کرێکاران و گەنجانی ئیسرائیل پەیوەست ئەبن بە شەپۆلەکانی شۆڕشەوە
بەشی یەکەم - ١ ی ئۆگستی ٢٠١١ - نوسینی واڵتەر لیۆن و دانیال مۆرلی ، وەرگێرانی هاوپشتی : کامەران ئەحمەد
نەبوونی ڕابەرایەتییەکی سەرتاسەری کە هەموو ئەو هەوڵ و خەباتەی کرێکاران پێکەوە گرێبدا خاڵێکی لاوازی بزووتنەوەکەیە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سەرمایەداری، بەڵام فشار لە هەڵکشاندایە و هەر ئێستا گەیشتۆتە خاڵی شلۆقی خۆی و روداوەکانی ناوچەکە ئیسرائیل بەرەو دەورانێکی نوێ ئەبەن.
دواین هەواڵەکان لە ئیسرائیلەوە ئەوە ڕائەگەیەنن کە کرێکارانی شارەوانیش پەیوەست بوون بەو شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنە یەکڕۆژییەی کە سەرجەم وڵاتی گرتۆتەوە، هەنگاوێکی بەرچاو و جێی ئاماژەپێکردنە کە بزووتنەوەی بەهێزی کرێکارانی پیشەسازی هاوشان لەگەڵ بزووتنەوەی بەهێزو بەرینی خەڵک و گەنجان کە ئێستا وڵاتی داپۆشیوە ئەچێتەپێش. لە ڕووداوێکی کەموێنەدا کە بە درێژایی دەیان ساڵە لەو ووڵاتە ڕووی نەداوە.
ڕووداوەکانی ئێستای جیهان بە خێرایی برووسکە ئەچن و هیچ شتێک لە پاش خۆی جێناهێڵیت لەو کاتانەی کە باوەڕی شۆڕشگێرانە سەرتاپای جیهان ئەتەنێت ، یەکێک لە نوێترین ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی شەپۆلی توڕەیی خەڵک ئەبێتەوە، کە پێدەچێت بۆ زۆرێک لە خوێنەرانمان جێگای سەرسوڕمان بێت ئیسرائیلە.
ماوەی ساڵانێکی زۆرە کە چەندین بابەتمان لەسەر تێکشکانی شیرازەی بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی چینی کرێکار نوسیوە. هەر ئەو کاتانە ڕامانگەیاند کە درەنگ بێت یان زوو بارودۆخەکان ئەتەقنەوە. ئیسرائیل نەک وەک نەتەوە بەڵکو وەک چینەکان دابەش ئەبێت. هیچ وڵاتێک ناتوانێت خۆی لەم قەیرانە ئابورییەی سەرمایەداری قوتار بکات. لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە چوونە پێشەوەی بزووتنەوەی بەرینی خەڵک، نەک تەنها ئەگەرێک بەڵکو لەهەمان کاتدا پێداویستیەکیش بۆ چارەسەرکردنی گرێکۆڵەی لەمێژینەوەی عەرەب و جولەکە لە ئیسرائیل و فەلەستین ئەهێنێتە پێش. ئێمە هاوشان لەگەڵ خەباتی کرێکارانی عەرەب و جولەکە ئەوەستین دژ بە دەوڵەتی زایۆنیزم.
پێشڕەوییەکانی شۆڕش لە ئیسرائیل
ئەوە ڕۆشنە کە سەرهەڵدان و چوونە پێشەوەی بزووتنەوەی بەرینی خەڵک ئیلهامی خۆی لەو بزووتنەوەیە بەرینە وەرگرتوە کە لە هەریەک لە جیهانی عەرەب و و دواین ناڕەزایەتییەکانی ئەوروپاوە ڕووئەدەن. لە ناڕەزایەتییەکاندا ناوەکانی " موبارەک ، ئەسەد و ناتانیاهۆ " لەتەنیشت یەکەوە ڕیزکرابوون، ئیتر چینی کرێکار لەوە تێگەیشتووە کە هەموویان یەک بەرژەوەندییان هەیە. خێوەتگاکان دژ بە حکومەتی ناتانیاهۆ کە هۆکارە و بێباکە لە بەرامبەر تێکچوونی بارودۆخی خەڵکی ئیسرائیل لە چەند شاردا دانران، بە تایبەتی لە تەل ئەڤیڤ.
ئەم بزووتنەوەیە بەخێرایی پەلی کێشا و بووە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان، لە وڵاتێکی ٧-٨ ملیۆنیدا لەیەکەم هەنگاودا نزیک بە ١٥٠ هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان ، داخوازییەکانی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەندە جەماوەرییە کە ٨٧ لەسەدی هاوپشتی سەرجەم خەڵکی بۆ خۆی دابین کردووە. بەپێی ئاماری ماڵپەڕی گلۆبی ئیسرائیلی (Globes) بە شێوەیەکە کە ڕێکخەرانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیشی سەرسام کردووە.
