پاش مردنی قەزافی: شۆڕش و دژە شۆڕش لە لیبیا - بەشی سێیەم
نوسینی ئالان ودز – ٢١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١١
وەرگێرانی هاوپشتی - کامەران ئەحمەد
بەشی سێیەم
(داڵ)ەکان ئەسوڕێنەوە
لە کاتێکدا کە دواین دێڕەکانی ئەم بابەتە ئەنوسم دواین قەڵاکانی ڕژێمی قەزافی هەرەسیان هێناوە. قەزافی خۆی دەستگیرا کراو کوژرا. هێرشە بەردەوامەکانی قەزافی بە جەنگی درێژخایەن چەند قسەیەکی سواو و بێناوەرۆک بوون هەرچەندە ئەوەی کە لایەنگران و دەستوپێوەندەکانی لە داهاتوودا بە دەستگرتن بە چەند ڕێگەی تیرۆر و شەڕی لێرەولەوێ هەوڵ ئەدەن کە ناجێگیری بۆ ڕژێمی داهاتووی لیبیا پێکبهێنن.
تەنانەت پێش کوژرانەکەشی ئیمپریالسیەتاکان لە جووڵەدا بوون. ئەمریکا خێراو بەفەرمی دەستی کرد بەکردنەوەی باڵوێزخانەکەی خۆی. باڵوێز لەو هەلە بازرگانییەی بۆیان هاتۆتە پێش سەرگەرمی هەوڵەکانی خۆیەتی بۆ کۆمەک و دابینکردنی گرێبەست بۆ کەمپانیا ئەمریکییەکان و (کلنتۆن)یش سەردانی وڵاتی کرد کە بێگومان ئەمیش لە هەوڵی دابینکردنی گرێبەستی قازانجبەخشە بۆ کەمپانیا ئەمریکییەکان.
پێدەچێت دەسەڵاتدارە نوێکانی لیبیا زۆر سوورتر بن لە خۆخستنە باوەشی ئیمپریالیستەکانەوە. لە دواین کۆنفرانسی هەفتەی ڕابردوودا مستەفا عبدلجلیل سەرۆکی ئەنجومەنی کاتیی (هەڵنەبژێردراو)– کە خۆی خۆی بە سەرۆکی یاخیبووە کۆنەکان ئەناسێنێت- ڕایگەیاند "کە حکومەتی نوێ بە پلەی یەکەم لایەنگرە ئەوروپییەکانی خۆی لە دەستڕاگەیشتن بە بازرگانیکردن لە لیبیا لەبەرچاو ئەگرێت". ڕایگەیاند کە هیچ ڕێکەوتنێکی پێشوەخت لەگەڵ هاوکارە ڕۆژئاوایییەکان نەکراوە، "بەلام وەک خەڵکێکی موسڵمانی دڵسۆز هەوڵە کۆمەکەکانی ڕۆژئاوایییەکانمان لا سەنگینە و لە چوارچێوەیەکی ڕووندا ئەمان بە پلەی یەکەم لەبەرچاو ئەگرین!".
حکومەتی کاتیش ڕایگەیاند کە "ڕێز لە هەموو ئەو گرێبەست و ڕێکەوتنانە ئەکات کە لە سەردەمی قەزافیدا واژۆ کراون بەو مەرجەی کە مەشروع بن، و ڕایگەیاند کە هەر گرێبەستێک لە گەندەڵی دارایییەوە ئاڵا بێت چاوپیاخشاندنەوەی یاسایی بۆ ئەکرێت" ڕایگەیاند " گەندەڵی لە هەموو ئەو بوارانەی گرێبەستە بازرگانیەکانی داوە کە قەزافی دەستی بۆ بردوون، بیرۆکراسی لە ناخیدا ژیاوە لەبەر ئەوەی تەنها بەو شێوەیە توانیویەتی بژێت، هەمیشە خانەوادەکەی لە لوتکەی گرێبەستەکاندا بوون و لە هەر گرێبەستێکدا دەستکەوتێکی مسۆگەری بۆ خانەوادەی قەزافی تێدا بووە".
بەڵام لەگەڵ وتنی هەموو ئەمانەدا بە ویژدانێکی زۆر ساردەوە خۆی لەو ڕاستییە دزییەوە کە ژمارەیەکی زۆری ئەندامەکانی ئەنجومەنی کاتیی لە ڕژێمەکەی قەزافییەوە هاتوون و خۆیان بەشێکی سەرەکی ئەو گەندەڵکارییانە بوون. عبدلجلیل تا ئەم دوایییانەش خۆی ئەمینداری لیژنەی گەل بوو لەسەردەمی قەزافی بەڵام هەر زوو کە زانی ڕەشەباکە ڕووی لە کوێیە خۆی لە کەشتییە نوقومبووەکە دەرباز کرد و خۆی وەک یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕش ناساند. لە قسەکانی بەردەوام ئەبیت و ئەڵێت" سەرکردە نوێکانی لیبیا پابەندبوونی خۆیان بە پێوانە نێونەتەوەیییەکانەوە شەفافیەت دووپات ئەکەنەوە کە پێم وایە ئەمە شتێکی زۆر باشە".
سارکۆزی کە خۆی هاودەمێکی گەرمی قەزافی بوو لە خۆپیشاندانێکی ئەم دوایییانەی بنغازی هاوپشتی فەڕەنسای بۆ ڕژێمی نوێی لیبیا ڕاگەیاند کە هاوشان لەگەڵیدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەیڤد کامیرۆن ئامادە بوو و ئەمیش هەمان شتی ڕاگەیاندەوە.
