کرێکاران و گەنجانی ئیسرائیل پەیوەست ئەبن بە شەپۆلەکانی شۆڕشەوە
بەشی دووەم - ١ ی ئۆگستی ٢٠١١ - نوسینی واڵتەر لیۆن و دانیال مۆرلی ، وەرگێرانی هاوپشتی : کامەران ئەحمەد
ئیسرائیل لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا کارەساتی دابەزینی ئاستی گوزەران و ژیانی بەخۆوە بینیوە. لە ماوەی ڕابردوودا تەنها سەرچاوەیەک کە چینی دەسەڵاتدار بۆ یەکێتی ناو وڵات بەدەستییەوە گرتبێت (دوژمنی دەرەکی) بووە.
قەیرانی سەرمایەداری ئیسرائیلیی
هەموو ئەو خاڵانەی کە باسمان کردن ئاماژەن بۆ قەیرانی سەرمایەداریی لە ئیسرائیل بێگومان هاوشانە لەگەڵ ئەو قەیرانەی کە لە جیهاندا ئەگوزەرێت. ڕاستی ئەوەیە کە ماوەی چەندین ساڵە بارو گوزەرانی ژیان لە ئیسرائیل بەرەو هەلدێر ڕوو ئەنێت. سالانێکە بێکاری ڕوو لەسەر ئەکات، پێداویستییانە(پێداویستی چینی سەرمایەدارە) کە چاوپۆشی لە گرفتەکانی ژیانی خەڵک بکەن، ئەمە بەتەواویی ئەو هۆکارەیە کە سیاسەتی ئیمپیریالیزم ئەیخوازێت. بە هیوان کە بتوانن دابەشبوونی چینەکان لە ئیسرائیل ڕووپۆش بکەن و وەهمی یەکێتی و یەکبوونی هەموو جولەکە لە بەرامبەر عەرەبدا دروست بکەن. بەڵام ئەمە لە کەسانێک کە ڕۆژانە دەرگیری ئەم گرفتانەن ناتوانرێت بشاردرێتەوە، هەر ئێستا خەڵک شێوازی ناڕەزایەتی و دەربڕینی خۆیان دۆزیوەتەوە و ئەمەش هەواڵیکی سەختە بۆ چینی دەسەلاتدار لە ئیسرائیل.
بێگومان داخوازی و داواکارییەکان بەهۆی ناوەرۆکی چینایەتییانەوە زۆر جەماورین. ڕۆژنامەی ئیسرائیلی ئەمڕۆ (Israel Today) ڕایگەیاند کە سەرباری ئەوەی کە ئاستی بژێوەی ئیسرائیل لە هەمان ئاستی ئەمریکاو زۆرێک لە ولاتانی ئەوروپایە بەڵام موچەی ئیسرائیلییەک تەنها نیوەی موچەی ئەمریکی یان ئەوروپییەکە. خۆپیشاندەران داخوازی دادپەروەیی کۆمەلایتین (social justice). نەوەی سێیەمی ئیسرائیلی لە ژێر هێڵی هەژارییەوە ئەژین، زیاد لە نیوەشیان عەرەبە ئیسرائیلییەکانن. ئەم ڕاستییە ئاماژەی یەکێتی خەباتی عەرەب و جولەکەکانە دژ بە چینی دەسەڵاتدار. بێرنارد ئەڤیشای بۆ کەناڵی العربیە ئاماژەی بە چەند فاکتەری جیاوازو دژ بەیەکی ئابوری لە پێکهاتەی کۆمەڵگای ئیسرائیل دا :
- یەک لەسەر شەشی بودجەی حکومەت بۆ سیستمی پارێزگاریی و کڕینی چەک و تەقەمەنی بەکار دەهێنرێت. خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە بەردەوامی ڕوو لە پاش ئەکەن.
