Banners

Print

کێشەی پیشەسازی کۆمپیوتەر لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا ، ئایا نەرمەواڵەی ئازاد چارەسەرە؟

Written by Super User. Posted in wergeran

بەشی یەکەم - نوسینی مارتن ڤانهەوڤەرسواین، وەرگێڕانی هاوپشتی - کامەران ئەحمەد

ئەم بابەتە دەربارەی نەرمەواڵەکانی کۆمپوتەرە، لەوانەیە بۆ هەندێک لە خوێنەرانیشمان وەک بابەتێکی تەجریدی بێتە پێش چاو، بەڵام مەسەلەکە پەیوەستە بە هەموومان ، بە هەر کەسێکەوە کە کۆمپیوتەری هەیە لە نێویشیاندا خوێنەری ئەم بابەتە. گرنگ و سودمەندە بۆ هەریەکێکمان کە ئاگاداری پیشەسازی کۆمپیوتەر بین کە هەر ئێستا کاریگەری بە سەر ژیانمانەوە هەیە، هەروەها ئاگاداری هەموو ئەو کۆتانەش بین کە پێ‌یانەوە بەندە.

لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە چەند کاری ساکار لەسەر کۆمپیوتەرەکەت هەروا بە بەردەوامیی ئەنجام بدەیت چونکە وا دێتەپێش چاو کە کڕیوتە و لە ژێر ڕکێفی خۆتدایە، بەڵام لە گۆشەنیگای کارگوزاری گەورە(big business) دا بەو شێوەیە نی‌یە! بۆ نمونە ئەو مایکرۆسۆفت ۆردەی ، یان ڤیدیۆ لێدەرو mp3 ەی کە بەکاری دێنیت وا نین، لەوانەش سەمەرەتر هەموو ئەو نەرمەواڵە کۆمێرشیالانەی کە هیچ نرخێکیان پێنادەیت و بەخۆڕایی دەستەبەریان ئەکەیت هیچ مافی ئەوەت نی‌یە کە زانیاری‌یەکانیان بخوێنیتەوە.

بەڵام لەوانەیە بڵیت " خۆ من کۆمپیوتەرەکەم هەیە و موڵکی منە، کەس ناتوانێت ڕێگریم لێ بکات لە گوێگرتنی مۆزیکەکانم" ، لەوانەیە وا بێت بەڵام هیچ پێداویستییەکیش نی‌یە، بۆ ئەوەی لەمە تێبگەین وا دروستە سەرەتا قوڵ بینەوە لە جیهانی ڵێل و پشت پەردەی ڕێگەپێدانەکانی بەکارهێنانی نەرمەواڵە (software ).

ڕێگەپێدانی نەرمەواڵە ‘softwarelicentie’ جۆرێک لە گرێبەستە و هەر ئێستا زۆرترین فۆرمی بەکارهێنراوی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵەکانیشە لە جیهانی ئەمڕۆ. لەوانەیە هەر ئێستا ئەوەت بیر بکەوێتەوە کە لە کاتی دامەزرادنی بەرنامەیەکدا چاوت بە دوگمەی من ڕازیم ‘I agree’ یان من ڕازی ئەبم ‘Ik ga akkoord’ یان شتێکی لەو چەشنە کەوتبێت. ئەمە لە ڕاستیدا واژۆکردنی گرێبەستەکەیە کە لەوانەیە بە هەموو درێژایی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و دامەزراندنی بەکارنامەکانی کۆمپیوتەرەکەت بۆ جارێکیش بە تەواوی نەتخوێندبێتەوە ! بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەمە میتۆدێکی ساکار باس ئەکەین، هەموو ڕێگەپێدانەکانی نەرمەواڵە(گرێبەستەکان) لە دوو فۆرمدا دەرئەکەون یان کراوەن یان داخراو. سەرەتا لە فۆرمە داخراوەکانەوە دەستپێ ئەکەین کە زۆرترین فۆرمی گرێبەستەکانی بەکارهێنانی نەرمەواڵەیە.

