Banners

Print

کێشەی پیشەسازی کۆمپیوتەر لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا ، ئایا نەرمەواڵەی ئازاد چارەسەرە؟

Written by Super User. Posted in wergeran

بەشی دووەم - نوسینی مارتن ڤانهەوڤەرسواین، وەرگێڕانی هاوپشتی - کامەران ئەحمەد 

لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدا شێوازی کارکردنی تر دەستەبەرە کە تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە خزمەتدایە بۆ بەرەوباشترکردن و بەرەوپێشخستنیان. نەرمەواڵەی ئازاد و کراوە تەنها تروسکایی‌یەکی ئەو پێکەوە ژیانەمان پیشان ئەدەن کە ئەکرێت چۆن دیموکراتی وکاریگەرانە کۆمەڵگا بەڕێوە ببردرێت و چۆن داهێنان باشتر ببێت کاتێک کە مرۆڤ ئازاد بکەین و کۆت و بەندەکانی بیرکردنەوەی تێکبشکێنین.

نەرمەواڵەی ئازاد لە بەرامبەر نەرمەواڵە داخراوەکاندا

نەرمەواڵەی ئازاد دابڕانێکی تەواوەتی و بنەڕەتی‌یانەیە لە مۆدیلە داخراوەکان. هێشتا ڕیگەپێدان لەگەڵ ئەم نەرمەواڵەیەشدا هەیە بەڵام بەو مەبەستەی کە هەموو توانا و کۆنترۆڵیک بدات بە کەسی بەکارهێنەر. بەڕاشکاوانەش پێتئەڵیت کە ئەتوانیت کۆپی بکەیت -٠ خۆت سەربەستی لەمەدا- لێرەدا نەرمەواڵەکە نەک وەک موڵکێکی تایبەتی خۆت بەڵکو وەک موڵکێکی گشتی دێتە بەرچاو.

زاراوەی نەرمەواڵەی ئازاد پێشنیاری شتێکی خۆڕایی ئەکات، لە زۆربەی کاتەکانیشدا هەروایە لەبەر ئەوەی ئازاد لێرەدا بەمانای خۆڕاییش دێت. لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندی بە ئازادی‌یەوە هەیە نەک نرخ. هەروەک چۆن لایەنگرانی نەرمەواڵەی ئازاد ئەمە ڕوون ئەکەنەوە " ئازاد(خۆڕایی) وەک ئازادی ڕادەربڕین " لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندی بە ئازادی بەکارهێنەرەوە هەیە لە بەرکاهێنان، دابەشکردن، خوێندن و لێکدانەوەی، و دواجاریش باشترکردنی نەرمەواڵە و خستنەوە بەردەستی هەمووان.

بێگومان ئازادی‌یەکی لەم چەشنە بە تەواوی ناکۆکە لەگەڵ زۆرێک لە کەمپانیاکانی بەکارهێنان و دابەشکردنی نەرمەواڵە. لای ئەم کەمپانیایانە کۆنترۆڵکردن بە مانای کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی کۆدەکەیە(broncode). بەرنامەکانی کۆمپیوتەر لە کۆدێکدا ئەنوسرێن(کەوایە سەرچاوەی کۆد) کە لە لایەن مرۆڤەوە توانای خوێندنەوەیان هەیە و لە فۆرماتی زمانەکانی ئامێردا وەرئەگێڕدرێن و دواجار ئەبن بەو بەرنامانەی کە لە کۆمپیوتەرەکانەوە ئەیانبینین. هەڵبەت تێگەیشتنی زمانی ئامێرەکان بۆ کەسانێکی سادە زۆر گرانە ، هەربۆیە زۆر گرانتریشە کە دەستکاری‌یان بکرێت. کەمپانیاکانی نەرمەواڵە بە شاردنەوەی سەرچاوەی ئەم کۆدانە کۆنترۆڵی تەواوەتی‌یان هەیە بەسەر بەرنامەکاندا و ئەتوانن هەر کردارێک (functie) کە بیانەوێت تێیدا بیگونجێنن. تێڕوانین و بیرۆکەی باو لێرەدا تەنها شتێکە ئەویش ئەم توانایی کۆنترۆڵکردنەیان بەکاربهێنن بۆ پاراستنی موڵکدارێتی تایبەتی. نەرمەواڵەی ئازاد بە تەوایی پێچەوانەی ئەمەیە. ڕێگەپێدان لێرەدا بەکاردێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی بۆ بەکارهێنەری کۆتایی.