- سیستمی خزمەتگوزاری تەندروستی لە تەنگژەدایە بەهۆی کەمی لە پشتگیریی حکومەت، هەروەها ڕێکخراوەکانی بواری تەندروستی ناتوانن موچەی بژێوەی دکتۆرەکانیش دابین بکەن ، ماوەی دوو مانگە دکتۆرەکان دژ بەم بارودۆخە ناڕەزایەتی دەردەبڕن . موچەی دکتۆرە گەنجەکان بەڕاددەی موچەی بەخێوکەری منداڵ یان کەمترە.
- ٢٠% ی نزیک بە ٥٠٠ گەورە کەمپانیای ئیسرائیلی لە ژێر چنگی تەنها شانزە خێزاندایە لە نمونەی ئۆفەر، دانکنێر، ئاریسۆن، تشوڤا، ... ژمارەیەکی کەمی خێزانەکان سەرگەرمی کەڵەکەکردنی بێئەندازەی داهەتەکانن، مۆنۆپۆلی بانک و چەندین بواری گرنگی ژیانیان کردووە لەوانە هێڵی تەلەفون ، خواردەمەنی، میدیا و چەندین بواری تر.
ئەم هەلومەرجە سەختانە بوونەتە جێگای مەترسی لێکدەرەوە بۆرژوازییەکان کە هەموو ئەم دژ بەیەک و ناکۆکانەش هەست پێ ئەکەن، ڕێکخستنی بایکۆتی پەنیری کۆتاژ * لە ڕێگای فەیسبوکەوە کە هەنگاوێکە لەو مەیدانەدا تەنانەت بووەتە بزواندنی کۆنسێرڤاتیڤێکی وەک دەیڤد هۆرۆڤیتز لە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست :" شۆڕش لایەنێکی لەبیرکراوی ئابوری ئیسرائیل ڕۆشن ئەکاتەوە. ئەو بەشانەی کە ماوەیەکی دوورودرێژە پشتگوێ خراون. ئەو ئیسرائیلییانەی کە ناشتوانن لە پلیکانەی هەرە نزمی عەقار نزیک ببنەوە. ئەو ئیسرائیلییانەی کە ئاوابوونی سیستمی تەندروستی بەبەرچاویان ئەگوزەرێ لەوە تێگەیشتوون کە لەگەڵ داڕووخانی سیستیمی تەندروستیدا چیتر ناتوانن لە خزمەتگوزاری تەندروست تایبەتی بەهرەمەند بن. ئەو ئیسرائیلییانەی کە منداڵەکانیان ناتوانن لە خوێندنێکی شایستە بەهرەمەند بن و لەگەڵ کەمی پێداویستییەکاندا خوێندنەکانیان تەواو بکەن، ئەو ئیسرائیلییانەی کە ئەگەر بە دڵ و گیانیشیان ڕۆژانە کار بکەن و زیاد لە کەسێک لە خێزانەکەیان کار بکات ناتوانن پارەی تەواوی پێداویستییەکانی مانگانە دابین بکەن. ئەو ئیسرائیلییانەی کە ئەگەر بازاڕی ڕۆژانەشیان بکەن ئیتر لەوە تێگەیشتوون کە پەنیری کۆتاژ بووە بەرهەمێکی دەگمەن و گرانبەها کە ناتوانن لێی بەهرەمەند بن".
ئەو ڕۆشنە کە ژمارەیەک لە سەرمایەداران لەوە تێگەیشتوون کە داڕمانی ئابوری ئەبێتە هۆکاری ناجێگیری زیاتر ، هۆرۆڤیتز بەردەوام ئەبێت و ئەڵیت " ژمارەیەک لە خاوەنکار و سیاسەتمەداران تا ئێستاش لە دەرەوەی بازنەی هەستکردن بەو کێشەو دەرگیرییانەن کە ڕۆژانە خەڵکانی ئاسایی بەرەو ڕووی ئەبنەوە، بە ڕاستی لەوە تێنەگەیشتوون کە هۆکاری بەڕێوەچوونی ئەم هەموو نارەزایەتییانە کامانەن ..." بایەخپێدانەکە لێرەدا زۆر ڕۆشنە: "سیاسەتمەدارانی ئیسرائیلی بێ توانان لە ئەنجامدانی ئەو داخوازییانەی کە سەرمایەداری ئیسرائیلی ئەیخوازێت".