سەرەتا خۆپیشاندان لە پێنج شاردا ڕاگەیەندرا بەڵام دواتر تەشەنەی کرد بۆ دەیان شاروشارۆچکەی تر لەوانە " ئۆرشەلیم، حەیفا، بەرشیفا، ئاشدۆد، ئاشکیلۆن، کریات، شمۆنا، موودین ، ڕانانا، نەزارێتس، لە تەل ئەڤیڤ زیاد لە پەنجا هەزار کەس لە مەیدانی هابیماوە ڕێپێوانیان سازدا بەرەو مەیدانی مۆزەخانەی شار، ئەمە لە کاتێکدا کە هەفتەیەک لەوەپێشیش هەمان ڕیپێوان بە ئامادەبوونی ٢٠-٣٠ هەزار خۆپیشاندەر بەڕێوەچوو.
پەرچەمەکانی وەک " خەڵک خوازیاری دادپەروەریی کۆمەلایەتییە" ، "بیبی بڕۆ ماڵەوە" ، "دادپەروەریی کۆمەڵایەتیمان ئەوێت نەک ڕێکخراوە خێرخوازییەکان" لە ناڕەزایەتییەکاندا بەرچاو ئەکەوتن. بەپێی ڕای گشتی لە ئەوروپا لە سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئیسرائیل ، بە داخەوە لە نێو چەپەکانیشدا وا بڵاوە، کە ئیسرائیلییەکان هەر هەموویان بێ جیاوازی بەهرەمەندن لە ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزارانی و سوودمەندن لە چەوساندنەوەی خەڵکی فەلەستین.
لەوانەیە کەسانێک وا بیربکەنەوەکە ئەم بزووتنەوە بەرینە کە پشتیوانی زۆرینەی جەماوەری خەڵکی لەگەڵدایە دژ بە ناتانیاهۆ بەهەمان شێوە دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی فەلستین بێت، نەخێر ئەمە وا نییە. ئەم بزووتنەوەی خوازیاری ڕووخانی حکومەتە زایۆنیستییەکەی ناتانیاهۆیە. داخوازییەکان بەم شێوەیە بەیان کراون:
- هەوڵدان بۆ دابەزینی نرخی خانووبەرە( ماوەی چەند ساڵیکە کە ساڵابە بەڕێژەی ٢٠% لە بەرزبوونەوەدا بووە )
- خوێندن ئەبێت بەخۆڕایی بێت لە تەمەنی منداڵییەوە ( ژمارەیەکی زۆری دایکان ناچارن کە بەسەختی کار بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی مندالەکانیان).
- نرخی شتومەک و خواردەمەنی ئەبێت کۆنترۆڵ بکرێت، نرخی گازوایل ئەبێت کەمبکرێتەوە ( لە ئیسرائیل نرخی گاڵۆنێک بەنزین بە هەشت دۆلارە).
- چوونەسەری موچە و مانگانەی کرێکاران ، پۆلیس، کرێکارانی ئاگرکوژێنەوە، دکتۆر و پەرستارەکان ، کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری گشتی ( موچەی ژمارەیەکی زۆری خەڵک تەنها بەشتێکی یەکجار زۆر کەم لە سەروو ئاستی نزمەوەیە)
دەفنی لایف یەکێک لەو ڕێکخەرانەی کە بانگەوازی بۆ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان کردبوو بە گلۆبی (Globes) ڕاگەیاند کە " وا پێدەچوو کە چاوچنۆکی و خۆپەرستیی دوو کاراکتەری ناسیێنەرەوەی کۆمەڵگای ئیسرائیل بن، بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە ئاشنای کاراکتەرێکی تری ئیسرائیل بووین " شۆڕشەکەمان شۆڕشیێکی هۆشمەندانەیە، لە پاڵ ئەو مافانەدایە کە ئەبێت لێی بەهرەمەند بین ، ئێمە نامانەوێت حکومەت بگۆڕین بەڵکو بنەماکانی یاریکردنەکە"
تریشقەیەک لە ئاسمانێکی شین و ڕووندا؟
ئەو ڕووداوە گرنگانە کە هەر ئێستا لە ئیسرائیلدا ڕوو دەدەن لەوانە بۆ کەسانێک وەک تریشقەیەک لە ئاسمانێکی شین و رووندا بن. نووسەرانی سەرمایەداریی کە بێتوانا بوون لە پێشبینیکردن بە سەرهەڵدانی شۆڕشی دنیای عەرەب بەهەمان شێوە سەرسامن بە دیمەنەکانی هاتنە پێشەوەی کرێکاران و گەنجانی ئیسرائیل. بڕیار بوو ئەمە لە ولاتێکی جێگیر و پێشکەوتوو و ڕۆشنبیری وەک ئیسرائیل ڕوو نەدات. بەبڕوای ئەوان وادێتە بەرچاو کە ئیسرائیل هاوپشتێکی گرنگی ئیمپریالزمی ئەمریکایەو بەوشیوەیەش کرێکاران دەبوایە هاوپشتی لە دەوڵەتی خۆیان بەرامبەر بە عەرەبی" دوژمنی هاوبەشیان" بکەن! . نەدەبوو بە ڕیزی ڕێکخراوی هەزارییەوە بڕژێنە سەر شەقامەکان و لەوانەش گرنگتر نەدەبوایە داوای ڕووخانی حکومەتەکەی خۆیان و سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهۆیان بکردایە !
