بیدات.
لانی که‌م ئه‌وه ڕوونه که 400 ته‌ن له سیانیدی سۆدیۆم ( NaCN) به‌پێ‌ی ڕاپۆرتی( FFCD ، لاپه‌ڕه 275 ) گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه. " له ساڵی 1989 دا 400 ته‌ن له مادده‌ی ( NaCN) له عێراقه‌وه گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ کارگه‌ی مێڵخیمی هۆله‌ند." به بۆچوونی مێڵخیمی مه‌سه‌له‌که به شیوه‌یه‌کی تره ؛ " مێڵخیمی ئه‌و مادده‌یه‌ی بۆ نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه به‌ڵکو له عێراقی کریوه " . سیانیدی سۆدیۆم ئه‌توانرێت له کانه‌کانی ئاڵتون یان له به‌رهه‌مهێنانی ژه‌هری جرچ دا به‌کاربهێنرێت . عێراق کانه‌کانی ئاڵتونی نی‌یه و 400 سه‌د ته‌نیش له‌و مادده‌یه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو جرجه‌کانی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌راستی پێ له‌ناو ببه‌یت. به‌ڵام سیانیدی سۆدیۆم به‌کارهێنانێکی تریشی هه‌یه ! ئه‌ویش به‌کارهێنانیه‌تی له به‌رهه‌مهێنانی گازی ئه‌عصابی تابوون دا . به ئاسانی ئه‌توانرێت که گازێکی ژه‌هراوی بێڕه‌نگ و کێش سووکی لێ به‌رهه‌م بێت که بۆنی بادامی لێ دێت. هێزه گه‌وره‌کانی جیهان هه‌م ئه‌مریکا و هه‌م یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له کاتی جه‌نگی ساردا به هه‌زاران ته‌ن له‌م مادده‌یه‌یان له عه‌مباره‌کانیاندا هه‌بوو تاوه‌کو له‌گه‌ڵ یه‌که‌مین لێدان له به‌ره‌کانی جه‌نگدا به‌کاری بهێنن. خاڵێکی لاوازی ئه‌م مادده‌یه ئه‌وه‌یه که کێشی له کێشی هه‌وا سوکتره و هه‌ربۆیه پێویستت به بڕێکی یه‌کجار زۆر هه‌یه. تا ئه‌و جێ‌یه‌ی زانراوه عێراق ئه‌م مادده‌یه‌ی به‌کارنه‌هێناوه.
به‌هه‌رحاڵ جه‌نگی عێراق و ئێران کۆتایی دێت و به‌وپێ‌یه‌ش دامه‌زراوی MSE له موسه‌نا چیتر پێویستی به گازه ژه‌هراوی‌یه‌کان نی‌یه.
مێڵخیمی تاوه‌کو ئێستاش له هؤڵه‌ندا بوونی هه‌یه. پارێزه‌ره‌که‌ی هێرمان دووڵه‌مان ( Herman Doeleman) وه‌ک قسه‌که‌رێک سه‌باره‌ت به گه‌یه‌نراوه‌کانی که‌مپانیاکه به عێراق دێته قسه و سه‌رجه‌م گه‌یه‌نراوه‌کان ڕه‌د ئه‌کاته‌وه. " هه‌ڵگره‌کانی مادده‌ی ( NaCN) فرۆشران و گه‌یه‌نران به به که‌مپانیای ( MSI Mining Servive international) له ئۆکڵاندی ئه‌مریکا. دووڵه‌مان ئه‌ڵێت که مێڵخیمی ده‌ستێکی پاکی هه‌یه. مێڵخیمی هه‌رگیر ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی به عێراق نه‌گه‌یاندووه که له لیستی که‌ره‌سه ستراتیژی‌یه‌کاندایه، ئه‌و پێ‌ی وایه که مێڵخیمی هه‌میشه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی خۆی به عێراق گه‌یاندووه که پێداویستی‌یه‌کانی پیشه‌سازی کشتوکاڵی بوون.( ئیمه‌یڵی ڕێکه‌وتی 29 ی جوونی 2006 ) .