کرێکاری زایۆنیزم و گەشەی دەوڵەتی ئیسرائیلیی
ئەگەرچی قەیرانی ئابوری سەراپاگیرە و جیهانییە، بەلام لێرەدا چەند هۆکارێکی نێوخۆیی هەن کە کاریگەرییان بووە لە پێشکەوتنە مێژوویییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا. لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ئایدیۆلۆژی "کرێکاری زایۆنیزم" باوبوو، کە ڕەنگدانەوەی هاوپەیمانیەک بوو لە نێوان نەقابە کرێکارییەکان ،ڕێکخراوە هەرەوەزییەکانی کشتوکاڵیی. دەوڵەت و سەرمایەدران پێکەوە. فۆرمێکی داڕێژراوی بۆرژوازییە - ناسیۆنالیستەکان بوو بۆ ڕازیبوون لەسەر دابینکردنی هەلومەرجی ژیان و کاکردنی باشتر بۆ کرێکارانی جولەکە لە چاو عەرەبەکان. بنەمای سەرەکی ئەم ئایدیۆلۆژییە پەیوەست بوو بە کاریگەرییەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم ، ئاستی بەرزی خوێندن لە نێوان کرێکارە ئسیرائیلییەکان و هەستی نەتەوایەتی کە لە هۆلاکۆستەوە سەرچاوەیان گرتبوو. ئەم فاکتەرانە بوونە هۆکاری گەشەکردنی بێئەندازەی هێزی بەرهەمهێن لە ئیسرائیل، ئەوەی کە سەرمایەداری ئیسرائیل ئەتوانێت تا ڕاددەیەک هەلومەرجێکی کارکردنی گونجاو بۆ کرێکارانی جولەکە دابین بکات.
ئەم فاکتەرانە توانیان بۆ ماوەیەک هەلومەرجێکی گونجاو و باش بۆ کرێکاران دابین بکەن ، و بۆرژوازیش سوودمەند بێت لە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی. بەڵام ئەمانەش کۆتاییان هات ،ئەو کاتانەی کە سەرمایەداری بە بنبەست گەیشت لە ساڵەکانی ١٩٧٠ ەوە، ئەو کاتانەی کە لە وڵاتێکی بچوکدا سەرمایەداری بێتوانا ئەبێت لە دابینکردنی بژێوییەکانی خەڵک. لە ساڵی ١٩٧٧ دا بۆ یەکەم جار هاوپەیمانی (کرێکار- زایۆنیزم ) هەرەسی هێنا و لیکوید حکومەتێکی بۆرژوازی بە بەرنامەیەکی کلاسیکی کۆنسێرڤایڤانەوە دامەزراند. کەمپانیا دەولەتییەکان فرۆشران بە کەرتی تایبەت، خاڵەکانی هاوپەیمانی هەڵوەشانەوە، جێگای کرێکارە نەقابییە هاوپەیمانەکان بە کرێکارانی نوسینگەکانی کاکردن ( کە زۆربەیان فەلەستینی بوون ) گیرانەوە و بەمەش کۆتایی بە ژیانی هێزی کاری زایۆنیزم هات.
ئیسرائیل لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا کارەساتی دابەزینی ئاستی گوزەران و ژیانی بەخۆوە بینیوە. لە ماوەی ڕابردوودا تەنها سەرچاوەیەک کە چینی دەسەڵاتدار بۆ یەکێتی ناو وڵات بەدەستییەوە گرتبێت (دوژمنی دەرەکی) بووە. ئەمە بەتەوای ئەو بارودۆخەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو چۆن حکومەتە یەک لەدوایی یەکەکانی ئیسرائیل هەوڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمە عەرەبییەکان ئەدەن کە هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ درێژەدان بە ناکۆکییە سەربازییەکان. ئەمڕۆ زایۆنیزم بە هەمان پێناسەی لینین بۆ سەرمایەداری ترسێکە بێ کۆتایی.