ڕێگەپێدانی داخراو زۆر بە سانایی بە ناوەکەیدا ڕوونە هەموو ئەو خاڵانە لە خۆ ئەگرێت کە مافی چیت هەیە و مافی چیت نی‌یە لە نەرمەواڵەکە بکەیت. کاتێک کە سیستمێکی وەک Windows XP یان Windows Vista ئەکڕیت، کە زۆربەی جار تەنها بۆ یەک کۆمپیوتەر بەکاردێت، ناتوانیت کۆپی بکەیت بۆ هاوڕێکەت، ناتوانیت کە بیفرۆشیتەوە، تەنانەت ناشتوانیت هیچ دەستکاری و گۆرانکاری‌یەک بەسەر نەرمەواڵەکدا بکەیت.

ڕێگەپێدان بۆ بەکارهێنان

ڕێگەبدەن پێکەوە لە نزیکەوە بڕوانینە ئەو لێدەری mp3 ەی کە هەمانە ، لە ڕاستیدا ئێمە خاوەنی بەرنامەکە نین هەرچەندە ئەوەی کە لەوانەیە بە پارەیەکی زۆر کڕیبێتمان ئەمە جگە لەوەی کە ئەلبومی موزیکەکەشمان بە پارە کڕیوە( هەرچەندە ئەوەی کە کڕینی ئەلبومێکی برتنی سپێرس چەندە گران بێت مەسەلەیەکی ترە). ئەی لەگەڵ ئایپۆد iPod خۆیدا چی بڵێین. لەوانەیە لێرەدا ببیتە خاوەنی ئامێرەکە بەلام دیسانەوە لێرەشدا وەڵام هەم بە بەڵێ و هەم بە ‘نا’ یە. هەرچەندە ئەوەی کە بە شێوەی فیزیکی ئامێرەکەت کڕیوە و ڕێگەپێدانێکیشت هەیە کە ئەتوانێت ئامێرەکە کارپێبکات. لێرەدا دیسان ڕوون ئەبێتەوە کە بڕێک پارەشمان داوە تاوەکو ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی بەرنامەکەش دەستەبەر بکەین.

ئەوەی لێرەدا گرنگە کە بیرمان نەچێتەوە ئەوەیە کە ڕێگاپێدانە داخراوەکان شتێک نافرۆشن کە ببێتە موڵکی تۆ بەڵکو ڕێگەت پێئەدەن کە بەرنامەکەیان لە ژێر چەند مەرج و ڕێکەوتنێکدا بەکاربهێنیت. بەرنامەسازێک (programmeur) ئەتوانێت بەرنامەیەکی یاریکردن لە کۆمپیوتەر ساز بکات. لە کاتی فرۆشتنیدا لە ڕێگەپێدانەکەدا کۆدێک دیاری بکات کە " بەرنامەکە چەند جارێک بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ نمونە تا ئەو کاتەی کە بەکارهێنەر بلوسێکی سوور و پانتۆڵێکی زەردی لە بەردایە " لە ڕووی یاسایی‌یەوە ئەو کەسانەی کە بلوسی سوور و پانتۆڵی زەردیان لە بەردا نی‌یە مافی ئەوەیان نی‌یە کە درێژە بە یاری‌یەکە بدەن، هەرچەندە ئەوەی کە پارەشیان بە پرۆگرامسازەکە داوە. کەوایە لێرەدا جیاوازی‌یەکە بە ڕوونی لە نێوان ڕیگەپێدان ( دروستتر بڵێین بەکرێدان) و کڕینی بەرنامەکە لە بنەڕەتدا هەست پێ ئەکەین. لە ڕاستیدا کەسانێک کە ئەڵێن " ئەچم فۆتۆشۆپ ئەکڕم " لە بنەڕەتدا مەبەستیانە لە" ئەچم ریگەپێدانێک ئەکڕم بۆ بەکارهێنانی فۆتۆشۆپ و هیوادارم کە هەموو مەرجەکانی گرێبەستەکە بەجێ بهێنم " ئەم فۆرمە لە گرێبەست لە ئینگلیزیدا مەبەست لێ‌ی ' ڕازیبوونی ڕێگەپێدانی بەکارهێنەری کۆتایی' ‌یە ‘End User Licence Agreement’ یان EULA ی پێ ئەوترێت.