دیپلۆماتێکی گەورەی لیبی لە لەندەن بە بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی ڕاگەیاند کە" هاوکاری بەریتانیا لە ڕووخانی قەزافی هەرگیز لەبیر ناکرێت و بە دڵنیایییەوە کەمپانیا بەریتانییەکان ئەتوانن ڕۆڵێکی زۆر ببین لە ئاوەدانکردنەوەی لیبیا" هەروەها وتی" دڵنیاتان ئەکەمەوە کە بەریتانیا ئەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت، و هیوادارین کە پێکەوە کاربکەین بۆ بیناکردنەوەی لیبیای داهاتوو" ئەمەی لە کۆبوونەوەیەکدا باس کرد کە سەد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەریتانی تێیدا ئامادەبوون کە جگە لە ڕۆیتەرز نەبێت ڕێگا بە میدیاکانی تر نەدرا لە کۆبوونەوەکە بەشدار بن، ئەمەش زۆر ڕۆشنە کە بۆ؟، چونکە ئەم بەڕێزانە حەز ناکەن کە جیهان بزانێت کە چۆن بازرگانیکردن شوێن ئاڵای دیموکراسی ئەکەوێت!
سەرکردە ئەوروپایییەکان دوودڵی خۆیان لە دەستڕاگەیشتنی ئیسلامییە توندڕەوەکان یان ئەوانەی دژ بە ڕۆژئاوان بە کورسی دەسەڵات ڕاگەیاند. بەڵام ئیسلامییەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ تەئکیدکردنەوەیان لە " مۆدێرنێتی، دیموکراسیخوازی و پلورالیزمی- باوەڕ بە چەندایەتی-" ڕەوتەکانیان. ئەمانیش ئامادەن کە هەرشتێک لە لیبیا هەیە بەو کەسانەی کە پارەی زیاتر ئەدەن بفرۆشن.
لە کۆنفراسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ١٥٠ کەمپانیای ئەمریکی تێدا ئامادەبوون باڵوێز جین کرێتز (Gene A. Cretz ) ڕایگەیاند "هەموو ئەزانین کە نەوت خشڵی تاجی سامانە سروشتییەکانە لە لیبیا، تەنانەت لە سەردەمی قەزافیشدا پاش ئەوەی کە لیبیا شەش ساڵ لەمەوبەر دەستی بە کرانەوە لە بەرامبەر ڕۆژئاوا کرد لە A ەوە تا Z ( مەبەست لەوەیە کە هەموو شتێکیان ئەکرد) هەوڵیان ئەدا کە ژێر خانی ئابووری و شتی تر چاک بکەن". درێژە بە قسەکانی ئەدا و ئەڵێت :" ئەگەر بتوانن کە ئامادەیی کەمپانیا ئەمریکییەکان بە بەرینایییەکی زۆرە لێرە مسۆگەر بکەین، کە هەموو شتێک ئەکەین لەم پێناوەدا، ئەوا بێگومان ئەتوانین ژیان و بارودۆخ لە ئەمریکا چاک بکەین بەڕێزگرتن لە کارەکانی خۆمان".
بەڕێز کریتز ئەڵیت" نەوت هەرگیز هۆکاری سەرەکی دەستێوەردانی ئەمریکا نەبووە لە لیبیا" بەڵام هەر قسەکانی پێشتری باس لە سووربوونی ئەمریکییەکان ئەکات بۆ هەر ڕاوکردنێکی قازانجبەخشانە بە کەمپانیاکان. هەر سەرنج و قسەکانی خۆی دانپیانانێکی ئاشکرایە بە ئامانجی ئەمریکا و ولاتانی ئەوروپا بۆ دەستێوەردان لە لیبیا. ئەوان تەنها بایەخ بە سامانە نەوتییەکانی لیبیا نادەن بەڵکو بە فرۆشیی ئەو ئامێرو مەوادو خزمەتگوزارییانەش کە کڕین و فرۆشتنی ئەو سامانە مسۆگەر ئەکەن. لە جەرگەی ئەم قەیران و لەپەلوپۆکەوتنەی بازاڕدا ئەمانە هەلێکن کە نابێت لە دەست بچن بۆ ساغکردنەوەیان لە بازاڕەکانی لیبیا!.
