Banners

Print

پارتی ئازادی هۆڵەندا چی ئەوێت ؟

Written by Super User. Posted in wergeran

سەرەتایەکی بابەتەکە : هۆلەندا لەبەردەم ئاڵوگۆڕی گەورەدایە. لە هەڵبژاردنەکانی ٩ ی جونی٢٠١٠ پارتی ئازادی هۆلەند ( یەکێک لە پارتە توند- ڕاسترەوەکان) بە رابەری خەیرت وڵدەرس دەرهێنەری فیلمی فیتنە بە شیوەیەکی چاوەڕواننەکراو توانی ٢٤ کورسی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بکات و هەر ئێستاش سەرگەرمی ئەوەیە کە بەشداری لە دامەزرادنی حکومەتدا بکات . بە مەبەستی زیاتر ئاشناکردنی خوێنەر بەم گروپە راستڕەوە و بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی بە باشم زانی کە ئەم بابەتە کە چڕکراوەی بەرنامەکەیەتی بکەمە کوردی.

مارکۆ هۆخخیموت - ١٥ ی جونی ٢٠١٠   - وەرگێڕانی هاوپشتی - کامەران ئەحمەد

هەرئێستا پارتی ئازادی هۆڵەندا بە شیوەیەکی جدی ئەیەوێت بەشدار بێت لە سازکردنی کابینەی داهاتوودا ، تا ماوەیەکی کەم پێش هەڵبژاردنەکان زۆرێک لە هۆڵەندی‌یەکان پێ‌یان وابوو کە پارتی ئازادی بە هۆی بەرنامە ڕاسترەوی‌یەکەیەوە ناتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ، بەلام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێچەوانەی ئەمە بوون، ئەم پارتە توانی ژمارەی کورسی‌یەکان لە ٩ ەوە زیاد بکات بۆ ٢٤ لە کۆی ١٥٠ کورسی پەرلەمان .

ئەمەی خوارەوە زۆرترینی ئەو خالانەیە کە لە بەرنامە هەڵبژاردنەکەیدا بانگەوازی بۆ کرد و بووە جێگای مشتومڕی زۆر.

١- ئاسایش

ئاسایش یەکێک لە خاڵە سەرەکی‌یەکانی بەرنامەی ئەم پارتەیە، ئەم پارتە پێ‌ی وایە کە هۆڵەندا دووچاری کێشەیەک بۆتەوە کە بە تیررۆی شەقامەکان ئەناسرێ ، لە لایەن چەند گروپی تاوانبارەوە دەست گیراوە بە سەر چەند گەڕەکی شارەکاندا، ئەم پارتە پێ‌ی وایە کە گروپی تاوانباران خەڵکانی بە ڕەگەز مەغریبی یان ئینتیلین . هەر لەم پەیوەندەوە ئەم هەنگاوانە بە چارەسەر ئەزانێت

- زیادکردنی ١٠ هەزار پۆلیس.

- تۆمارکردنی ڕەگەزی ئیتنی هەر کەسێک . زیادکردنی دەستەواژەی ئینتیل بۆ ئەو کەسانەی کە لە ئینتیلەوە دێن( ئەنتیلی‌یەکان ئەو کەسانەن کە لە پێنج دورگەی دەریای کاریبی نیشتەجێن و تا ئێستاش لە ژێر کۆلۆنی هۆڵەندان )

- ناردنەوەی تاوانبارە ئەنتیلییەکان بۆ دوورگەکانیان .

- لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی هۆڵەندی لەو تاوانبارانەی کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن کە یەکێکیان هۆلەندی‌یەو و ئەوی تریان هی ئەو وڵاتەی کە لێوەی هاتووە،

- بەرزکردنی لانی کەم و زۆری سزاکان ، لابردنی سزای کارپێکردن کە لە بری هەندێک تاوان هەن.

٢- دژایەتیکردنی ئیسلام و وەستانەوە بە دژی کۆچکردنی بەکۆمەڵ

ئەمە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی ئەم پارتە و بەرنامەی هەڵبژاردنەکەیەتی . ئەم پارتە پێ‌ی وایە کە ئیسلام ئایدیۆلۆژیایەکی شمولی‌یە و لەسەر بنەمای دەسەلاتبەسەرداگرتن، توندوتیژی و چەوساندنەوە دامەزراوە. خەیرت ولدەرس ئەڵێت : ئیسلامی موعتەدیل بوونی نی‌یە ، و ئەم هەنگاوانە بە چارەسەر ئەزانێت لە بە گژداچوونەوەی بە ئیسلامکردنی کۆمەڵگای هۆڵەندا

- ڕاوەستاندی تەواوەتی کۆچکردن لەو ولاتانەی کە ئیسلامین.

- هیچ مزگەوتێکی تر نابێت دروست بکرێت، ئەبێت قوتابخانە ئیسلامی‌یەکان دابخرێن ، قەدەغەکردنی بورکا ( پەچە و عەبا ) و قورئان .

- ڕیگرتن لە پەچە لە شوێنەکانی کارکردنی تەندروستی ، خوێندنگاکان ، ڕێکخراوە حکومی‌یەکان یان ئەو ڕێکخراوانەی کە بیمە لە دەوڵەت وەرئەگرن بۆ چالاکی‌یەکانیان، و دانانی تاکس لەسەر ئەو ژن و کچانەی کە پەچە لەسەر ئەکەن .