ئەم ئازادی‌یە قازانجی زۆر گەورەی هەیە لە پێکەوەژیانی کۆمەڵگاداا. ئازادی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی کۆدەکان بە مانای ئەوەیە کە تواناییمان ئەبێت لە سەیرکردنی کردارە(functie) شاراوەکانی نەرمەواڵە، توانایی دەستکاریکردن و باشترکردنیشمان ئەبێت. هەڵەکانی ناو بەرنامەکان ئەکرێت بە ئاسانی بدۆزرێنەوە و چارەسەر بکرێن. سەرچاوەی کۆدەکان ئەکرێت لە لایەن زانستوانانی کۆمپیوتەرەوە جارێکی تر بەکارببرێنەوە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی تر. ئەم پێکەوە کارکردنەی هەمووان هانی چوونەسەری توانا و زانینەکانی مرۆڤ ئەدات، ئەمە جگە لەوەی کە ئەکرێت چەند کاژێری کارکردنمان بۆ بگەڕێتەوە لە پێشخستنی خێرای نەرمەواڵەدا، هەڵەکان یەک جار ئەدۆزرێنەوە و ئەکرێت هەمووان چارەسەری بکەن. ئازادی لە بەکارهێنانی نەرمەواڵە و پێشخستنیدا لای هەمووان کە پێویستمان پێیەتی بەمانای ئەوەیە کە ژیانی پێکەوەیی ئێمە بەر ئەگرێت و بە خۆراییش.

بۆ ئەوەی ئەم ئازادی‌یانە بپارێزرێن چەندین ڕێگەپێدانی جۆراوجۆر هەن. ناسراوترینیان ڕێگەپێدانی (GPL-licentie )ە کە ڕێگەپێدانی گشتی هەمووانە( ‘GNU ’ algemene openbare licentie) ە . ڕێگەپێدانی گشتی GPL لە لایەن ڕیچارد ستاڵمان ەوە نوسراوە. لە ساڵی ١٩٨٩ دا بە مەبەستی داڕشتنی ڕێگەپێدانێک بە هەر پرۆژەیەکی نەرمەواڵەی ئازاد کە دەستی بە سەرچاوەی کۆد ڕابگات ڕاگەیەندرا. ڕێگەپێدانی گشتی GPL زۆر بە خێرایی بووە ناودارترین ڕیگەپێدانەکان بۆ نەرمەواڵەی ئازاد پاش ئەوەی کە لینوس تۆرڤاڵدس Linus Torvalds دامەزرێنەری سیستمی بەڕێوەبردنی لینوکس بەکاری هێنا لە ساڵی ١٩٩٢دا.

سوودمەندی GPL لەوەدایە لە ڕێگرە لەوەی هەر ڕێگەپێدانی نەرمەواڵەیەك بچێتە ژێر ڕکێفی مافی لەبەرگرتنەوە ( copyright)ەوە بەڵکو مافی لەبەرگرتنەوەیەکی تر (چەپانە!) ‘copyleft’ ئەهێنێتە ئاراوە. ئەمە بەمانای ئەوەیە کە هەر وەشانێکی دەستکاریکراو و نوێتری نەرمەواڵەکە ئەبێت پابەندی هەمان ڕێگەپێدانی گشتی‌ GPL بێت. لە باری پراکتیکی‌یەوە بە مانای ئەوەیە کە بەرنامە نوێ‌یە دروستکراوەکان لە هەمان کۆد ئەبێت جارێکی تر ئازاد بکرێت و بخرێتەوە بەردەستی هەمووان. بۆیە لەبەرگرتنەوەی چەپانە ‘copyleft’ یاساکانی لەبەرگرتنەوەی ‘copyright’ بەکاردێنێت بۆ ئەوەی لەبەرامبەریدا بوەستێتەوە: لە جیاتی داسەپاندنی چەندین مەرجی دیاریکراو ماف بە هەموو کەسانێک ئەدات کە نەرمەواڵەکە بەکاردێنن، و لەخەمی ئەوەشدا ئەبێت کە ئەو مافانە پێشێل نەکرێن.