کڕینی شتێک بە مانای ئەوەیە کە ئەبیتە خاوەنی و تەواوی تواناییت بەسەریدا هەیە. هەموومان ئەزانین کە ئەو ئۆتۆمبیلەی کە کڕیوتە مافی ئەوەت هەیە کە هەر شتێکی لێ بکەیت کە خۆت ئەیخوازیت. بەڵام ئەمە بۆ ئۆتۆمبیلێکی بەکرێ وا نی‌یە ، بۆ نمونە ناتوانین بە ئارەزووی خۆمان تایەکانی بگۆرین یان جۆرێکی تر لە ماتۆڕی بۆ دابنێین، چونکە گرێبەستێکمان لەگەڵ نوسینگەی بەکرێدانی ئۆتۆمبیلەکەدا کردووە کە پارەمان داوە لە جیاتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلەکە نەک شتی تر، نوسینگەکە مافی هەیە کە ڕێگەمان لێبگرێت لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلەکەیدا. هەمان پرنسیپ لە جیهانی کۆمپوتەریشدا بەڕێوە ئەچێت.

بە دڵنیایی لەوانەیە کەسێک پرسیار بکات " ئەی دواتر؟ من مایکرۆسۆفت ۆردم Microsoft Word هەیە و ئەوی کە مەبەستمە ئەتوانم ئەنجامی بدەم ئیتر بۆچی دوو دڵ بم لە بارەیەوە؟ خۆ ناتوانن بێنە ماڵەکەم و لێم بسەنن . لێرەدا مەسەلەکە دێتە سەر شتێکی تر کە ئەویش کۆنترۆڵە. بۆ ئەوەی ئەمە روون بکەینە ئەچینەوە سەر نمونەکەی پێشو سەبارەت بە mp3 . فایلێکی mp3 لە بنەڕەتدا فایلێکی بچوککراوەی موزیکێکە لەسەر سی دی. ئەو تەکنەلۆژیایەی کە وەک سیحرێک دێتە بەرچاو کە ئەو هەموو موزیکە بۆ ئەو فایلە بچووکانە ئەگۆڕیت لە بنەڕەتدا لە لایەن ڕێکخراوێکی ئەڵمانی‌یەوە پەرەی پێدراوە کە ئەویش پەیمانگای فراونهۆفەرە Fraunhofer-instituut. بیرۆکەکە موڵکی ئەوانە. هەرچەندە کە ڕێنماییت ئەکەن لەوەی کە میتۆدەکەیان (شێوەی بەکارهێنان و کارکرن پێ‌ێ) بەکاربهێنیت بۆ پاشەکەوتکردنی موزیک بەلام پێت ناڵێن ( و ڕێگەت پێ نادەن ) کە هەموو کارێکی پێئەنجام بدەیت. بۆ نمونە هەر بەرهەمێک کە قازانجی پارەی تێدایە و بە mp3 بێت ئەوا ئەبێت بەشێک لە پارەکە بداتەوە پەیمانگای فراونهۆفەر. بەهۆی تۆمارکردنی مافی داهێنانەکەیەوە سالانە ئەم ڕێکخراوە ئەڵمانی‌یە ١٠٠ ملیۆن یورۆ لە گرێبەستەکانی ڕێگەپێداندا licentie بەدەست دێنێت.

لەوانەیە بڵییت "تا ئێرە باشە و هیچ کێشە نی‌یە ، خۆ من ئەو کەسە نیم کە ئەبێت پارە بە پەیمانگاکە بدەم" بەمەش شادمان بیت کە لەسەر کۆمپیوتەرەکەت میدیاسپەیڵەری تێدایە کە ڕێگەپێدانیشەوە کە گوێ لە mp3 بگریت. کێشە ئەوەیە کە زۆر بە باشی وچاکی ئەتوانن ڕێگەت لێبگرن کە ئەمە بکەیت. هەرچەندە ئەوەی کە ئەزانین چۆن mp3 کارپێبکەین بەلام ئەو کەسانەی کە خاوەن مافی بیرۆکەی mp3 ن ، هەمیشە کۆنترۆڵی تەواوەتی‌یان هەیە کە چیتر ڕێگەت پێ نەدەن . ئەکرێت ڕۆژێک ئەو بڕیارە بدەن کە هیچ کەس مافی نەبێت کە ئەمە بکات و بە ناچاری ئەبێت mp4 بەکاربهێنیت ، ڕۆژێکی تر ڕێ لەمەشت پێ بگرن و ناچار ڕووت لە mp5 پێبکەن. بەم شێوەیە پەیمانگای ناوبراو لە تازەکردنەوەی هەر وەشانێکدا(versie) هەمیشە کۆنترۆڵەکەی لەژێر چنگدایە.