کەوایە ئەوەی ڕوو ئەدات چییە؟ لێکدانەوەکانمان لەسە بنەمای شۆڕشی عەرەب بەوشیوەیە بوو، لەژێر ڕووکەشی هێمنانەی کۆمەڵگەدا فشاری توند لە نێو کۆمەلگای عەرەبدا ڕووی دا ، ئەم فشارانە گەیشتنە ترۆپکی خۆیان و تەقینەوە، ئیسرائیل لەم لێکدانەوەیە بەدەر نییە، لە ڕاستیدا ئیسرائیلیش ماوەی چل ساڵە بەرەو ئەو ترۆپکە هەنگاو ئەنێت، شۆرش لە باکوری ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بەرە خاکی ئیسرائیل ڕێی گرتە بەر.
ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی کرێکاران و گەنجانی ئیسرائیل زۆر بە دەگمەن لە میدیاکانی سەرمایەداریدا باسیان لێوەکرا. ئەکرێت لە کەسانێک ببوردرێن کە پێیان وابێت خەباتی چینایەتی لە ئیسرائیلدا ناگوزەرێت بەلام بێشک بە هەڵەدا چوون. لەراستیدا تەنها لەمساڵدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان ژمارەی پێوانەیییان شکاندووە . بەهەمان شێوەی بەریتانیا و ئەمریکا غیابی ( نەبوونی ) ڕابەرابەیەتیەکی شەڕکەری بزووتنەوەی کرێکاریی سروشتێکی پارچەپارچە و ناتەوایی بە پرۆسەکە بەخشیوە ، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لە مەیداندایەوەو بوونی هەیە.
لە جەنیوەری ئەمساڵدا مانگرتنی سێ ڕۆژەی زیاد لە ٢٥٠٠ کرێکاری بەندەرەکان لە حەیفا، ئاشدۆدو ئیلات ڕوویان دا کە بوونە چونەسەری موچەکان بە ڕێژەیەکی کەمی ٣% . لە کۆتایی هەمان مانگدا ناڕەزایەتی پەرستارەکان دەستی پێکرد نەک تەنها بۆ زیادکردنی موچە بەڵکو بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغییانەی کە لە نەخۆشخانەکاندا هەن. بەپێی ئامارەکانی هارێتز لە کۆی ١٢٨ نەخۆشخانەی گشتی لە سەرجەم وڵاتدا توانای لەخۆگرتن لە هەفتەی ڕابردوودا لە ١٠٥% ەوە هەڵکشاوە بەرەو ١٠٨% کە ئەمەش ئەبێتە دروستبوونی قەرەباڵغی زۆر لە نەخۆشخانەکان و ژمارەیەک لە نەخۆشەکان ناچارن لە ڕاڕەوەکاندا بمێننەوە. ئەم مانگرتنە وەزیری تەندوستی ناچار کرد کە جێگای زۆرتر بۆ نەخۆشەکان دابین بکات.
لە کۆتایی مانگی حەوتدا ئەو ستافەی کە لە وەزارەتی دەرەوە کار ئەکەن گەڕانەوە سەر کارەکانیان پاش ئەوەی لە مانگی دیسەمبەری پارسالەوە بۆ زیادکردنی موچەو باشکردنی هەلومەرجی کارکردنیان دەستیان داوەتە خەبات. خەباتی ئەم بەشە کە ڕاستەوخۆ بەشیکی گرنگن لە ماشێنی دەوڵەت هەڕەشەی بەردەوامی لەسەر چینی دەسەلاتدار داناوە ، کاریگەرانە ڕۆڵیان هەبووە لە پەکخستنی سەردانی ئەنجیڵا مێرکڵ ، ئەمە جگە لەوەی ئەم پۆستانە دەرخەری ڕووی ئیسرائیلن بە جیهانی دەرەوە. ئەم ستافە لە کۆتایی ناڕەزایەتیەکانیاندا گەیشتن بە بەشێک لە داواکاریەکانیان.