ستیڤ بالمێر Steve Ballmer لە دەستەی بەڕێوەبەری مایکرۆسۆفت ڕێگەدانیGPL ی بەم شێوەیە ناساند" ئەو شیرپەنجەیەی کە بەر هەر موڵکداریەکی بیرۆکەیی بکەوێت توشی ئەکات". بە دڵنیایی بالمێر لێرەدا مەبەستیەتی هەموو ناوبانگی بزووتنەوەی سەرچاوە کراوە بەترس و دڵەڕاوکێ بشوبهێنێت. لێرەدا مەبەستی لە بڵاوبوونەوەی شیرپەنجەکە لەو بەرنامەنایە کە لە هەر نەرمەواڵەیەکی تری GPL دروستکرابن(لە هەمان سەرچاوەوە دروستکرابن)، چونکە بە ناچار لە کاتی بەکارهێنانی کۆدەکاندا ئەبێت جارێکی تر کراوە بن و بخرێنەوە بەردەستی هەمووان. ئێمە ئەڵێین کە GPL ئەو ڤایرۆسە ئازادکەرەیە کە هەوڵ ئەدات هەموو نەرمەواڵەکان بخاتە ژێر سایەی ڕێگەپێدانی GPL ەوە ، واتە بە کراوەیی و بە ئازادانە بۆ هەمووان دەستەبەری بکات و بەمشیوەیەش لە ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکاندا سوودبەخش ئەبێت.

بێگومان GPL زۆر گرنگ بوو لە سەرکەوتنی سیستمی بەڕێوەبردنی لینوکس GNU/Linux دا لەبەر ئەوەی بەرنامەسازەکان کە کاریان لەسەر کرد دڵنیا بوون لەوەی کە بەرهەمی کارەکانیان بە باشی و دروستی بە هەموو جیهان ئەگات و ناتوانرێت بخرێتە ژێر ڕکێفی کەمپانیاکانی نەرمەواڵەوە و ئیستغلال بکرێن. ئەو کەمپانیایانەی کە هیچ شتێک بە کۆمەڵگا نابەخشن. لە ڕاستیدا هەموو سیستمی نەرمەواڵە داخراوەکان زیندووهێشتنەوەی هەڵەکان و ناکاریگەری نەرمەواڵەکانە لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا، چونکە ئامانجی سەرەکی لە سایەی ئەم سیستمەدا خزمەتکردن بە ژیانی گشتی و پێکەوەیی نی‌یە لە کۆمەڵگا، یان تەنانەت پێشخستنی توانایی‌ و داهێنانەکانی مرۆڤ ، چاککردنی هەڵەی نەرمەواڵەکان و ڕەخساندنیان بۆ خزمەتی خەڵک و وەڵامدانەوە بە پێداویستی‌یەکانیان نی‌یە ، بەلکو ئەمانە لە پلەی دوودا دێن و ئامانجی سەرەکی لێرەدا بەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکردنی زیاتری سەرمایەیە.

لێرەدا پێشخستن و چاککردن و دابەشکردنی نەرمەواڵەکان لە کاتێکدا ڕوو ئەدەن کە قازانجی سەرمایەی زیاتر مسۆگەر بکەن. هەڵەکان لە سیستمی بەڕێوەبردنی مایکرۆسۆفت ویندۆز Microsoft Windows دەسەڵاتێکی زیاتر بە مایکرۆسۆفت ئەدات کە بەکارهێنانی نەرمەواڵەکانیان دیارکراو بکەنەوە چونکە بەکارهێنەر ناچار ئەکەن کە لە (تازەکردنەوەی) ئەپدەیتکردنی یەکە ئەمنییە گرنگەکانی سیستمەکەدا essentiële beveiligingsupdates لە ڕێگای خۆیانەوە تەنها بەو کەسانە بدەن کە ڕیگەپێدانێکی دروستیان هەیە ( ئەوانەی نەرمەواڵەکەیان کڕیوە).

