پاش مردنی قەزافی: شۆڕش و دژە شۆڕش لە لیبیا - بەشی دووەم
نوسینی ئالان ودز – ٢١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١١
وەرگێرانی هاوپشتی - کامەران ئەحمەد
بەشی دووەم
ناتۆ و شەڕی ناوخۆ
بە پێچەوانەی فەڕەنساو بەریتانیاوە ئەمریکییەکان بە ئاگاهی و ترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ ڕەوشەکەدا ئەکرد. پاش ئەوەی کە پەنجەیان زۆر بە خراپی لە ئەفغانستان و عێراق سووتا ترسی ئەوەیان هەبوو لە پەلاماردانی ئاسمانی لیبیاوە بچنە شەڕێکی ترەوە کە کۆتایییەکەی دیار نەبێت، پێشتر هیچ ئامادەی بەشداریکردن نەبوون و دواتر لە ژێر فشاری بەریتانیا و فەڕەنسا هاتنە شەڕەکەوە بەو مەرجەی کە ناتۆ سەرکردایەتی شەڕەکە بکات نەک ئەمریکا.
ژمارەیەک لە جەنەڕاڵە ئەمریکییەکان گومانی بێئەندازەی خۆیان دەربارەی هێرشی ئاسمانی دەربڕی. لەوە تێگەیشتبوون کە ئەستەمە تەنها بە هێزی ئاسمانی بتوانن لە جەنگدا سەربکەون. لە ئەفغانستان پشتبەستووبوون بە هاوپەیمانی باکور و لە کۆسۆڤۆش پشتیان بە سوپای ڕزگاری کۆسۆڤۆ بەست (KLA) بۆ ئەوەی بتوانن لە وشکانیدا (سەر زەوی) شەڕ بکەن. لە لیبیا هەرچەندە ئەوەی کە هێرش و پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆ ڕۆڵی گرنگیان گێڕا لە تێکشکانی تواناکانی سوپای قەزافی بەڵام بۆ ئەوەی سەر بکەون ئەبێت لەسەر زەوی شەڕ بکەن. بەڵام بۆیان دەرکەوت کە ئەمە هەروا کارێکی ئاسان نابێت بۆیان کە پێشبینییان کردبوو.
لە جەنگی سڤیڵدا (نێوخۆیی)دا سیاسەت رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە یەکلاکردنەوەی مەسەلەکان لەچاو ئەو ڕۆڵەی کە لە جەنگێکی ئاساییدا ئەتوانێت بیگێڕێت. بە بێ بوونی سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە ئەستەمە کە متمانەی جەماوەی ناڕازی لە بەرەی بەرامبەردا بەدەستبهێنیت. خاڵێکی تری لاواز ئەو دووبەرەکی و نایەکگرتوویە بوو کە لە نێو ڕیزەکانی یاخیبووەکاندا ئەبینرا. ژمارەیەک لە کۆنە فەرماندارەکانی سوپا گومانی ( دروستتر بڵێن کە وا بوو) ئەوەیان لێئەکرا کە ڕێکەوتن لەگەڵ قەزافی برا ئەنجام بدەن! ئەگەر جەنگ بە شێوە ئاسایییەکەی خۆی بچوایەتە پێش ئەوا لە قازانجی هێزەکانی قەزافی بوو کە بەهرەمەندتر بوون لە سوپای مەشقپێکراو پڕ چەکتر.