ئەم دەستێوەردانانەی ئیمپریالیزم ئەبێتە ئاکامی سەرهەڵدانی چەندین ناکۆکی تازە. یاخیبووەکان وەک شەڕەپشیلە بەربوونەتە گیانی یەک. عبد الفتاح يونس یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پێشووی سوپا لە بارودۆخێکی نەزانراودا لە مانگی حەوت کوژرا. زۆرێک پەنجەی تاوانیان بۆ ئیسلامییەکان راکێشا، بەڵام ئەمە هەر ساغ نەبۆوە. پاش شکستی قەزافی لە باب ئەلعەزیزیە لە کۆتایی مانگی ئۆگستدا یەکێک لە ئیسلامییە توندڕەوەکان عبد الحكيم بلحاج کە بە (أبو عبدالله الصادق) ناسراوە هەوڵی کۆدەتای دا بۆ دەستگرتن بەسەر سەرکرادیەتی سەربازی تریپۆلیدا. ئەمە بووە هۆکاری ناکۆکی لەگەل ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازییەکانی تر کە ناکۆکن لەگەڵیدا بۆ نمونە (عبدالله ناكر) کە بە (CNN ) ی ڕاگەیاند: " عبدالحکیم بلحاج کێیە؟ و کێی دایمەزراندووە؟ ئێمە نایناسین. ئێمە سەرکردەین، ئێمە شۆشگێڕەکانین. ئێمە هەموو هەموو شتێک ئەزانین" . کێ بلحاجی دامەزراندووە پرسیارێکی زۆر گرنگە بەڵام ئەکرێت هەمان پرسیار ئاراستەی عبدالله ناكر خۆی و هەموو هاوشانەکانی لە ئەنجومەنی کاتیی بکەینەوە. سەرۆکی ئەنجومەنەکە (عبدالجلیل) هەوڵی دا کە ڕێ لە تەشەنەکردنی ناکۆکییەکان بگرێت، پاش ئەوەی کە چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردە جیاوازاەکان ئەنجامدا باوردوۆخەکە بە ڕاددەیەکی وا گەرم و شلۆق گەیشتبوو کە ناچار بوو ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرە جیاوازەکاندا کۆببێتەوە.
بلحاج تاوانبار ئەکرێت بەوەی دەستی لەگەڵ قەتەرییەکان تێکەڵ کردووەو ئیمکاناتی ماددی بۆ دابینکراوە تا چەک و تەقەمەنی بکڕێت. قەتەریش وەک بەشێک لە ناتۆ هەوڵی دەستێوەردانی دا لە لیبیا. بەهەمان شێوەی بەریتانیایی، فەڕەنسی، ئەمریکی و ئیتالییەکانەوە لە ریگای هاوکار و لایەنگران و بەکرێگیراوەکانییەوە بە دوای دابینبکردنی بەرژەوەندیەکانیەوەیەتی. ئەم هەموو دەستێوەردانە دەرەکییانە ئەبنە هۆکاری دابەشبوونی نێوان بەرەی یاخیبووەکان بەراددەیەک کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی لیبیاش ئەکات.
سەرباری ئەو خۆپیشاندانە دۆستانەیەی کە لە بنغازی ڕێکخرا، زۆربەی جەماوەری خەلک لە لیبیا ڕقیان لە ئیمپریالیستەکانەو باوەڕیان پێیان نییە. ئەوە ئەزانن کە شۆڕشی لیبیا هاوکاریی ڕۆژئاوایییەکانی کۆکردەوە لەبەر ئەوەی وڵاتەکە لە نەوتدا دەوڵەمەندە. و بەریتانیایی، فەرەنسی و ئەمریکییەکان تەنها بە دوای تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکانەوەن. بارودۆخەکە لە هەمان بارودۆخی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەچێت بەڵام بە جیاوازیەکی گرنگەوە کە سەربازەکانی ئەمریکا لێرە بوونیان نییە.
لیبییەکان باش ئەزانن کە بۆ دەیان ساڵ سەرکردەکان لە بەریتانیا و فەڕەنسا گەرمترین هاوڕێیەتییان لەگەڵ قەزافیدا بەرقەرارکرد. باشیان لە بیرە کە ساڵی ٢٠٠٧ چۆن سارکۆزی قەزافی لەباوەشکرد و چوارساڵ تێنەپەڕی بێ هیچ دوودڵیەک دەستی کرد بە بۆمبارانکردنی. باش لەوە ئەزانن کاتێک کە تۆنی بلێر چووە تریپۆلی بۆ پاڕانەوە بوو تا گرێبەستی چەند کۆمپانیایەیکی نەوت مسۆگەر بکات.
باش ئەوە ئەزانن کە ئەو کەسانەی کە خۆیان بە دیموکراتیخواز ئەناسێن چۆن زیندانییە سیاسییەکانیان ڕادەستی تریپۆلی ئەکردەوە تا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ڕژێمی قەزافییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ئەشکەنجە بدرێن. خەڵک درەنگ یان زوو دەست بەسەر هەموو فایلەکانی وەزارەتی دەرەوە و نەوتدا ئەگرن و هەموو ئەو نهێنییە ژێربەژێرانەی بلێر و سارکۆزی و بەرلسکۆنییان لەگەڵ قەزافی بۆ دەرئەکەوێت تەنها لە بارێکدا نەبێت مەگەر دەزگا ئەمنی و ئیستخباراتییەکانی فەڕەنسا و بەریتانیا زوو دەستیان بەو فایلانە ڕابگا و لەبەرچاو ونیان بکەن.
کێ سەرئەکەوێت؟
لە لێکدانەوەی هەر دیاردەیەکدا پێویستە بە ئاگاهانەوە جیاوازی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرین. پێشکەوتووخوازان لە کۆنەپەرستان جیا بکەینەوە. لە بارودۆخی لیبیادا ئەمە ئاسان نییە. بزووتنەوەکە لە لیبیا چەندین توخمی جیاواز و دژبەیەکی تێدایە، هەم کۆنەپەستان و هەم توانا شۆڕشگێڕییەکان. چەند هێزێک هەن کە لە ناکۆکیدان بۆ رابەرایەتیکردنی شۆڕشەکە. ئەم ناکۆکی و کێشمەکێشە هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە و ئەکرێت بە چەند ڕێگایەکی جیاوازدا تێبپەڕێت و هەروەکو لە بابەتێکی ترمدا لە مانگی هەشت ئاماژەم پێیدا.