نەرمەواڵە داخراوەکان ناتوانرێن بخوێندرێن (دراسە بکرێن ) یان دەستکاری بکرێن، کەمپانیا گەورەکان لە هەوڵی ئەوەدان مۆنۆپۆلی (احتکار) هەموو شتێک بکەن و لە ژێر دەسەڵاتیاندا بۆ هەمیشە بمێنێتەوە چونکە لە ڕکابەری نێوخۆیی سەرمایەدارانیشدا ئەتوانن نەرمەواڵەکەنیان زۆر قورستر بکەن. ئەمە ڕێگرە لە پێشخستنی تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ: مایکرۆسۆفت چەندین جار مۆنۆپۆلیست بووەو زۆر بە دەگمەنیش داهێنەر. هەر کاتێک کە بەرهەمی کاری پێشخستنی نەرمەواڵە لە لایەن کەمپانیا تایبەتەکانەوە دیاریکراو بکرێتەوە سەرچاوەی کۆدەکان هەر بە شاراوەیی ئەمێننەوە بەمەش توانایی هێزی کار لە ژیانی کۆمەڵگادا بەهەدەر ئەچێت. ژمارەیەک لە خاوەن تواناکان ئەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکەنەوە بۆ ئەوەی بچنە بازاڕی پڕ لە ڕکابەری نەرمەواڵەوە. لێرەدا پاراستنی سەرچاوەی کۆد و شاردنەوەکەشیان بووەنەتە پیشەسازی‌یەکی گەورە، بەلام ئەمە لە نەرمەواڵەی ئازاددا بە تەواوی پێچەوانەیە و ڕێگەپێنەدراوەچونکە لێرەدا هەم شارەزایی و توانایی مرۆڤ و هەم بەرهەمەکەش لە پێناوی خزمەتی گشتیدا ئەبن( ئەمە ڕێک بەرپەرچی ئەو کەسانە ئەداتەوە کە بانگەشەی ئەوە ئەکەن کە گوایە ڕکابەری لە بازاڕدا ئەبێتە هۆکاری گەشەکردن و پێشخستنی بەرهەم، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە ، بێگومان ئەم خۆشباوەڕی‌یە(وەهمە) لە لایەن سەرمایەوە هەمیشە ڕەواجی پێئەدرێت).

هەر ئێستا کاراکتەری سەرکەتووانەی نەرمەواڵەی ئازاد سەرکەوتوویی خۆی سەلماندووە بەوەی ملیۆنان خەڵک پێوەی پەیوەست بوون ، سەدان هەزار پرۆژەی سەرچاوە کراوە هەن کە ڕەگی خۆیان داکوتیوە. سەرکەتوویی هەندێکیان جێ‌ی ئاماژەیە لە نمونەی وێبسێرڤەری Apache ە کە زیاد لە ٥٠% ی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی هەیە ، هەروەها OpenOffice ، یان Mozilla Firefox کە سەدان ملیۆن بەکارهێنەریان لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە.

ناکۆکیەکان لە بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاددا

دوو بیرۆکەی فەلسەفی گەورە هەن لە پشت دروستکردن و دەستەبەرکردنی نەرمەواڵەی ئازادەوە کە ئەوانیش نەرمەواڵەی ئازاد ‘vrije software’ و مۆدێلی سەرچاوە کراوەیە ‘open source’ . زاراوەی نەرمەواڵەی ئازاد کە لە مۆدێلی سەرچاوە کراوە کۆنترە لە لایەن دامەزراوی نەرمەواڵەی ئازاد ‘Free Software Foundation’ ەوە بەکار هێنرا کە لە ساڵی ١٩٨٥ دا ڕیچارد ستاڵمان دروستی کرد. زاراوەی سەرچاوە کراوەش لە لایەن ئیریک رایمۆند و چەند کەسی ترەوە لە ساڵی ١٩٩٨ وەک دەستپێشکەری‌یەکی سەرچاوە کراوە بەکارهێنرا.

ئایا بۆ ئەم جیاوازی‌یە و بۆ گرنگە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەچینە سەر باسێک دەربارەی بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد. ئەم بزووتنەوەیە لە کۆتایی ساڵەکانی نەوەدا جیابوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بوو بە دوو کامپ. بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد و ئەوی تریشیان بزووتنەوەی سەرچاوە کراوە. ئەم دوو کامپە کە بە درێژایی ماوەیەکی زۆرە هەن لە دوو تێڕوانینی فەلسەفی جیاوازەوە دابەشبوون. کامپی نەرمەواڵەی ئازاد بە ئارگیومینتی ئەخلاقی و زیانەکانی نەرمەواڵە داخراوەکان لە پێشخستنی کۆمەلگا دەستیان بە هەڵسوڕان کرد. ئەمە بەهۆی GPL ەوە کە وەک ڕیکخراویکی دۆستانە و ئەنتی کۆمێرشیاڵ ناسراوە بوونە دروستکردنی کامپی سەرچاوە کراوە. ئەمانەی دوایی(واتە سەرچاوە کراوەکان) بەدوای یارمەتی و کۆمەکی کەمپانیا گەورەکانەوە بوون کە ئەیانسەلماند کە پێشڕەوی‌یەکانی چوونە پێشەوەی تەکنیکی نوێی نەرمەواڵە لە ریگای پرۆسە کراوەکانەوە ئەچن و چوونەتە پێش.