بەم هۆکارانە وا چاوەڕوان ئەکرا جەنگی نێوخۆیی درێژە بکێشێ و کاراکتەرێکی(سروشتێکی) یەکجار خوێناوییانە بەخۆوە بگرێت. هێزی یاخیبووەکان مەشقپێنەکراون و لەڕووی سەربازییەوە هیچ توانایییان نییە. جەنەڕاڵەکانی ناتۆ بە ئاشکرا بێزاری وتوڕەیی خۆیان لە بەرامبەر ئەم هێزەدا دەرئەبڕی. لە چاوپێکەوتنێکی ئیکۆنۆمیستدا یەکێک لە جەنەڕاڵەکان بە بێزارییەوە وتی" ئەمانە بە ڕاستی هیچ ئامادەی جەنگ نین و بە دروستیش ناشیانەوێت، ئەوەی کە روو ئەدات تەنها خۆ دەرخستنی خۆیانە"
هەرچەندە ئەوەی کە هێزی ئاسمانی کلیلە ڕۆڵ لە تێکشکاندنی چەکە قورسەکانی سەر زەوی ئەگێڕێت بەڵام لە زانستی سەربازیدا زۆر ڕوونە کە ئەستەمە تەنها بە هێرشی ئاسمانی جەنگەکە بتوانرێت ببرێتەوە. هەر ئەم تاقیکردنەوەیەی دوایی کە لە لیبیا خۆشی ڕوویدا ڕاستی ئەم بۆچوونە ئەسەلمێنێت. هێرشی هێزە ئاسمانییەکانی ناتۆ ڕۆڵی گێڕا لە ڕاگرتنی پێشرەویی هێرشەکانی قەزافی بەوەش کۆمەکی بە یاخیبووەکان کرد کە دژە هێرشەکانیان بۆ سەر سوپای قەزافی دەستپێبکەن. هێرشە ئاسمانییەکان تەنها بەس نەبوون بۆ سەرکەوتن لە جەنگەکەدا، پاش چەندین مانگ لە هێرشی چڕی ئاسمانی بۆ سەر هێزەکانی قەزافی وا پێدەچوو کە شەڕی سەر زەوی بە ڕێگایەکی داخراو گەیشتووە.
گومان و دوودڵی زیاتر لە لەندەن و پاریس سەریهەڵدا و مەترسی خۆیان لە درێژەکێشانی جەنگ نەک تەنها بۆ چەندین مانگ بەڵکو بۆ چەندین ساڵ دەربڕی. ئەم هێرشە بۆ سەر لیبیا زۆر لەوە زیاتری تێئەچێت کە پێشبینییان ئەکرد. لە سەرەتای ئۆکتۆبەردا بەریتانیا نزیک بە £1.75 ملیاری خەرجی شەڕ کردووە و لانی کەمیش ئەمریکا بڕی1. 1 ملیار دۆلاری ی تێپەڕاندووە. لەو باردۆخە قەیراناوییەی ئێستادا کە باس لە سەندنەوەی دەستکەوتەکانی خەڵک و هێرش بۆ سەر بیمە کۆمەلایەتی و تەندروستییەکان ئەکرێت زۆر ئەستەمە باس لە دابینکردنی بودجە و خەرجی زیاتر بکرێت بۆ جەنگ لە لیبیا. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ولیەم هاگیو (William Hague ) ئەمەی نەشاردەوە و چەند لێدوانێکی ڕەشبینانەی خۆی لە ئامادەکردنی ڕای گشتی خەڵک بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە لیبیا دەربڕی.
فەڕەنسا لە هەموویان زیاتر پەشۆکاوتر بوو. فڕۆکە جەنگییەکانی فەڕەنسا بەرپرس بوو لە یەک لەسەر سێی هێرشە ئاسمانییەکانی ناتۆ کە ئەکرانە سەر هێزەکانی قەزافی. ڕۆژنامەی لامۆند(Le Monde ) سەرزەنشتی خۆی بە مانشێتی گەورە ڕاگەیاند" ئیتر لەمەودوا فەڕەنسا ئەو سوپایەی نییە کە بتوانێت ئامانجە سیاسییەکانی بەدی بهێنێت" لە ڕۆژی ١١ی مەی دا ئەدمیراڵ ئێدوارد غولارد(Edouard Guillard ) ڕاستییەکی سەرنجڕاکێسی دانپێدانا " ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای فەڕەنسا لاواز و تێکشکاون، نابێت خۆمان لەم ڕاستییە لابدەین و ئینکاری بکەین ، ئێمە لە باردۆخێکی زۆر سەختداین".
تورکیاش کە یەکێک لە ئەندامەکانی ناتۆیە خۆی لە بارودخێکی سەختدا ئەبینییەوە. پاش ئەوەی کە چەندین پەیوەندی گەرموگوڕی لەگەڵ ڕژێمەکەی قەزافی دامەزراند و لە بەرامبەریدا چەند دەستکەوتی چەوری بۆ کەمپانیا تورکییەکان مسۆگەرکرد سەرەتا هەوڵی دا کە ڕێگا لە مەیلی بەریتانی و فەرەنسییەکان بگرێت بۆ دەستێوەردان و چوونە ناوەوەی لیبیا بەڵام هەر کە زانی بارودۆخەکە لە دژی قەزافییە ئەردۆگان خێرا دەستی کرد بە گۆڕینی هەڵوێستەکانی تا بتوانێت لە داهاتوودا دەورگێڕانی تورکیا لە پاش نەمانی حەتمی قەزافی مسۆگەر بکات.