ئەم زنجیرە لە ناڕەزایەتی تەنها لە مانگی یەکدا ڕوویان نەدا ، بەڵکو لە مانگی فێبریوەریش شایەدی مانگرتنی کرێکارانی خزمەتگوزاری گشتی بووین بۆ چوونەسەری مووچە و هەلومەرجی کاکردن. هەروەها یەکێتی گشتی کرێکاران لە ئیسرائیل (Histadrut ) خوازیاری کەمکردنەوەی تاکسە (باج) لەسەر سوتەمەنی، ئاو و نان، هەروەها خوازیاری زیادکردنی موچەی مانگانەو کەمکردنەوەی کرێی نیشتەجێبوونە. سەرۆکی یەکێتییەکە ئۆفەر عەینی هەڕەشەی کرد کە لە کاتی وەڵامنەدانەوە بە داواکارێیەکانیان ئابوری ئیسرائیل پەک ئەخەن، هەروەها شلۆمۆبۆهبۆت سەرۆکی شارەوانی مەعالوت تەرشيحا داوای بە نیشتمانیکردنی کەمپانیاکانی ئاوی کرد لە ئیسرائیل.
بێگومان هیستادروت بانگەوازی دەستکێشانەوەی لە مانگرتنەکە راگەیاند لە پێناو چەند تەنازولێکی کەمدا - وەک پیشەی هەمیشەیی هەر یەکێتیەکی کرێکاریی بیروکراسی کە خزمەتگوزاری پایەکانی چینی سەرمایەداری دەکات بۆ مانەوەی بارودۆخی ئێستا ، بەڵام ئەوەی کە سەرەتا ناچاربوون کە هەڕەشەی مانگرتن ڕابگەیەنن بەهێزیی و فشاری ئەو بزووتنەوەیەمان بۆ دەرئەخات کە هەر ئێستا لە ناوچەکەدا ئەگوزەرێت.
لە مانگی مەییشدا شایەدی خەباتی سەختی کرێکارانی هێڵە ئاسنینەکان بووین، بەرپەرچی بڕیاری دادگایان داوەیەوە و خوازیاری گەڕانەوە سەر کارەکانیان بوون. لە درێژەی مانگرتنەکاندا سەرۆکی یەکێتییەکە گیلا ئەدەری (Gila Ederi) دەستگیر کرا لە خۆپیشاندانێکدا لە نزیک ماڵی سەرۆکی کەمپانیای هێلی ئاسنین ، کرێکاران دژ بە تایبەتکردنی تۆڕی هێڵی ئاسنین لە ئیسرائیل خۆپیشاندانیان سازکردبوو. بە دوای خۆپیشاندانەکاندا ئەدەری و نۆ ڕابەری تری کرێکاری ئازاد کران ، خەبات دژ بە فرۆشتنی خزمەتگوزارییەکە گشتییەکان بە کەرتی تایبەت هەروا درێژەی هەیە.
ئەم ناڕەزایەتییانە کە هەندێکیان سروشتێکی (کاراکتەرێکی) زۆر سیاسییانەن هەیە ڕەنگدانەوەی ئەم خەباتە چینایەتییە پچڕ پچڕ و بەردوامەیە کە بەدرێژایی ئەمسالانەی دوایی لە مەیداندا بووە. ئەم ناڕەزایەتییانە تەنها لە چوارچیوە پیشەسازییەکاندا نەبووە. هەروەکو لە راپۆرتی ساڵی ٢٠٠٨ دا ڕامانگەیاند لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠٠٨دا لە تەل ئەڤیڤ پارتی کۆمۆنیستی کاندیدی وەک دۆڤ هانین ییەوە بەخۆیەوە بینی کە ٣٤ % ی دەنگەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد. هانین ئەو کەسەی کە خوازیاری مافی یەکسانە بۆ کرێکارانی عەرەب و جولەکە. ئەم پشتگیرییەی کە بەدەستی هێنا تەنها لە هەولەکانیدا بوو بۆ دابینکردنی شوێنی گونجاو بۆ ژیان و کاری کرێکاران.
نەبوونی ڕابەرایەتییەکی سەرتاسەری کە هەموو ئەو هەوڵ و خەباتەی کرێکاران پێکەوە گرێبدا خاڵێکی لاوازی بزووتنەوەکەیە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سەرمایەداری، بەڵام فشار لە هەڵکشاندایە و هەر ئێستا گەیشتۆتە خاڵی شلۆقی خۆی و روداوەکانی ناوچەکە ئیسرائیل بەرەو دەورانێکی نوێ ئەبەن.
قەیرانی سەرمایەداری ئیسرائیلیی
درێژەی هەیە ...
سەرچاوە : لە بەرگریی مارکسیزمدا
Histadrut :ההסתדרות הכללית של העובדים בארץ ישראל لە ساڵی ١٩٢٠ ەوە دامەزراوە.