- یەکێتی ئەروپا : ئەگەر تورکیا قبوڵ کرا و بووە ئەندامی یەکێتی‌یەکە ئەبێت دەستبەجێ هۆڵەندا بکشێتیەوە.

- بۆ بێگانەکان ئەم پەیامەیان پێ‌یە: ئەبێت یان کار بکەیت یان هۆلەندا بەجێبهێڵە.

٣. لە سیاسەتی دەرەوەدا بەرژەوەندی هۆڵەندا لەبەرچاوبگیرێت

پارتی ئازادی پێ‌ی وایە کە ئەبێت دژایەتیکردنی ئیسلام لە سیاسەتی دەرەوەی هۆلەندا خاڵی سەرەکی بێت. هەر لەم ڕوەوە ئیسرائیل جێورێ‌یەکی تایبەتی هەیە. بەم شیوەیە لە پرۆگرامەکەیاندا هاتووە : " ئیسرائیل لە پێناوی ئێمەدا شەڕ ئەکات ، ئەگەر ئۆرشەلیم شکست بهێنێت ئەوا نۆرە دێتە سەر ئەسینا و ڕۆما". ئیسرائیل بەرەی سەرەکی‌یە لە پارێزگاریکردن لە ڕۆژئاوا. ئەوەی ئەگوزەرێت ناکۆکێیەکی ئایدیۆلۆژی‌یە نەک ناکۆکی لەسەر زەوی ، ناکۆکێیەک لە نێوان عەقلانیەتی ئەوروپای ئازاد و بەربەریزمی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی . پارتی ناوبراو پێ‌ی وایە ئەم خالانە بە پێوست ئەزانێت لە باشترکردنی سیاسەتی دەرەوەدا .

- ڕیگرتن لە بەرنامەی کۆمەک بە جیهانی سێ تەنها بۆ حالەتە هەرە زۆر پێویستەکان نەبێت ( مەبەست لە ڕووداوە سروشتی‌یەکانە ).

- لابردنی دەستەواژەی پارێزگاریکردن لە نیزامی دەولی لە دەستوری هۆلەندا.

- چاوگێڕانەوە بە ڕیکەوتنە نێونەتەوەیێەکانی هۆڵەندا.

- پارتی ئازادی هۆڵەندا پێ‌ی وایە کە هەر لە ساڵی ١٩٤٦ ەوە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دامەزراوە کە ئوردونی ئێستایە ، پێویستە لەمەودوا حکومەتی هۆلەندا، دەوڵەتی فەلەستین بەکاربهێنێت لە جیاتی ئوردون .

- گوێزانەوەی باڵوێزخانەی هۆلەندا لە ڕەمەت خانەوە بۆ ئۆرشەلیم .

دە خاڵی گرنگ

جگە لەمە بەرنامەی پارتی ئازادی ١٠ خاڵی تری سەرەکی تری تێدایە ، بۆ نمونە دیموکراتیزەکردن کە لە ژێر ئەم بڕگەیەدا باس لە ڕیگەگرتن لەو کەسانە ئەکرێت کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن لەوەی کە ببنە ئەندام پەرلەمان ، یان حکومی یان شارەوانی . لە بەشی پارێزگاری تەندروستیدا باس لە دامەزرادنی دە هەزار کەس ئەکرێ ، هەروەها باس لە هەنگاوەکانی ڕیگەگرتن لە بە ئیسلامکردنی بەشی تەندروستی ئەکرێت ( مەبەست لە فەرزکردنی لابردنی پەچەیە لەو بوارەدا یان دەرکردنی ئەو کەسانەی کە ئامادەنین پەجە لاببەن) . لە بەشی پەروەردەکردندا باس لە سرودی نیشتمانی هٶلەندا ئەکرێت کە ئەبێت ببێت بە ئیجباری لەگەڵ هەڵکردنی ئالای هۆڵەندا لە خوێندنگاکاندا . لە بواری ژینگەدا پارتی ئازادی پێ‌ی وایە کە ئەبیت کۆتایی بهێنرێت بەو دەنگانەی کە باس لە پیسبوونی ژینگە ئەکەن و پێ‌یان وایە ئەمانە هەموو هەڵبەستراون و لە بەرامبەردا باس لە دامەزراندنی زیاتری وێزگەی وزەی ئەتۆمی ئەکرێت.

سیاسەتی هۆڵەندا دیاردەی هاوپەیمانێتی پارتە سیاسی‌یەکانی تێدایە و ئەمجارەیان ئەبێت حکومەتێکی ئیتلافی لە سێ پارت پێک بهێنرێت ، ئەگەر پارتی ئازادی بەشدار بێت ئەوا ژمارەیەکی زۆری خالەکانی ئەو بەرنامەیە لەکاتی ڕێکەوتنەکانی لایەنەکانی حکومەتدا گوزەر ناکەن ، بۆ نمونە ئەگەرچی وڵدەرس پێشتر ڕایگەیاند کە مەسەلەی هێشتنەوەی تەمەنی یاسای بیمەی پیرێتی و خانەنشینی هەر لە ٦٥ ساڵیدا ئەمینێتەوە و مساوەمەی لەسەر ناکات بەڵام هەر یەک ڕۆژ دوای هەلبژاردنەکان ئامادەی دەربڕی لەگەڵ VVD و CDA حکومەت پێک بهێنێت کە هەردووکیان لە بەرنامەیاندایە زیادی بکەن بۆ ٦٧ ساڵی .

سەرچاوە : RNW

هونەرمەند هانی