ئاکامی کۆتایی لەم بارودۆخە ئاڵۆزو دژ بەیەکەدا هێشتا نادیارە. لە لایەکەوە بزووتنەوەی جەماوەری خەڵک و لە نێویشیاندا چینی کرێکار بەدوای داخوازی و بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیەتی. لە لایەکی ترەوە توخمەکانی بۆرژوازی لەگەل ئیمپریالستەکاندا هەوڵ ئەدەن تا کۆنترۆڵی باردۆخەکە بکەن. مۆتۆڕی سەرەکی شۆرشەکە کە گەنجان و شەڕکەرە یاخیبووەکانن کە ئازا و ڕاستگۆن، بەڵام ئەمانە ناڕۆشن و ناڕێکخراون، و ئەکرێت لە لایەن ڕەوتە ئسوڵی و دیماگۆجییەکانەوە بە ئاسانی لەخشتە ببرێن. بەم دوایییانە ڕەوتێک لە چینی کرێکار دەستی کردووە بە بزووتن و داخوازییە چینایەتییە سەربەخۆکانی خۆی ڕاگەیاندووە بەڵام بە ژمارە کەمن و لە ڕابەرایەتیەکی گونجاو بەهرەمەند نین.
ڕۆشن نییە کە کام لەم هێزانە لە داهاتوودا سەرکەوتوو ئەبن . ئەنجومەنی کاتیی کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیری لێئەکرێت تا ئێستاش لاوازە و جەماوەرێکی دیاریکراوی هەیە. بەم دوایییانە چەند خۆپیشاندانێک بە دژیان لە شارەکان لە نێویشیاندا بنغازی ڕێکخرا. تاوەکو ناوەڕاستی مانگی سێپتەمبەریش لەگەڵ ژمارەیەک لە گروپە یاخیبوو و ڕەوتە سیاسییەکان لە ڕکابەریدا بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵات. هیچ گارانتی ئەوە نییە کە ئەنجومەنی کاتیی بتوانێت حکومەتێکی لەسەرپێوەستاو دابمەزرێنێت. لاوازی ئەنجومەنەکە لەوەدا دەرکەوت کە تەنانەت لە پاش ڕووخانی تریپۆلیش لە بنغازی مایەوە، ڕوونتر بڵێین ئەترسن بێنە پایتەختەوە کە لە لایەن هێزە میلیشیایییەکانەوە دەستی بەسەرداگیرا.
نیکۆڵاس پێلهام لە پێشانگای پەرتوکی نیویۆرک (The New York Review of Books) ئەنوسێت:" هەموویان ئەیانویست بە یەکگرتووی خۆدەربخەن کاتێک کە نوێنەرێکی ئەنجومەن لە بنغازییەوە کە وەزیری دارایی عەلی تەرحونی بوو گەیشتە تریپۆلی، بەڵام هەمان ئەو کاتەی کە خەریکی بەستنی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی بوون کاتێک کە ژمارەیەک لە یاخیبووەکان چوونە سەر کورسییەکان یەکسەر ناکۆکی و کێشە لە نێوانیان سەرلەنوێ سەریهەڵدایەوە. لەژێر سورەیای هۆڵی ئوتێلەکەدا تەرحونی کە لیستێکی دوورودرێژی ئامادەکردبوو بۆ سوپاسگوزاری ئەو لایەنانەی کە لە ناوخۆو دەرەوە کۆمەکیان کردبوو لە ڕووخانی قەزافی بەڵام ناوی تریپۆلییەکانی بیر کرد. یەکیک لە ئەندامانی ئەنجومەنی تریپۆلی بێزاری خۆی دەربڕی و وتی" نایەوێت ئەو ڕۆڵە لەبەرچاو بگرێت کە سەرهەڵدان ئەنجامی دا لە تریپۆلی" و گەرایەوە دواوە لە کاتێکدا کە تەرحونی خەریکی قسەکردن بوو". ئەو گومانەی پیشاندا کە تاوەکو ئێستاش ڕۆژهەلات هەوڵ ئەدات کە ڕکابەری ڕۆژئاوا بکات. ئەندامی ئەنجومەنەکە درێژەی بە قسەکانی دا" ئەگەر پێی وایە کە بەو خەڵکە کە شارەکانی خۆیان ئازاد کرد بڵێت کە چەکەکانتان دابنێن ئەوا بە پاکێتێکدا بۆی ئەنێرین".
پاتریک کۆکبێرن ئەنوسێت:" ئەندامانی ئەنجومەنی کاتیی هێواشییان نواند لە گەیشتنیان بە تریپۆلی و لەهەمان کاتدا هێواشییان نواند لە بەدەستەوەگرتنی بارددۆخەکە کاتێک کە گەیشتن. عبدالرحمن ئەلکیب پێی وایە کە سیاسییەکان سەرباری لێدوانیان لە پێشەکانیان سەبارەت بە سەرکەوتن بەڵام ناڕێکخراوبوون، چونکە وایان بیر نەدەکردەوە کە قەزافی وا بە خێرایی هەرەس بهێنێت، هێزەکانی بەو شێوەیەی کە پێشبینیمان ئەکرد بەهێز نەبوون".