ئەم ناکۆکی‌یە هەر لەسەرەتاوە هەبوو. ڕیچارد ستاڵمان دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد، هەوڵی دا کە ئەو ڕیگەپێدانەی licentie کە ئازادی بەکارهێنەری کۆتایی دەستەبەر ئەکات لە لایەن کەمپانیاکانەوە بەکارنەهێنرێن بۆ مەبەستی کۆمێرشیاڵ. یەکێک لەو مافانەی کە GPL نایدات بە کەمپانیاکان ئەوەیە کە لە بەرهەمە کۆمێرشیالەکاندا نابێت بەکار بهێنرێت. ئەگەر کەمپانیایەک ئەمە بکات ئەبێت بە ناچاری بەرهەمەکەش ئازاد بکات ( واتە سەرچاوەی کۆدەکەش ئازاد بکات ) ئەمە ئەو شیرپەنجەیەیە کە ستیڤ بالمەر مەبەستی بوو.

لە ستراتیژی بزووتنەوەی سەرچاوە کراوەدا هاتووە کە کۆمەکی کەمپانیا گەورەکان ئەتوانێت دەستەبەر بکات ، لەمەشدا سەرکەوتوو بوو بۆ نمونە لە بەدەستهێنانی کۆمەکی کەمپانیا گەورەکانی وەک IBM . بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد ئەوەی سەلماند کە خۆبەخشەکان کە لە چەند گروپی بچوک و ناڕیکخراودا بوون لەسەرتاسەری جیهان چۆن ئەتوانن لە لەشکری ئەو هەموو فەرمانبەر و زانستوانانەی مایکرۆسۆفتیش بە تواناتر بن. بزووتنەوەی سەرچاوە کراوە هەوڵی دا کە ئەم سەرکەوتنە بقۆزێتەوە و لە هەمان کاتیشدا بیرۆکەی ئەنتی سەرمایەداری کە سەرچاوەی لەدایکبوونی نەرمەواڵەی ئازاد بوو لابدات. ئەمە بووە هۆکاری دروستکردنی چەند رێکخراوی تری جیاواز بۆ نمونە وەک ئەپاچە Apache کە پارە بدات بەو زانستوانانەی کە ئەتوانن پێشخستنی نەرمەواڵە دەستەبەر بکەن، بەمەش بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد خرایە لاوە ، هۆکارێکی تریش ئەوەبوو کە بزووتنەوەکەش نەیتوانی کەسانی تر بەخۆیەوە پەیوەست بکات.

گرنگیپێدانی یەکەمی مۆدێلی نەرمەواڵەی ئازاد سیاسیانە‌یە. هەزاران بەرنامەسازی جیهان لە پرۆژەیەکی گشتی و هەرەوەزدا کۆ ئەبنەوە و کار ئەکەن ، سەرچاوەی کۆدەکانیان ئەخەنە بەردەستی هەمووان بۆ ئەوەی بەرهەمی دروستکراو خزمەت بە هەمووان بکات. ئەوەی نیشاندا کەلە باری پراکتیکی‌یەوە لە جیهانی سەرمایەداریشدا ئەوە ئەکرێ کە هەموومان کاری هەرەوەز بکەین لە جیاتی ئەوەی ببینە ڕکابەری یەک. ئەوەی نیشاندا کە هەموو شتێک لە پێناوی قازانج و پارەدا نی‌یە.

لەوانەیە بوتریت کە زۆر هەڵەیە گەر بتەوێت نەرمەواڵەیەکی ئازاد یان سەرچاوە کراوە بکەیت بە شتێکی زۆر دەگمەن، بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەیبینین تەنها بەشێکی کەمە لە تواناکانی مرۆڤ، بێگومان ئەوە نادروستە گەر بڵێین سەرچاوە کراوەکان هەروەک سۆسیالیزم وان. تەکنەلۆژیا بێلایەن نی‌یە. ئەوەی کە نەرمەواڵەی ئازاد هێشتا دیاردەیەکی بەربڵاو نی‌یە ئەمانخاتە بەردەم ڕاستی‌یەک(حەقیقەتێک) کە هێشتا رێگایەکی زۆرمان لە پێشە بۆ گەیشتن بە گۆڕینەوەی زانیاری‌یەکانمان لەگەڵ یەکتر بە ئازادانە و بە خۆرایی و بە بێ ئەوەی کە وابەستە بین بە کەمپانیا مۆنۆپۆلەکانی وەک مایکرۆسۆفتەوە.