بەدڵنیایی لەوانەشە وابڵێیت" دەی باشە گەر وا بکەن ئەوا منیش ئەچم بەرهەمێکی تر بەکار ئەهێنم ، خۆیان باش ئەزانن گەر وا بکەن خەڵک لێ‌یان دوور ئەکەوێنتەوە بۆیە شتی وا هەرگیز ڕوو نادات " کێشەکە لێرەدایە کە کەمپانیاکانی نەرمەواڵە تاکتیکێکی نەرم بەکاردینن بۆ بەستنەوەی بەکارهێنەرەکان بە خۆیانەوە و ئەتوانن پێکەوە ناچارت بکەن کە ڕوو لە وەشانە(ڤێرشن) نوێ‌یەکان بکەیت ( ئەمەش لە پێناوی قازانجی زیاتردا) . بۆ نمونە ئەگەر تێکستێک لە مایکرۆسۆفت ۆرد بنوسیت و پاشەکەوتی بکەیت ئەوا فایلەکە وەک دۆکیومینتێکی ۆرد ‘Microsoft Word-document’ پاشەکەوت ئەبێت. ببینە لێرەدا کێشەکە دەست پێئەکات. لە هەموو جیهاندا جگە لە مایکرۆسۆفت خۆی نەبێت ئایا کەسێکی تر هەیە بزانێت چۆن دۆکیومێنتێکی ۆرد ئەکرێتەوە، هیچ شتێکی تری نایاسایی نی‌یە بۆ کردنەوەی. ئەمە تەنها وەسیلەی مایکرۆسۆفتە بۆ کردنەوەی دۆکیومێنتەکانی ۆرد. هەربۆیە ناچار کەسێک کە بیەوێت دۆکیومێنتی ۆرد بە تەوایی و بێ هەڵە بکاتەوە ئەوەیە کە بەرنامەی ۆرد خۆی بەکاربهێنێتەوە بە کۆپی یان بە کڕین . کەوایە هەر لە ریگای مایکرۆسۆفت خۆیەوەیەتی. بە دڵنیایی کەسانێک هەن کە بە کاری جدی و باشیان کردووە بۆ کردنەوەی ۆرد ( بۆ نمونە لە ریگای OpenOffice.org ) بەڵام هێشتاش وەک خۆی 100% سەرکەوتوو نین. لێرەدا ڕوون ئەبێتەوە کە تەنانەت بۆ ئەوەی گوێ لە موزیکێک بگرین یان تەنانەت پەیوەندی‌یەکانمان لەگەڵ یەکتردا ڕیک بخەین ئەبێت پارە بە کەسانێک بدەین.

لە لای مایکرۆسۆفت بارەکە زۆرە لەوە خراپتریشە. مایکۆسۆفت ڕەوشتێکی خراپی هەیە کە فۆرماتی(شێواز) فایلەکانی هەر چەند ساڵ جارێک ئەگۆڕیت. ئەگەر یەکێک لە وەشانە تازەکانت هەبێت بۆ نمونە ۆردی ٢٠٠٧ لە کاتی پاشەکەوتکردنی فایلەکاندا فۆرماتی docx-formaat وەرئەگرێت ، ئەگەر یەکێک لە هاوڕێکانت وەشانی کۆنی هەبێت ئەوا ناتوانێت دۆکیۆمێنتەکەت بکاتەوە. تەنانەت خۆشت ئەگەر هاوڵاتیەکی ئازا بیت و بڕیارت دابێت کە ڕێگەپێدانی ۆرد بە پارە بکڕیت! بەڵام هێشتاش گارانتی ئەوە ناکات کە بە بێ کێشە دۆکیومێنتەکان لەگەڵ هاوڕێ و هاوەڵەکانتدا بگۆڕیتەوە لەبەر ئەوەی هەر بەرنامەیەک چەندین وەشانی جیاوازی هەیە و لەوانەشە یەکێک لە وەشانەکانیش نەگونجاو بێت (niet compatibel) لەگەڵ ئەوی تردا. تەنها چارەیەک ئەوەیە کە بە فۆرماتێکی تری وەک RTF بەکاربهێنیت ، بەڵام هێشتاش ئەمە گارانتی ئەوە ناکات کە لە کاتی کردنەوەی دۆکیومێنتەکەدا بە هەمان ئەو شیوەیە ببینرێت کە لە سەر شاشەی کۆمپیوتەری هاوڕێکەتدا هەیە.