ناکۆکی هاتە ئاراوە لەسەر ئەوەی کێ دەست بەسەر پارەکانی لیبیادا بگرێت. خاوەن نفوزە ناوچەیییەکان دەرکەوتن. کێشە لە لیبیا ئەوەیە کە زۆربەیان پێش ئەوەی پابەند بن بە وڵاتەکەیانەوە پابەندن بە خێزان، هۆز و عەشیرەت، دێهات و شارەکانیانەوە.
پاتریک لە نوسینەکەی بەردەوام ئەبێت:" ئەنجومەنی کاتیی لاوازو هەڵوەشاوە و بێتوانایە لە گرتنە دەستی دەسەڵات. بەپێچەوانەی ئەمانەوە لیژنە ناوچەیییەکانی خەڵک کە پارێزگاری لە ئاسایشی شەقام و گەڕەکەکان ئەکەن زۆر بە تواناترن. هەرچەندە ئەوەی کە کەمی ئاو، سوتەمەنی، و خواردەمەنی لە دوکانەکاندا هەیە بەڵام ئەم لیژنانە بە درێژایی شەش مانگی ڕابردوو لە خەمی کۆکردنەوەی ئەوانەدا بووە و کردوویەتی تا بتوانێت بەر بە هەر قەیرانێکی مرۆیی بگرێت کە ڕووبدات. بەڵام ڕابەرایەتی سیاسی لاوازە و پێدەچێت کە میلیشیا ناوچەیییەکان بە تەواویی دەست ببەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆیان، لەوانەیە دەسەڵاتداری تازەی لیبیا نەتوانێت بەرگەی زۆرێک لەو فشارانە بگرێت کە لەسەریەتی بەڵام لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەی عێراق و ئەفغانستانەوە ناچاریش نەبێت".
لە نەبوونی ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕدا پێدەچێت کە بۆرژوازییەکان بتوانن بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ بن بەڵام هەروا بە ئاسانی بۆیان تێناپەرێت و دەرگیری کێشەی جدی ئەبنەوە. لە پلەی یەکەمدا ئەوانە ڕووبەڕووی خەڵکانێک ئەبنەوە کە چەکدارن، هەربۆیە یەکەمین هەنگاویان دەستبردنیانە بۆ چەککردنی خەڵک و لێسەندنەوەی چەکەکانیان بەڵام ئەمە هەر بە قسە ئاسانە. باڵوێزی ئەمریکا چەند فاکتەرێکی بەهەند وەرگرتووە کە لە نێویاندا چەککردنی خەڵک و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا سەربەخۆ زۆرەکانە.
ئیسماعیل سەلەبی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی لە بنغازی داوای کرد هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی کاتیی کرد و ئەندامەکانی بە " پاشماوەکانی ڕژێمی قەزافی" و " دەستەیەک لە لیبراڵەکان کە هیچ ڕەگێکیان لە کۆمەڵگای لیبیادا نییە" وەسف کرد.
زۆرێک لە شەڕکەرەکان ، وەک سەلەبی، پێیان وایە کە ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە ڕووخانی قەزافی، ژمارەیەکیان لەوە زیاتر ئەڵین و پێیان وایە کە دەستبەسەرداگرنتی خێرای تریپۆلی ئەنجومەنی کاتی توشی سەرسامی کرد چونکە بەم هەنگاوەیان توانییان نەخشەکەی ناتۆ (دابەشکردنی لیبیا بەسەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) شکست پێبێنن. پێیان وایە کە ستراتیژی ناتۆ ئەوە بوو کە پێشڕەوی سەربازی نەکات لە ڕۆژئاواو شارۆچکەی بەرقە بکات بە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ڕۆژهەلاتی ئازادبوو و ڕۆژئاوای ژێر دەسەلاتی قەزافی.
سومەیە غەنوشی لە گاردیان بابەتێکی سەرنجڕاکێسی لەمبارەیەوە نوسیوە، هەڵبەت ئەبێت ئەو ڕاستییەش لەبەر چاو بگرین کە سومەیە کچی غەنوشی ڕابەری حزبی نەهزەی ئیسلامییە لە تونس. ئەوەی کە نوسیویەتی زۆر سەرنجراکێشە دەربارەی ناکۆکیەکانی نێوان یاخیبووەکان و ئەنجومەنی کاتیی. ئەنوسێت:" ئەم ناکۆکییە بە چەند شێوازێک لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکە بەڕێوە چوو، لەهەر بارێکیاندا داینەمیکی ناخۆیی شۆڕشە جۆراوجۆرەکانە لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە کە لەسەر لۆژیکی دەستبەسەرداگرتن دامەزراون هەڕەشەیان لێئەکرێت. ئەوەی گرنگە لە باردۆخەکە ئەوەیە کە ئایا بەهاری عەرەبی ڕوو لە گۆڕانکارییەکی حساببۆکراو، دیاریکراو، و چاودێریکراو ئەکات کە یاریزانە نوێکان جێی یاریزانە کۆنەکان ئەگرنەوە بە بێ ئەوەی هیچ گۆرانکارییەک لە بنەمای یاریکردنەکەدا ڕووبدات و یان جەنگ بە وەکالەت لە ڕێگای ژمارەیەک لە هێزە ناوخۆیییەکانەوە هەڵئەگیرسێت بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ڕژێمی کۆن بە رژێمێکی نوێ. ئەمە ئەوەیە کە هێزە دەرەکییە جیاوازەکان ئەیانەوێت بیبینن".