کەمپینی دیاریکراوی بۆمبارانی لیبیا هەرزوو سنورداریی توانا سەبازییەکانی ناتۆی خستە روو، دابەشبوون لە ڕیزەکانیدا سەری هەڵدا. ئەڵمانیا هیچ پەیوەندی بە کێشەی لیبیاوە نییە یان ئیتالیا بەشداریەکی کەمی شەڕەکانی کرد، بەریتانیا و فەڕەنسا بە تاڵییەوە باسیان لەوە کرد کە هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ بە ئەندازەی پێویست بەشداری ناکەن و لەم نێوەشدا بە نمونە پەنجەیان بۆ ئەڵمانیا و ئیتالیا ڕاکێشا.
داڕووخانی تریپۆلی
دواین جار چارەنووسی کێشەکە بە داڕووخانی تریپۆلی (طرابلس) لە مانگی ئۆگستدا یەکلایی بووەوە. ئایا داڕووخانی تریپۆلی بەهۆی بۆمبارانی هێزەکانی ناتۆوە بوو؟ ئەو ڕاستییەی کە داڕووخانی تریپۆلی هێزەکانی ناتۆی سەرسوڕمان کرد ئاماژەیە بە نادروستی ئەم قسەیە. تا ئەو کاتەش سەرکردەکان سەرگەرمی ئامادەکردنی ڕای گشتی بوون بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە لیبیا و قسە لە سەر ڕێگاداخراوەکان ئەکرا. کاتێک ئەمە ڕوویدا هەموو لایەک توشی سەرسوڕمان بوون بە ئیمپریالستەکان و ئەنجومەنی کاتی و تەنانەت یاخیبووەکانیشەوە. ڕۆژنامەنوسی ئێرلەندی پاتریک کۆکبێرن لە راپۆرتێکیدا بۆ کاونتەرپونچ (Counterpunch ) باس لەمە ئەکات: " تەنانەت هێزە کۆماندۆکانی یاخیبووەکانیش بەم ڕووداوە سەریان سوڕما. تەنانەت لە ناوچەیەکی وەک ئەبو سەلیم کە پڕن لە لایەنگرانی قەزافی شەڕی کەمخایەن ڕوویدا. خالید کە فەرمانبەرە لە بانکێکی ناوخۆیی و چەکێکی پێیە ئەڵێت: " وامان هەست کرد کە زۆر بەهێزن، بەڵام شەڕەکان تەنها چەند کاتژمێرێکیان خایاند و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە دواین ساتەکاندا لایەنگری خۆیان گۆڕی" – کاونتەرپونچ ، ٥ ی سێپتەمبەری ٢٠١١ .
هەمان ڕاپۆرت بەردەوامە: " ئێستا زۆربەی زۆری خەڵکەکە باس لەوە ئەکەن کە بە ئاشکرا یان بە نهێنی لەگەڵ یاخیبوەکاندا بوون. ئەم قسانە پێدەچیت بە درێژایی مێژوو لە هەموو ئەو شارانەدا وترابێت کە گەمارۆ دراون. بەڵام هەموو ڕووداوەکان ئاماژە بەوە ئەکەن کە هەمان ئەو کاتانەی لە مانگی ئۆگستدا کە یاخیبووەکان چوونە شاری زاویە (Zawiyah) ئیتر ڕێگای تریپۆلی بە نەپارێزراویی و کراوەیی مایەوە. لەو ساتانەوە ورەی هێزەکانی قەزافی بە تەواوی هەرەسی هێنا.