له کاتی دادگاییکردنه‌که‌ی فرانس ڤان ئه‌نرات پرسیارێک له لایه‌ن ده‌سته‌ی پارێزه‌ره‌کانی‌یه‌وه هاته پێشه‌وه که ئایا بۆچی لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ مێڵخیمی و کارگه‌ی ( KBS) ناکرێت. له‌سه‌ر داخوازی پارێزه‌ری مێڵخیمی وه‌زاره‌تی داد له سێپته‌مبه‌ری 2005 دا ڕایگه‌یاند که : ' له‌سه‌ر بنه‌مای دۆسیه‌ی سزاکان هه‌م ئێمه و هه‌م دادگای ده‌نهاخیش ئه‌نجامگیری ئه‌وه‌مان کردووه که گه‌یه‌ندراوه‌کانی فرانس هاوتا نین له‌گه‌ڵ گه‌یه‌نراوه‌کانی ئه‌و دوو کارگایه به شیوه‌یه‌ک که قسه له‌سه‌ر پێشێلکردنێکی هاوتایی نی‌یه هه‌ربۆیه فرانس لێکۆڵینه‌وه و پشکنینی له‌گه‌ڵ ئه‌کرێت و ئه‌وانی تر نا '
له نامه‌یه‌کی 4 ی سێپته‌مبه‌ری 2006 دا پارێزه‌ر دووڵه‌مان ئه‌مه‌ش زیاد ئه‌کات : ' ئه‌بێت له‌وه دڵنیابیت که کارگه‌ی مێڵخیمی هۆڵه‌ند و هه‌ره‌ها خاوه‌نه‌کانی ( Melchers) بێ ئه‌ندازه به‌داخن که ئه‌و به‌رهه‌مانه نادروست به‌کارهێنراون بۆ مه‌به‌ستی جه‌نگی کیمیایی. ئه‌م شتانه به شێوه‌یه‌کی ڕووکه‌شیی جێ‌ی قبوڵکردنه ئه‌گه‌رچی نازانرێت به چ ئه‌ندازه‌یه‌ک ڕوویان داوه. '
هه‌روه‌ها کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌رو بازرگانی به‌رهه‌مه کیمیایی‌یه‌کان کارگه‌ی ( KBS ) یش له ڕاپۆرته‌که‌ی ( ) دا ناوی ئه‌هێنرێت . د. ئه‌لعانی به‌ڕیوه‌به‌ری ( SEPP) یه‌و سه‌رۆکی پلاندانانی دامه‌زراوی گازی ژه‌هراوی موسه‌نا ( MSE ) شه. له ساڵی 1983 دا سه‌ردانی زه‌یلاند ( Zeeland) ئه‌کات. د. ئه‌لعانی داوا له به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وکاتی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان ( M.L.Sakel ) ئه‌کات که پێنج سه‌د ته‌ن له مادده‌ی ( TDG) بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر بکات به بڕی شتێک زیاتر له یه‌ک ملیۆن دۆلار. کارگه‌ی ( KBS) داواکه له لای لقی به‌لجیکای کارگه‌ی ( Phillips Petroleum) ی ئه‌مریکی دائه‌نێت (The Deadly lobby په‌ڕگه‌ی 134) . له جووڵای 1983 دا یه‌که‌مین بارهه‌ڵگر به‌ره‌و عێراق به‌ڕێ ئه‌که‌وێت و ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن عێراقه‌وه به‌کار ئه‌هێنرێت . ' پاش گه‌یشتی مادده‌ی ( TDG) به چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی که‌م عێراق ده‌ستی کرد به به‌کارهێنانی ڕێژه‌یه‌کی زۆر له گازی مۆسته‌رد ( به‌رنامه‌یه‌کی بی بی سی له 27 ی ئۆکتۆبه‌ری 1986 به ناوی نهێنی‌یه‌کانی سامه‌ڕا ) '.



del.icio.us
Digg
سه‌رنج (0 نێردراو):
سه‌رنجه‌که‌ت بنێره