" قەزافی ڕۆیشت، بەڵام ئێستا لیبیا بووە بە مەیدانی چەند جەنگێکی تر، نەک تەنها ناکۆکی نێوان ناتۆ و یاخیبووەکان، بەڵکو لە لە نێوان هێزە دەرەکیەکان خۆشیان کە سەرمایەگوزارییان لە جەنگەکەدا کرد. فەڕەنسییەکان کە بڕیاریان داوە لە دەسەڵاتدارێتی سیاسی و ئابورییان هەبێت، ئیتالییەکان کە لیبیا وەک باخچەیەکی پشتەوەی ماڵەکانیان هەژمار ئەکەن، بەریتانییەکان کە مەبەستیانە پارێزگاری لە گرێبەستەکانیان بکەن کە پێشتر لەگەڵ رژێمی قەزافی کردوویانە.، تورکەکان کە بە دوای زیندووکردنەوەی نفوزی خۆیانن لە ناوچە کۆنەکانی ژێر دەسەڵاتداری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بێگومان دۆڕاوەکانیش چین و ڕوسیا دەرچوون".
ڕۆڵی چینی کرێکار
شۆڕشی لیبیا درامایەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ڕووخانی قەزافی بەشی یەکەمێتی. پاشەڕۆژ لە ئەنجامی ناکۆکی هێزە زیندووەکانەوە دیاری ئەکرێت و ئەنجامی کۆتاییش هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە. چەند ئەگەرێک ئیمکانیان هەیە – هەم شۆڕشگێرانە و هەم دژ بە شۆڕشیش. گۆڕانکارییەکانی داهاتوو هەم لەسەر بنەمای ڕووداوەکانی نێوخۆی لیبیا و هەم لەسەر ئاستی نێو نەتەوەییش دیاریئەکرێن. لێرەدا خستنە ڕووی پرسیارەکە بە شێوەیەکی دروست گرنگە: ئایا ڕووخانی قەزافی سەرکەوتنێک بوو بۆ شۆڕش یان دژەشۆڕش؟ بێگومان بە لابردنی ڕێگرییەکی گەورە لەسەر ڕێگای خەباتی چینی کرێکار ئیمکاناتێکی نوێ هاتوونەتە پێش و لەگەڵیشیدا مەترسی نوێی دروست کردووە. لە ئەنجامی نەبوونی چینێکی کرێکاریی پتەو بوو کە ناکۆکییەکان ڕوویان کردە شەڕێکی نێوخۆیی درێژخایەن. گەنجانی یاخی پەیوەست بوون بە گروپە جۆراوجۆرە شۆڕشگێرەکانەوە کە ئەمانەش زیاتر لە سەر بنەمای هۆز و تیرە یان دڵسۆزی بۆ کەس و ناوچەیەک دامەزرابوون. چەکدار بوون و لە لایەن چەند بزنسمانێکەوە چەک و ئۆتۆمبیلیان بۆ دابین ئەکرا. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێکخراوێکی کرێکاری سەربەخۆ بوونی نییە، ئەمە سەرباری نەبوونی پارتێکی مارکسیستی شۆڕشگێری ڕاستەقینە، هەربۆیە ئاسۆی سیاسی ئەم یاخیبوووانە تەنها لە چوارچێوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی سەرمایەداراندا قەتیس ماوەتەوە بە وشەیەکی تر لە چوارچێوەی جۆرێک لە جۆرەکانی دیموکراسی بۆرژوازی. ئەمانە هەموو نیشانەی پرسیار دائەنێن لەسەر ئایندەی بزووتنەوەکە.
ئایا لە داهاتوودا ئیمپریالسیەتەکان سەرکەوتوو ئەبن لە سەپاندنی حوکمەکانیان و سەرشۆڕپێکردنی شۆڕش لە پێناوی بەرژەوەندییەکانیان. ناکرێت پێشوەخت وەڵامی ئەم پرسیارە بە یەقینی بدەینەوە. چەند هێزێکی گەورە هەن کە پاڵ بە ڕووداوەکانەوە ئەنێن بەم ئاراستەیەدا. بەڵام هەر کارێک دژە کاردانەوەی یەکسانی هەیە. ئەوەی کە کەسانێک ئاڵاکانی فەڕەنسا، بەریتانیا ( و میسر و جەزائیر و قەتەر ) ئەشەکێننەوە بە مانای ئەوە نییە کە خەڵکی لیبیا هەروا دەستەوەستان دائەنیشن تا سامانی نەوتەکەیان بە ئاسانی بەو کەسانەی کە پارەی زیاتر ئەدەن بفرۆشرێت. ویستی ئەم وڵاتانە لە بۆمبارانی ڕژێمی قەزافی شتێکە و گەڕانەوە بۆ ژێر داگیرکاریی لیبیا شتێکی ترە. گرنگە بزانین کە ئەنجومەنی کاتیی سەرباری هەڵوێستە لاوازەکەی لە بەرامبەر ڕۆژئاوا بەم دوایییانە دژی هاتنی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە ئەمە خۆی بەهێزی ئەو فشارە کۆمەڵایەتییەمان بۆ دەرئەخات کە لەسەر ئەنجومەنی کاتیی هەیە. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە جەماوەری خەڵک بە گومانەوە ئەڕواننە ئەنجومەنی کاتیی و ڕێگری خۆیان نیشان دا لە دەستێووەردانی ئیمپریالسیتەکان لە لیبیا.