بەڵام بێگومان ئەمەش ئاستی دیاریکراوی خۆی هەیە، شۆڕشی عەرەب کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بەسەر ئیسرائیلەوە. پروپاگەندەی بێمانای دەوڵەت کە عەرەبەکان وەک بکوژ و لەناوبەری ئیسرائیل وێنا ئەکەن لەم ڕووداوانەدا بە هەوادا چوون. تێروانینەکانمان بە تەواوی سەریان هەڵدا- ئیسرائیلییەکان لەسەر هەمان ڕێچکەی برا عەرەبەکان هەنگاو ئەنێن و دەستیان بە شەڕ لەگەڵ ڕژێمێکدا کردووە کە مەترسییەکی گەورە و سەختە بۆ زۆرینەی جەماوەری خەڵک. ماوەی چەندە کە فەلستینییەکان ڕاپەڕیون؟ ئێمەش هەمان پێشنیارمان هەیەو لێی ناوەستین.
ئاسۆکانی خەبات
ترۆتسکی پێشتر وتی کە هەواڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەرمایەداری جولەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانەیە ببێتە تەڵەیەک بۆ جولەکەکان. ئەم ئەگەرە بە تەواوی ڕاست دەرچوو. ئیمپریالیزمی ئەمریکی، فەڕەنسی و بەریتانیانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیان دابەش کرد تا بتوانن حوکمیان بکەن. بایەخی مێژووی لە شۆڕشی عەرەبدا ئەوەیە کە سەراپا دژ بە تاوان راپەڕیون، بەڵام بە دڵنیایییەوە ئیمپریالیزم لە هیچ شتێک زیاتر بە ئەندازەی ڕاپەڕینی کرێکارانی جولەکە بە یەکێتی لەگەڵ کرێکارانی عەرەب دژ بە سەرمایەداری لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا ناترسێت.
ڕاستی ئەوەیە کە دەوڵەتە دروستکراوەکانی ناوچەکە تەنها بە ئامانجی لاوازکردنی شۆڕشی دژی ئیمپیریالیستی لە ناوچەکەدا دروست بوون. بزووتنەوەیەکی بەرین و ڕێکخراوی لەم چەشنە ناتوانێت یارمەتیدەر بێت بەڵکو پاڵ بە عەرەبەکان و ئیسرائیلییە هەژارەکانەوە ئەنێت تا بە ڕیزەکانییەوە پەیوەست بن. بێگومان ژمارەیەکی زۆری ئەو خۆپیشاندەرانەی کە خوازیاری کرێی هەرزانی جێنشینن لە عەرەب و ئەو کۆچکردووە تازانەن کە لە مەغریب و ڕوسیا و ... ەوە هاتوون . بە پێی ڕۆژنامەی هاریتێز ناڕەزایەتییەکان بە بەشداری عەرەب و جولەکە لە نەزارێس رووی داوە. ئەوە ئیتر ڕوونە کە داخوازی کرێی جێنشینیی هەرزان نەک بە دامەزراندنی کۆمەڵگا نوێیەکان بەڵکو بە دابینکردنی خانووە سۆسیالەکان(هەرزان) لە شارەکاندا ئەچێتە پێش.