پێوانەکانی کراوە یان داخراو

سوودمەندە ئەگەر لەم خاڵەدا کە دێتە سەر پێوانەکان تۆزێک بوەستین. پێوانە (standaard) واتە ئەو شێوازەی کە بەرنامەیەک کار بکات. Mp3 پێوانەیەکە(شێوازێکە) ، DVD ، PDF و HTML ( زمانی ئینتەرنێت ) یش بە هەمان شێوە. لە جیهانی دەرەوەی کۆمپیوتەریشدا بۆ نمونە ئەکرێت بڵێین کە برغوویەکی فلیپس پێوانەیەکە، پێوانە ئاگاداری ئەوە ئەکات کە شتەکان لەگەڵ یەکدا بگونجێن، بۆ نمونە لە کاتی کڕینی تایەیەک بۆ ئۆتۆمبیلەکەت ، یان ئەو برغووانەی کەلەگەڵ دەڕنەفیزەکەتدا ئەگونجێن یان بە پێچەوانەوە. لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئەڕوانینە ئەم پێوانانە، بۆ نمونە برغوویەکی فلیپس م هەیە" ئۆکەی کەوایە ئەتوانم دەرنەفیزێکی فلیپس دروست بکەم کە لەگەڵیدا بگونجێت" ، بەداخەوە ئەم پێوانەیە لە جیهانی کۆمپیوتەردا ناگونجێت.

ئەکرێت پێوانەیەکی داخراومان هەبێت، کە لە سایەیدا بڕوانین چۆن شتێک کار ئەکات و چۆن بەشەکانی پەیوەندی‌یان پێکەوە هەیە. ئەگەر ئەو کەسەی کە سیستمەکەی دروست کردووە بە ڕاشکاوانە پێت نەڵێت کە چۆن کار ئەکات ئەوا تۆش هەرگیز ناتوانیت لاسایی بکەیتەوە. بۆ نمونە ئەگەر بمانەوێت پرۆگرامێک دروست بکەین کە دۆکیومینتێکی ۆرد پاشەکەوت بکات ئەوا هەروەکو پێشتر بینیمان ، ئەبێت بزانین کە فۆرماتە جیاوازەکانی ۆرد چۆن کار ئەکەن. ئەمە کێشەیەکی سەختە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەم فۆرماتە وەک پێوانەیەکی سەرەکی لای خۆیان بەکاری دێنن، هەربۆیە هیچ کەمپانیایەکی تر جگە لە مایکرۆسۆفت خۆی نەبێت نازانێت کە چۆن دۆکیومێنتیک ئەکرێتەوە یان پاشەکەوت ئەکرێت.