ئەو کەسەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا لەسەرەوە کە شایەدحاڵێکی واقیعی ناو ڕووداوەکانی تریپۆلی بوو ئەنوسێت:" تا ئێستاش ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵی سەرشۆڕپێکردنی شۆڕشدان بۆ بەرژەوەندییەکانیان. ژمارەیەک لە یاخیبووەکان کە هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نییە هەوڵیان دا کە دەست بە شۆڕشەکانی عەرەبدا بگرن، ئەمانە هیچ خۆشییان بە یموکراسی ڕاستەقینە نایەت بەڵکو بە دیموکراسییەکی دیاریکراو و کۆنترۆلکراو بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان".
دەرئەنجام پێی وایە کە :" سەرباری ئەوەی شۆڕش سروشتێکی جەماوەری هەیە، بەڵام لاوازی پێکهاتەی سیاسی لە لیبیا بە مانای ئەوەیە کە ئەگەرەکانی هاتنە دەری ڕەوتێکی چەپ زۆر ئەستەمە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە ژێر سایەی قەزافیدا زۆر لەمە ئەستەمتر بوو، بۆیە سەرهەڵدانەکان بوارێک بۆ کۆمەڵگای لیبیا ئەکەنەوە لە دەرکەوتن و پێشکەوتنی ئەم ڕەوتەدا. لەوانەیە ئەمە لە کورت ماوەدا ڕوو نەدات – چونکە پێویستی بە دارشتنەوەی پێکهاتەی ئابووری، گەشەی چینی کرێکار ... هتد چەند فاکتەری ترەوە هەیە – بەڵام بۆ یەکەمین جار هەلێک لە لیبیا ئەڕەخسێت بۆ ئەم پێشڕەوییانە. هەربۆیە پێویستە کۆمەک بە شۆڕش بکەین، ئەمە سەرباری ئەوەی کە سەرکەوتن لە لیبیا هەناسەیەکی تری کردەوە بە بەری شۆڕشەکانی دنیای عەرەبدا بە تایبەت لە سوریا و یەمەن"." هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین کە کێ ئایندەی شۆڕش دیاری ئەکات بەڵام لانی کەم هەموو ئەو ڕەوتانە ئەناسین کە ئەیانەوێت لە دیاریکردنی ئەو ئایندەیەدا ڕۆڵ بگێڕن".
ئەم لێکدانەوەیە هاوسەنگە. ئەوە ڕاستە کە چینی کرێکار زۆر لاوازترە ، با بڵێن لە چاو پرۆلیتاریای میسر. تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە مۆرکی خۆی بەسەر شۆڕشەوە دابنێت. چەپ بە شێوەیەکی گشتی لاوازە، فشاری توخمە جیاجیاکانی بۆرژوازی و ئیمپریالیزم ئەکرێت لیبیا بەرەو ئاراستەیەکی جیاوازتر بەرێت بەڵام ڕووخانی ڕژێمەکەی قەزافی بواری هەلومەرجی تازەی کردۆتەوە لە چوونە پێشەوەی کێشمەکێش و ناکۆکی چینایەتی لە لیبیا.
ئەو تاقیکردنەوەیەی کە شۆڕشی لیبیا چۆن پێیدا تێپەڕی بە ڕابەرایەتی بۆرژوازی کە لە بنەڕەتدا بزووتنەوەکەی ڕفاند، یانی ئەو سەرکردانەی کە خۆیان بەشێک بوون لە ڕژێمی قەزافی و ئێستا بەرگی دیموکراسییان پۆشیوە، ئەکرێت ببنە وانەیەکی پڕ بەها بۆ ئەو بزووتنەوانەی کە لە سوریا و یەمەن بەڕێوە ئەچن. وانەکە بەم شێوەیەیە :" ئەگەر بە کۆمەکی هێزە داگیرکەرەکان ڕژێم بڕوخێت ئەوا خەڵک ناچار ئەکرێت کە باجەکەی بدات، لە جیاتی ئەوەی کە گۆڕانکاریەکی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگا ڕوو بدات کۆتاییەکەی تەنها ڕژێمێکە کە زۆربەیان لە پیاوانی ڕژێمی کۆن پێکهاتوون و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ڕژێمی کۆنە بەبەرگێکی تازەوە. هەروەها کێشە کۆمەلایەتییەکان وەک خۆیان ئەمێننەوەو چارەسەر ناکرێن، بۆیە جەماوەری خەڵک ئەبێت دووبارە خۆیان بۆ شۆڕش ئامادە بکەنەوە تا ئەو داخوازییانە بەدیبهێنن کە یەکەم جار بەرزیان کردبۆوە.
بارودۆخە ماددیەکان لە لیبیا لە درێژماوەدا یەکلاکەرەوەن. بارودۆخی گشتی جەماوەری خەلک خراپە و زۆر پەرێشانە. خزمەتگوزارییەکانی کارەباو ئاو بڕاون ئەمە جگە لە کەمی سوتەمەنی. کرێکاران ناتوانن تا سەر بە قسەو گوفتاری دیموکراسی بژین. پێداویستی ڕۆژانەیان هەیە و ئەبێت بایەخیان پێ بدرێ و وەڵام بدرێنەوە. بە دڵنایییەوە کۆتایی ناکۆکی و شەڕەکان لە بەرەی یاخیبووەکاندا لەسەر ڕیزبەندی چینایەتی بەڕێوە ئەچێت.