بزووتنەوەکە بە بەرینی خوازیاری بەڕێخستنی خۆپیشاندانەکانەو هەر ئێستاش لە هاوپشتی هیستادروت بەهرەمەندە و ڕایگەیاندووە کە هەموو تواناکانی خۆی لەو بوارەشدا ئەخاتە گەڕ. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ڕێکخراوە بەرینەکانی چینی کرێکار سەر تا خوار دێنە مەیدان لە بزوتنەوەیەکی بەریندا کە هەر ئێستا ئەوروپا و جیهانی داپۆشیوە، ئەوە ڕۆشن ئەبێتەوە کە چەند ڕێکخراوی گرنگ و بە بایەخن کە چینی کرێکار ئەتوانێت لە ڕێگەیانەوە کۆمەڵگا بگۆڕێت، ئەمە وڵامی هەموو ئەو نادروستیانە ئەداتەوە لە لایەن چەپەوە سەبارەت بە بایکۆتی نەقابە کرێکارییەکانی ئیسرائیل بەیان ئەکرێت ، کە لە بنەڕەتدا بە مانای بایکۆتکردنی چینی کرێکارە، کاتێک کە چینی کرێکار بە ڕوویەکی شۆڕشگێڕییەوە لە ئیسرائیل دێتە مەیدان و ئەبزوێت ڕێکخراوەکانیشیان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
ئەوانەی کە باس لە پێکدادان و لێکهەڵپژانی شارستانییەکان ئەکەن دەمیان داچەقی کاتێک بینییان کە کریستنەکان هاوشانی موسڵمانەکان ئەجەنگان لە شۆڕشی میسردا. شۆڕش، ئەمە ئەو ساتە شۆڕشگێرانەیە کە هەموو شتێک پێچەوانە ئەکاتەوە. کۆمەڵگا سەر تا خوار ڕائەوەشێنێت. هەموو شتە کۆنەکان لەناو ئەچن، ئەمە بە دروستی ئەوەیە کە هەر ئێستا لە ئیسرائیلدا ئەگوزەرێت. لە بڵاوکراوەی مەعاریف ی ئیسرائیلی گاڵتەئامێزانە باس لە پشبەستنی تەنهای ناتانیاهۆ کرا بە پڕوپاگەندەی ترسی دانیشتوانی جولەکە لە جیهانی عەرەب، بە بێ ترسێکی لەم چەشنە نە ناتانیاهۆ و نە چینی دەسەلاتداری بۆرژوازی ناتوانن چیتر حوکمی خەڵک بکەن و لە چەوساندنەوەی خەڵک سوودمەدن بن. کێشە ئەوەیە کە پێشکەوتنەکانی شۆڕشی عەرەب ستراتیژێکی لەم چەشنە بێ بایەخ کرد. وێنایەکی لەو چەشنە کە هەموو دنیای عەرەب ئەیانەوێت ئیسرائیل تێک بشکێنن چیتر بازاڕی نامێنێت.
لە کاتێکدا ئەو قەیرانە هەڕەشەی کۆتایی هێنان بە حوکمی ناتانیاهۆ ئەکات، بەڕیوەبەری گشتی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند کە ناتانیاهۆ لە هەوڵی بەستنی کۆبوونەوەی کۆمیتەی بایەخدانی(تەرکیز) ئابوریدایە تا ڕاددەیەک کۆنترۆڵی باورودۆخەکە بکاتەوە، بەڵام لە ژێر فشاری خەزێنەی دەوڵەتدایە . هارێتز رونتری ئەکاتەوە " سەرباری بەڵینەکانی ناتانیاهۆ بە چاکسازی بەلام ناکۆکییەکانی نێوان خەزێنەی دەوڵەت و نوسینگەی سەرۆکوەزیران هەروا درێژەی هەیە، لە هەفتەی ڕابردووەوە خەزێنە ڕێگری خستتە بەردەمی هەنگاوەکانی ناتانیاهۆ لە مەسەلەی نیشتەجێبووندا لەوانە کۆمەککردن بە بەڵیندەرەکان بۆ هاندانیان لە دروستکردنی یەککەی نیشتەجێبوونی هەرزان بۆ خەڵک، هەروەها گۆڕینی ئەو نوسینگانەی کە لە شوققەکاندا هەن بۆ شوێنی نیشتەجێبوون . خەزێنەی دەوڵەت پیی وایە کە هەنگاوی لەم چەشنە تەنها هاندانی خۆپیشاندانەکان ئەدات و نوسینگەی سەرۆکوەزیرانیش پێیان وایە کە خەزێنەی دەوڵەت بە باشی بارودۆخەکەیان تاووتوێ نەکردووە.
لەپەلوپۆکەوتنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و دابەشبوونیان یەکێک لەو چوارە فاکتەرە سەرەکییەیە کە لینین لە چوونەپێشەوەی شۆڕشیکی سەرکەوتوودا باسیان لێوە ئەکات. ئەمە جگە لەوەی لە چینی کرێکار هەر ئێستا ئامادەیە خەبات و تێکۆشان بکات - مەرجی دووەم- هەروەها مەرجی سێیەمیش بریتییە لە ڕاڕایی چینی مامناوەند لە نێوان هێزی شۆڕشگێر و دەوڵەتدا. بێکاری و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک لە بازاڕەکاندا سەرباری چینی کرێکار چینی مامنەوەندیشی دەرگیری باردوخێکی خراپ کردووە. ئەوەی جێگای قبوڵ جەماوەر نییە نییە ئەوەیە کە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ کۆمەڵگاکانی نیشتەجێکردن تەرخان کراون کە وەک بارگرانییەک وایە بەسەر شانی خەڵکەوە، ئیسرائیل هەر ئێستا هاوشان لەگەڵ قەیرانی سەرمایەداری جیهانی پێ ئەنێتە قەیرانێکی سەرپاگیرەوە و لەگەڵیشیدا زایۆنیزم.
بێگومان مەرجی چوارەمی لینین کە کلیلە مەرجە - بوونی حزبێکی پێشڕەو و ڕابەرایەتیەکی کرێکارییە کە بتوانێت سەرجەم بزووتنەوەکە یەکبخات بۆ لەناوبردنی سەرمایەداریی. گەشەی مێژوویی دەولەتی ئیسرائیل کە پێشتر ئاماژەمان پێدا هیستادروتی بە هەزاران دەزوولەوە بە خۆوە گرێداوە و ڕابەرایەتیەکەی لە چەندین بڕگەی مێژوویدا خەباتی ئەم چینەی لە چوارچێوەیەکی تەسکدا قەتیس کردووە ولە ناوەرۆکی سیاسییانەی خۆی دایماڵیوە. لەگەڵ ئەمەشدا بڕوامان وایە کە یەکێتییە بیرۆکراسییەکانیش لە بڕگە مێژوویییە گەورەکاندا ڕائەچڵەکن وەک ئەوەی ئێستا لە ئیسرائیلدا ڕوو ئەدات. ئێمە ئەوە باوەڕە سکتاریستییە ڕەد ئەکەینەوە کە بایکۆتی گشتی ڕیکخراوەکانی کرێکاران ئەکات لە ئیسرائیل، کرێکاران هەوڵ ئەدەن بۆ گۆڕینی هیستادروت و رێکخراوەکانیان، وەک هەنگاوی یەکەم ئەوە گرنگە کە هیستادروت بانگەوازی مانگرتنی گشتی بکات بۆ ڕوخاندنی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ کە مەسەلەیەکە خەباتی ڕێکخراوی چینی کرێکار دژ بە سەرمایەداری گوژم پێئەدات.
لە کۆتاییدا کێشەکانی جەماوەری ئیسرائیل و فەلەستین یەک چارەسەریان هەیە - ئەویش فیدراسیۆنێکی سۆسیالستییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
* کەمپیەنێکە لە سەرەتای جوڵاییەوە راگەیەندراوە بە مەبەستی دابەزینی نرخی پەنیرەکە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە بە بڕی ٣٩ لەسەدا زیاد کردووە، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی راگەیاندنیدا زیاد لە ٧٥ هەزار کەس پێوەی پەیوەست بوون.