نەرمەواڵە بەرهەمێکی بێیەندازە قازانجبەخش

پێشتر ئەوەمان روون کردەوە کە ئەوە نەرمەواڵە خۆی نی‌یە کە کڕین و فرۆشی‌ پێوە ئەکرێت بەڵکو ئەوە رێگەپێدانی بەکارهێنانیەتی. ڕیگەپێدانێکی لەو چەشنە کاتێک باشە کە بەهای پێکەوە ژیانی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت. لە پرۆژەی نەرمەواڵە گەورەکاندا بە سەدان هەزار کاتژمێر کار لەسەر بەرەوپێشخستنی سیستمێکی بەڕێوەبردنی مایکرۆسۆفت و بەرنامەکانی ئۆفیس سەرف ئەکرێت. بەو هۆیەوە کە بەرنامەکان سروشتێکی ناماددی‌یان (niet-materiële) هەیە بۆیە ئەکرێت کە چەند جار لەبەربگیرێنەوە بە بێ تێچوونی هیچ نرخێک و بەهای تێچوونی سەرەتاییش بە خێرایی پڕ بکاتەوە. لە چەندین باردا بۆ کەمپانیایەکی وەک مایکرۆسۆفت ڕێگەپێدانەکانی بەکارهێنان بوونەتە کانەکانی ئاڵتوون و بە بەردەوامیش لێی قازانج ئەکەن ئەگەرچی سالانێکی زۆر لەوەپێشیش بەرنامەکان دروستکرابن. زۆرێک لە کەمپانیاکانی تری سەرمایە توانای ئەوەیان نی‌یە کە ڕکابەری مایکرۆسۆفت بکەن و سەرمایەگوزاریشیان بێ قازانج ئەبێت گەر بە بەرهەمێکی زۆرەوە نەچنە بازاڕی ململانێوە، یان ئەبێت بەهەمان شیوەی نەرمەواڵەی ئازاد و سەرچاوە کراوە لە سفرەوە دەستپێبکەن و ڕاستەوخۆش لە چونە بازاڕیاندا بکەونە ململانی‌ی مایکرۆسۆفتەوە کە بە کردەوە مۆنۆپۆل و ڕکابەری‌یەکانی‌یەوە لە بازاڕدا ناسراوە.

کارڵ مارکس ئاماژەی بە چوونەسەری ڕکابەرایەتی سەرمایە لە سیستمی سەرمایەداریدا کردووە . لە پیشەسازی نەرمەواڵەدا ئەمە بە مانای ئەوەیە - لە ڕاستیدا وەک هەر پیشەسازی‌یەکی تر - کە کەمپانیا بچووکەکان جێ‌ی خۆیان ئەدەن بە کەمپانیا گەورەکان و لەناودەچن" ئەوەی بەشێک لەسەرمایەکانیان لەناو ئەچیت ، بەشیکی تریشیان ئەچیتە سەر سەرمایەی کەمپانیای کڕیارەوە" ئا لێرەدایە کە مایکرۆسۆفت هەمیشە قازانج ئەکات و بە تەواوی کۆنترۆڵی بنەڕەتی پیشەسازی‌یەکەی لە ژێر چنگدایە. مایکرۆسۆفت بۆ پارێزگاریکردن لە مۆنۆپۆلیەکەی لە بازاڕدا پێشوەخت سیستمی بەرێوەبردنی لەسەر کۆمپیوتەرەکان کە هیشتا نەمان کڕیون دامەزراندووە، هەروەها ئۆفیسی مایکرۆسۆفت کە نەرمەواڵەیەکی داخراوە ئەتوانیت بەکاربهێنیت ( هەڵبەت بۆ ماوەیەک و دواتر ئەبێت بیکڕیت)، هەروەها ئەوەشی ڕیکخستووە کە بەشەکانی کۆمپیوتەر( هاردوێر) گونجاو بن لەگەڵ سیستمە نوێیەکەدا، ئەگەرچی سیستمەکەش خراپ و پڕ لە هەڵەش بێت.

هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەوە سەرمایەداری بەرەو مۆنۆپۆلکردن هەنگاو ئەنێت ، لینین لە نوسینەکەیدا " ئیمپریالیزم وەک بەرزترین قۆناغی سەرمایەداری " ئەمەی ڕوون کردۆتەوە. لە سیستمی سەرمایەداری ئەمرۆدا رکابەرایەتی وەک مەسەلەیەکی باش لە قەڵەم ئەدرێت کە گوایە دروستکردن، داهێنان و و توانایی لە پاراستنی ڕەسانەیەتی باشی بەرهەم هان ئەدات. ئەم لێکدانەوەیە سەرتاخوار نادروستە. ئەمە نەک تەنها لە مۆنۆپۆلی مایکرۆسۆفتدا کە تا دێت داهێنانی کەم و کەمتری هەیە بەڵکو پێشخستنی بەرهەمەکانیش دوا دەخات، و هەموو هەڵەی بەرنامەکانی دەمێننەوە و ڕێگەیان پێئەدرێت. مایکرۆسۆفت زیاتر لە خەمی پاراستنی کانە ئالتوونی‌یەکەیدایە وەک ئەوەی لە وەڵامدانەوە بە پێداویستی‌یەکانی کۆمەڵگا. زیاتر سەرمایەگوزاری ئەکات بۆ لەناوبردنی ڕکابەرەکانی لە بازاڕدا لە جیاتی ئەوەی کە بەرهەمێکی باشتر تەنانەت لەوەی ڕکابەرەکانیشی دروست بکات.

سۆشیالیزم و نەرمەواڵەی ئازاد

کەمپانیا گەورەکان جێورێی مۆنۆپۆلیی خۆیان بەکاردێنن بۆ ئەوەی پێوانەکانی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن. هەڵبەت بەکارهێنانی هەمان پێوانە (standaard) بۆ خۆی مەسەلەیەکی ئەرێیانەیە. کاتێک کەسێک کۆمپیوتەرێکی نوێ ئەکڕێت ، ئەوە دروستە کە ئەو نەرمەواڵە پێویستەی هەبێت کە بە بێ هیچ تێچوونێکی زیاتر بتوانێت بەکاری بهێنێتەوە. هەربۆیە دروستیشە کە کۆمپیوتەر هەمان فۆرماتی فایلەکان بەکاربهێنێتەوە لە چەشنی موزیک و وێنە و ... ئەوانی تر بە بێ هیچ کێشەیەک. بەڵام لایەنی خراپ لەم (هەمان پێوانەیی‌یەدا - Standaardisatie ) ئەوەیە کە ئەکرێت کەمپانیاکان ئەم فۆرماتانە بەکاربهێنن تا مۆنۆپۆلی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و پارێزگاریشی لێ بکەن.

بەشێکی گەورەی ئابوری جیهان وابەستەیە بەم ( هەمان پێوانەیی)یەوە ( فایلەکانی مایکۆرسۆفت ۆرد نموونەیەکی بەرچاون لەمڕوەوە). بڕیاری گرنگ و گەورە لە لایەن ئەم کەمپانیایانەوە ئەدرێن بە بێ ئەوەی کە بەرپرسیارێتیان لە بەرامبەر هیچ کەسدا ڕوون بکەنەوە. ئەمە بەیانی بە سیاسیکردنەوەی تەکنەلۆژیا ئەکات. لە ئێستادا تەنها هێزێک کە بتوانێت پێوانەکانی نەرمەواڵەی کراوە و ئازاد بەرێتە پێش هێزێکی سیاسی‌یە. لایەنێکی گرنگی تری کێشەکە ئەوەیە کە زۆرینەی پرۆژە کراوەکان لە لایەن ئارەزوومەندانەوە بەرەوپیش ئەبرێن و لەوانەیە لە بڕگەیەکدا بەهۆی کەمی ئیمکاناتی ماددی‌یەوە لەکار بکەون. زۆرینەی کات وایە(بەلام نەک هەمیشە) کە ژمارەیەک لە پرۆژەی ئارەزوومەندەکان لە بەرامبەر نەرمەواڵە داخراوە کۆمێرشیالەکاندا کە هەزاران کەسی زانستوانی کۆمپیوتەریان هەیە شکست دێنێت. بۆ نمونە بۆ زۆرێک لەو کەسانەی کە کاری وێنەسازی ئەکەن کە تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی کەمی نەرمەواڵەی سەرچاوە کراوە و ئازادی هەیە ئەستەمە کە بتوانن رووی تێبکەن بۆیە بە ناچاری ڕوو لە نەرمەواڵە داخراوەکان ئەکەن وەک ئەدۆبە یان ماکرۆمیدیا Macromedia.