ئەم پێوانە داخراوە دەرئەنجامی ئەوەی لێئەکەوێتەوە کە لە دنیای پیشەسازیدا ناسراوە بە وابەستەبوون بە فرۆرشیارەوە ‘Vendor Lock-In’ . بە مانای ئەوەی کە کڕیارەکان زۆر وابەستە ئەبن بە فرۆشیارەکانەوە لە کاتی کڕینی بەرهەمەکانیان یان لە کاتی بەکارهێنانی خزمەتگوزاری‌یەکانیاندا و ئیتر ئەستەمە بۆیان بچنە لای فرۆشیارێکی تر چونکە زۆر سەخت یان زۆر گرانتر ئەکەوێتەوە لەسەریان. ئەمە ستراتیژی‌یەکی گەورەی کەمپانیاکانی نەرمەواڵەیە. ئەمە هۆکارێکە کە یەکێکی وەک بیل گەیتس بووە بە ملیاردێر. نەک لەبەر ئەوەی کەسێکی زۆر بلیمەتە(genie) ، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە چەند تاکتیکی شەڕەنگێزانەدا سەرکەتوو بووە کە چەندین ملیۆن بەکارهێنەری کۆمپیوتەر بە کەمپانیاکەیەوە گرێ بدات. بەناچاری بۆ ئەوەی ئاگاداری تازەترین بەرهەمەکان بیت ناچاریت کە بەرهەمەکانی هەمان کەمپانیا بکڕیتەوە. ئەگەر ئەو کەمپانیایە بە شێوەیەکی کتوپڕ بریار بدات کە بێبەش بیت لە بەرنامەیەکی دیاریکراو، ئەوسا ئەکەویتە گەورەترین کێشەوە. هەندێک لە بانکەکان تاوەکو ئێستاش وەشانە کۆنەکانی سیستمی کارپێکردنی OS/2 بەکار دەهێنن، چونکە هێشتاش نەرمەواڵەکانی ئەم بانکانە لەسەر هیچ شتێکی تر کار ناکات. ئەو کەمپانیایەی کە نەرمەواڵەکەی نوسی و لە تازەکردنەوەیدا دەوری هەبوو ئێستا مایەپوچ بووە(failliet). هەربۆیە بانکەکان تاوەکو ئێستاش ئەو سیستمە کۆنە بەکار ئەهێنن.

ئایا چۆن بتوانین کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئەو فایلانە بکەین کە پاشەکەوتیان ئەکەین؟ هەروەکو پێشتر وتم زۆرێک لە کەمپانیاکان ناسێنەرەی(specificatie) فۆرماتی فایلەکانیان بە تەواوی بڵاو ئەکەنەوە- بۆ نمونە وەک ئەدۆبە Adobe بە شێوازی PDF، یان پەیمانگای فرانهۆفەر بەmp3 - ئەتوانین ئەو پرۆگرامۆچکانە دروست بکەین بۆ گوێلێگرتنیان، یان کۆپی‌یان بکەین بۆسەر سی دی. هەرچەندە ئەم کەمپانیایانە مافی بیرۆکەی فۆرماتەکانیان(شێوازەکانیان) هەیە، ئەبێت بیر لە بەکارهێنانی چەند فۆرماتێکی ناسراو بکەینەوە. ئەمە هەنگاوێکی باشە بە ڕێ‌ی ڕاستدا. بەڵام بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت لەو گروپانەی کە ئامانجیان تەنها قازانج بەدەستهێنانە ئەم ڕێوشوێنە بەس نی‌یە. لە نمونەکانی پێشوودا بە تایبەت سەبارەت بە mp3 ئەوەمان رون کردەوە ئەگەر میتۆدی کەسێکی بەکاربهێنیت بۆ پاشەکەوتکردنی زانیاری ( تێکست، وێنە یان موزیک) ئەوا هێستا مافی ئەوەی ئەمێنێت کە بڕیار بدات کە کێ میتۆدەکەیان بەکاربهێنێت و لەو ڕووەشەوە داوای پارە بکەن. ئەوەمان بیر نەچێت یەکەمین ئامانج لە کارگەکان لە ژێر سایەی دەسەلاتی سەرمایەداریدا بەدەستهێنانی پارە و قازانجە.