کۆنە سەربازێک باس لەوە ئەکات کە چۆن تانک(tank )ەکەی لە زاویە بەجێهێشت پاش ئەوەی کە فەرمانی پێکرا کە لە بەرامبەر هێزی یاخیبووەکان لە چیای نافوسە پاشەکشە بکات، ڕاپەڕین لە زاویە سەری هەڵداوە و هێزەکانی ناتۆش بێهوودە هێڵە بەرگرییەکانی سوپای قەزافی بۆمباران ئەکەن، ئیتر لە کاتانەدا بڕیار ئەدات کە یارییەکە کۆتایی هاتووە و هیج شتێک نەماوەتەوە بۆ ئەوەی لە ناو تانکەکەیدا بمێنێتەوە و بسوتێ بۆیە جلە سەربازییەکانی خۆی دائەکەنێ و ڕائەکات.
لەناو تریپۆلیدا لایەنگرانی ڕژێم بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی لە پێناو ئامانجێکی دۆڕاودا خۆیان بەکوشت بدەن.
عصام ئیسلامێکی ئسوڵییە و خاوەنی ترێلەیەکە، بەرپرسە لە ناوچەی بازاڕی هەینی - سوق الجمعە - (Souq al-Jumaa) ڕایگەیاند کە سەرەتا ژمارەیەکی کەم چەکیان پێبوو بەڵام دواتر ماڵ بە ماڵی لایەنگرانی قەزافی گەڕاوە و داوای چەکی لێکردوون و پێی ڕاگەیاندوون کە لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە. کەس لاری لەمە نەبووە. خالید لە ئەبوسەلیم پێی وایە کە خاڵی گۆڕان لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکە ئەو کاتە بوو کە قەزافی شکستی هێنا لە دەستبەسەرداگرتنی میسراتە لە سەرەتای هاوین و ناتۆ بۆمبارانەکانی چڕتر کردەوە. دوای ئەمە هێزەکانی قەزافی پاشەکشەیان کردو دواتر ڕوون بۆوە کە کێ براوەی کۆتایییە.
دواین جار ڕژێمی قەزافی وەک ماڵێک لە کارد داڕووخا. هێڵە بەرگرییەکانی تریپۆلی هەرەسیان هێنا و سەربازەکان بۆیان ڕۆن بۆوە کە هیچ هۆکارێک نییە تا لە پێناو دۆزێکی شکستخواردوودا بکوژرێن.
هێزە بەشداربووەکان کامانە بوون ؟
ڕاپەڕینی چەکدارانە ڕۆڵێکی بنەڕەتی گێڕا لە هەرەسهێنانی هێزە بەرگرییەکانی سوپا و لایەنگرانی قەزافی لە شارەکاندا. ئەمە لە چەندین سەرچاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە لەنێویاندا وتارێکی نیکۆلاس فێلهامە بە ناوی "لیبیا : چۆن ئەنجامیان دا". لەم وتارەدا پێناسێکی دروستی ئەو باردۆخە ئەکات پاش ئەوەی کە هێزە یاخیبووەکان چوونە ناوی شاری تریپۆلییەوە. " پاش ئەوەی کە گەیشتمە سوق الجمعە لە ڕۆژهەڵاتی تریپۆلی کە نزیک بە ٤٠٠ هەزار کەس تێیدا نیشتەجێیە، پاش سێ ڕۆژ لە هاتنە ناوەوەی هێزە چەکدارەکانی یاخیبووەکان لە ٢١ی ئۆگستدا هەستم کرد کە لە شوێنێکدا لە ژێر ستەمی قەزافی ڕزگاری بووە. بەپێچەوانەی شەقام و گەڕەکە داخرەاوەکانی تری شار گەڕەکەکان لە پشت سەنگەرەکانی سەر شەقامەکانەوە وەک پورە هەنگ وابوون، منداڵان تا شەو درەنگانێک خەریکی یاریکردن بوون، ژنان خەریکی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بوون، مزگەوتەکان سەرگەرمی وتاری ئاینی و خۆئامادەکردن بوون بۆ جەژنی ڕەمەزان کە خوا گەورەیە و