کرێکاران هەر ئێستا ڕەخنەی جدییان لە ئەنجومەنی کاتی هەیە و دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە مانەوەی هەمان بەڕێوەبەرە کۆنەکانی سەردەمی قەزافی لە پیشەسازی نەوت لە شوێنەکانی خۆیان. رۆژی ٢٧ ی سێپتەمبەر زیاد لە سەد کرێکاری کەمپانیای نەوتی لیبیا (NOC) ناڕەزایەتییان دەربڕی لە دەرەوەی نوسینگەکەیان لە تریپۆلی دژ بە مانەوەی هەمان بەڕیوەبەرە کۆنەکانی ڕژێمی قەزافی.
هەیفا محمەد کە لەو کەمپانیایە کار ئەکات وتی :" ئەمە سەردەمێکی نوێیە، شۆڕشێکی نوێیە ، خوێنی زۆرمان لێڕژا تا بەم ڕۆژە گەیشتین بۆیە جاوەڕوانی ڕۆژێکی نوێین، پێمان وابوو کە ئەم گۆرانکارییانە ڕوو ئەدەن بەڵام هەروەکو ئەبینین هەمان خەڵکە کۆنەکان لە شوێنەکانی خۆیاندان ، مەبەستم لە خەڵکە خراپەکانە، بەڕێوەبەرەکان".
ئەمە تەنها ڕووداو نەبوو لە لیبیا ، ئیکۆنۆمیست لە ٩ ی ئەپڕڵدا باس لە ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت ئەکات لە بنغازی لە بەردەم نوسینگەی کەمپانیای نەوتی کەنداو (AGOCO) کە گەورەترین کەمپانیای نەوتە لە لیبیا و داخوازی گۆڕین بوون لە بەڕێوەبەرایەتی کەمپانیاکەدا . کەمپانیا ناچاربوو کە مل بە داخوازی کرێکاران بدەن کە ئەویش هێشتنەوەی نوێنەری هەڵبژێردراوی کرێکاران بوو لە لیژنەی کاروباری کرێکاراندا، کرێکاران لەم ناڕەزایەتیەدا سەرباری دژایەتیکردنیان لە لایەن ئەنجومەنی کاتییەوە سەرکەوتوو بوون. یەکێک لە کرێکارانی ناڕازی بە ئیکۆنۆمیستی راگەیاند :"دەسەلاتدارە ناوخۆیییە تازەکان زۆر لە یاریزانە بیانییەکان خێراتر هەڵسوکەوت ئەکەن بۆ دابەشکردنی وڵات".
لەمانەدا گوێمان لە دەنگی ڕاستەقینەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ ئەبێت، ئەو دەنگەی کە دیکتاتۆری ڕووخاند و نایەوێت کە بە دیکتاتۆرێکی تر جێی بگیرێتەوە: دیکتاتۆریەتی یاساکانی سەرمایە و ئیمپریالیزم. ئەمانە ئاماژەن بە جووڵانی چینی کرێکار. ئەبێت هەموو ئەو شتانەی کە لە تواناماندا هەیە ئەنجامی بدەین بۆ کۆمەکرکردن و هاندانی هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەربەخۆی چینی کرێکار لە لیبیا.
بارودۆخەکان زۆر ئاڵۆزن و چەندین کێشمەكێش هەن بە ئاراستەی جیاوازدا. ئەبێت لەسەر هەمان ئەو ڕێچکەیە بەردەوام بین کە مارکسیستەکان ئەبێت هەمیشە پشبەستووبن بە چینی کرێکار و توخمە هەرە شۆڕشگێرەکانی گەنجان هەرچەندە ئەگەر کە کەمینەیەکی کەمیش بن . ئێمە پشتوبەستووین بەو پێشکەتووخوازان و دژ بە هەر بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانە ئەجەنگین.
لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە ڕووخانی قەزافی یەکێکە لە زنجیرەی ئەو بومەلەرزانەی کە جیهانی عەرەبیان هەژاندووە. بن عەلی و موبارەک ڕۆشتن، ساڵحیش بە دەزوولەیەکەوە هەڵواسراوە و ئێستاش ئەوە قەزافی ڕۆشت. ئەمە چارەنوسی بەشار ئەسەد لە سوریا ئەخاتە بەردەم مەترسیەکی گەورەوە. عەبدوڵا لە ئوردون لە ڕووبەروبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆندایە، خەڵکی بەحرەین لە بارێکی لاوازدان لەژێر چنگی ڕژێمێکی کەمینەی سونیدا کە لە لایەن سعودیەوە پشتگیری ئەکرێت. بەلام ئەم ڕژێمانە تا کەی بەردەوام ئەبن؟ جەماوەری سعودیە کەلەسەر سامانێکی سروشتی گەورەدان تاسەر لە ژێر سایەی ڕژێمێکی داچوو ،گەندەڵ و لاوازی مەلەکیدا نامێننەوە. ڕووداوەکانی لیبیا بەشێکن لە شۆڕشێکی گەورەی عەرەب کە هێشتا کۆتایییان نەهاتووە.
لەندەن ٢١ ی ئۆکتۆبەر ٢٠١١
سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزمدا
بڕوانە بەشەکانی تر