ئەی کەوایە لە ڕاستیدا ئەبێت نەرمەواڵە لە کێ بکڕم تا بە ئارەزووی خۆم ئەوەی لێم ویست دەستکاری بکەم. باشە، کەسانێک هەن کە هەروا ئەیبەخشن. نمونەی فایلەکانی PDF هەن نمونەیەکی زیندووی پێوانەی کراوەیە. هەر زانستوانێکی کۆمپیوتەر ئەزانێت کە چۆن کار ئەکات، لە بەر ئەوەی ئەدۆبە Adobe ، ئەو کەمپانیایەی کە ئەم فۆرماتەی دروست کرد، زانیاری تەواوی بەخشیوە لە بەکارهێنانی فایلەکانی PDF دا ، هەروەها دروستکردن و پاشەکەوتکردن و چاپکردنیشی. بە بێ ئەوەی کە پارەی زیاتر بدەیت. ئەمە بۆ هەمیشە ئەمێنێت. تەنانەت ئەگەر ئەدۆبەش مایەپوچ بێت ئەوا فایلەکانی PDF هەر بەکاردەبرێن . ئەمە وەک ئەوە نی‌یە کە موزیکێک بکڕیت لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بۆ نمونە لە ڕێگای iTunes ، لەم بارەدا ئەم فۆرماتە لە پێوانەیەکی داخراودا یە کە هی ئاپڵ ە Apple و لەسەر iPod ئەتوانیت گوێبیستی بیت نەک لەسەر ئامێری تری mp3 .

جۆری دووەمی ڕێگەپێدانی نەرمەواڵە کە باسمان کرد بریتی‌یە لە نەرمەواڵەی کراوە. زۆرینەی ڕیگەپێدانە کراوەکان ( بەشێکی کەمیان نەبێت) ڕیگەت پێ ئەدەن ئەوەی ئەتەوێت دەستکاری بکەیت، شتی لێ فڕێ بدەیت یان بیگونجێنیت و زیادی بکەیت. نەرمەواڵەکان بە خۆرایی ئەبەخشن. لەوانەیە هەندێک جار لەسەرەتادا بیکڕیت، بەڵام هەرکاتێک کە کرتەت کرد لە دوگمەی من ڕازی ئەبم “ik ga akkoord” لەکاتی دامەزراندیدا ئیتر مافی ئەوەت هەیە کە دەستکاریشی بکەیت. ئەگەر بتەوێت شتی زیادەی بۆ زیاد بکەیت ئەوا ئەکرێت بەهاوکاری کەسێک کە شارەزا بێت ئەوە ئەنجام بدەیت، ئەتوانیت چەندین کاری پێ بکەیت و دواتر کارەکان بفرۆشیتەوە ئەوەش ئەبێت. بۆ نمونە ئەتوانیت هەمیشە OpenOffice بەکاربهێنیت کە بەرنامەیەکی تێکستی سەرچاو کراوەیە ، هەرچ شتێک ڕوو بدات هەمیشە دۆکیومێنتەکان ئەمێننەوە لە فۆرماتەکەی و ئەتوانیت بیانکەیتەوە. ئەمە گیانی(بیرۆکەی سەرەکی) سەرچاوە کراوەکانە کە هیچ کەسێک نابێت وابەستە بێت بە کەسانی سێ‌یەمەوە تا بتوانێت دۆکیومینتەکانی ( کە موڵکی خۆیەتی ) بەکاریان بهێنێت ( دواتر زیاتر سەبارەت بە سەرچاوە کراوەکان قسەو باس ئەکەین).

لە پاڵ پێوانە داخراوەکاندا پێوانە کراوەکانیش هەن. پێوانەیەکی کراوەیی پێت ئەڵێت کە چۆن شتێک کار ئەکات و لە ژێر موڵکایەتی کەسی تردا نی‌یە. تەنها لە هەندێک جاردا چەند ڕێکخراوی سەربەخۆو بێ قازانج هەن کە سەرچاوەکان یاداشت ئەکەن. بەمەدا بەهێزیی کۆکردنەوەی هەردوو نەرمەواڵەی کراوە و پێوانە کراوەکانمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە ، هەموو کەس ئەتوانێت لەگەڵ کەسانی تردا پەیوەندی بکات بە بێ ئەوەی وابەستە بێت بە کەسانی ترەوە. ئەم بیرۆکەیە هەر ئەمرۆ هەیە و کاری پێ ئەکرێت ،. لە ئینگلیزیدا پێی ئەڵێن سەرچاوە کراوە open source بەڵام زاراوەی دروستتر ئەوەیە بڵێین نەرمەواڵەی ئازاد ‘vrije software’ .

نەرمەواڵەی ئازاد لە بەرامبەر نەرمەواڵە داخراوەکاندا

بڕوانە بەشی دووەم و کۆتایی

سەرچاوە : دە فۆنک

هونەرمەند هانی