لە جەرگەی ئەو گێژاوەی کە لە جیهانی کۆمپوتەردا هەیە ئەستەمە کەسانێک ڕازی بکەیت کە ڕوو لە لینوکس بکەن یان نەرمەواڵەیەکی سەرچاوە کراوە یان ئازاد بەکاربهێنن لە جیاتی داخراوەکان. ئەمە خراپ نی‌یە گەر بکرێت بەڵام ئەبێت سنوورە مۆرالەکانی ئەم ڕووتێکردنەشمان لەبەرچاو بێت. ئەوە خەرافەیە گەر وا بیر بکەیتەوە کە لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا وا بە ئاسانی بتوانیت ئەمە بکەیت ، سیستمەکە بۆ خۆی نایەکسان و نادادپەروەرانەیە و بەرهەمی ئەم نادادپەروەریەش ئەکاتەوە.

نەرمەواڵەی ئازاد تەنها یەکیک لە چەکەرەکانی پێکەوەژیانی نوێ‌یە لەبەر ئەوەی هێشتا هیچ توانایایەکی نی‌یە لە بەرهەمهێنانی ئابوریدا. ئەگەر بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد بە راستی مەبەستیەتی ئەم ڕۆڵە گرنگە ببینێت ئەوا ئەبێت هەوڵ بدات بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، ئەبێت شێوازی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بگۆڕین و بە یەکێکی سۆسیالیستانە جێ‌ی بگرینەوە کە پشتبەستوو بێت بە پێکەوە ژیان و ئازادی لە دابەشکردنی زانیاریدا.

لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینەدا ( نەک ئەو مۆدێلە کاریکاتۆری‌یە ستالینی‌یانەی کە ولاتە بەناو سۆسیالسیتەکانی حوکم ئەکرد) هیچ جێیەک بۆ ئەو ڕکابەرێتیەی کە ئەمڕۆ ئەگوزەرێت نامێنێتەوە بەڵکو لە جێگایاندا چەند پرۆژەی پێکەوەیی و هەرەوەزی جێیان ئەگرنەوە. لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدا شێوازی کارکردنی تر دەستەبەرە کە تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە خزمەتدایە بۆ بەرەوباشترکردن و بەرەوپێشخستنیان. نەرمەواڵەی ئازاد و کراوە تەنها تروسکایی‌یەکی ئەو پێکەوە ژیانەمان پیشان ئەدەن کە ئەکرێت چۆن دیموکراتی وکاریگەرانە کۆمەڵگا بەڕێوە ببردرێت و چۆن داهێنان باشتر ببێت کاتێک کە مرۆڤ ئازاد بکەین و کۆت و بەندەکانی بیرکردنەوەی تێکبشکێنین.

بۆ ئەوەی ئەو کۆت و بەندانەی بەردەم پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا تێکبشکێنین ئەبێت ڕادیکالانە لە بنەڕەتەوە شێوازەکانی بەرهەمهێنان بگۆڕین. وا بێنە پێش چاو کە سەرجەم سەرچاوەی کۆدەکانی مایکرۆسۆفت و کەمپانیاکانی تر گشتی بکرێنەوە و بخرێنە بەردەستی هەمووان ، ئەو کاتە ئازادانە دابەش بکرێن و پێشبخرێن لە پێناوی خزمەتکردن بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد تەنها نمونەیەکە کە پیشانمان ئەدات کە چۆن بەرهەم لە کۆمەڵگەدا - نەک تەنها لە بواری کۆمپیوتەر و نەرمەواڵەدا - ئەتوانرێت بە شیوەیەکی تر ڕێکبخرێت گەر لە کۆت و بەندی قازانجی تایبەت ڕزگاریان ببێت.

بۆ ئەوەی کۆتایی بە باسەکەمان بهێنین هەمان ئەو قسانە ئەکەینەوە کە دەربارەی بیل گەیتس کردمان " ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە هەموو تەکنەلۆژیا لەبەردەستەکانی ئەمڕۆی کۆمپیوتەر ئەبێت بکرێن بە موڵکی گشتی، لە ژێر سایەی حکومەتێکی دیموکراتی سۆسیالیستیدا کە تەکنەلۆژیا و ماددە خاوەکان بۆ خەڵک دەستەبەر ئەکات و ئەمانەش بە دەوری خۆیان گۆرانکاری بەرەو کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی دابین ئەکەن. گۆرانکاری‌یەک کە سیستمی بەرهەمهێنان لە پێناوی قازانجدا هەڵئەوەشێنێتەوە و لە جێگەیدا سیستمێکی ئابوری دادەمەزرینێت کە بەرهەمهێنان وابەستە ئەبێت بە خزمەتکردن بە پێداویستی‌یەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە.

هونەرمەند هانی