گەورەتریشە لە کۆلۆنێل (...) . سوق الجمعە یەکەمین ناوچە بوو لە تریپۆلی کە پشتگیری لە شۆڕشی قەزافی کرد لە ساڵی ١٩٦٩ دا و یەکەمین بوون لە بە گژداچونەوەی ئەوەی ٣٩ ساڵ لەوەپێش(...). ژمارەیەکی زۆری خەڵک پاش ڕۆژووشکانی ٢٠ی ئۆگست لە گەڕەکەکان چوون بە دەم بانگەوازی مزگەوتەکانەوە، بەڵام ڕێکخستن و بەرینایی سەرهەڵدانی سوق الجمعە بێوێنە بوو. لەماوەی تەنها چەند خولەکێکدا تەواوی گەڕەکەکان و شەقامەکان پڕبوون بە مەتەرێز(سەنگەر) بە سەلاجەی کۆن، ئۆتۆمیلی سوتاو، چەند پاشماوەی تری سەربازی کە سوتابوون. سەنگەرەکان پڕ بوون لە چەکدارەکان. ژمارەیەک لە ئۆتۆمیلەکان بە سەر خەڵکدا ئەگەڕان، جۆرێک قومبەلە کە پێیان ئەوت (جێلاتین) و مۆلۆتۆڤ (Molotov) یان بەسەر خەڵکەکەدا دابەش ئەکرد، دواتر ئەو چەکانەیان هێنایە دەر کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کڕیبوویان بە سێ هەزار دینار بۆ هەر پارچەیەک، و هەروەها بە پشتبەستن بە لیستێک کە پێشتر ئامادەیان کردبوو بەسەر ئەو ماڵ و کەسانەدا ئەگەڕان کە لایەنگری قەزافی و جاسوس بوون چەکیان ئەکردن و دواتر دەریان ئەکردن ".
هەمان راپۆرت بەردەوامە و ئەڵێت :
" ئەنجومەنی کاتیی نیشتمانی کە شەرعیەتی لە دەرەوەی لیبیاوە وەرگرت لە یەکەمین ڕۆژەکانی ئازادبووندا بۆیان ئەستەم بوو کە تەنانەت لەناو پایتەختەکەی خۆشیان جێ ئیعتبار بن و دەسەلاتیان ببێت. بە پێچەوانەی ڕژێمی عێراقەوە کە بەهێزی دەرەکی لەناوچوو بەڵام ڕژێمەکەی لیبیا بە دەستی خەڵکی لیبیا خۆیان ئازاد بوون، دەسەڵاتدارەکانی داهاتووی لیبیا لیبییەکان خۆیانن. سەرباری ئەوەی کە هێزەکانی ناتۆ کۆمەکی هێرشی ئاسمانییان کرد بەڵام ئەوە خەڵکی لیبیا خۆیان بوون کە لەسەر زەوی خۆیان ڕزگار کرد ( هێڵی تەئکیدکردنەوە هی منە ئالان ودز) .
لە ٢٠ ی سێپتەمبەری ٢٠١١ بڵاوکراوەی ( کرێکاری سۆسیالیست ) نامایەکی سەرنجڕاکێش بڵاو ئەکاتەوە کە باس لە داڕووخانی تریپۆلی و هەموو هێزە چەکدارە جیاوازەکان ئەکات لە بەرەی یاخیبووەکاندا. ناونیشانی بابەتەکە جێی سەرنجە" شۆڕشێک لە ڕیشەوە جەماوەریی" نامەکە لە لایەن کەسێکەوە لە تریپۆلییەوە نوسراوە بەرپەرچدانەوەیەک بوو بۆ وتارێکی" کرێکاری سۆسیالیست" خۆیان بە ناوی " لە لیبیادا کێ بە ڕاستی سەرکەوت؟" کە پێی وایە هێزەکانی ناتۆ لە شۆڕشەکەدا سەرکەتوو بوون نەک خەڵکی لیبیا. نوسەر بەمجۆرە وەڵامیان ئەداتەوە " لێرەوە لە تریپۆلی، پێم وایە کە ئەم دەرئەنجامە پەلەیی پێوە دیارە و چەند خاڵێک هەن کە پێویستە ئاگادار بن لێی:
"ئەم شۆرشە لە ڕیشەوە جەماوەریی بوو ، تریپۆلی لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە ئازاد نەکرا. بەڵکو سەرهەڵدانێک لە ناوەوە لە ٢٠ ی ئۆگست لە چەند ناوچەیەکی شار ڕوویدا. لە نیوەڕۆی دواییدا واتە ٢١ ی ئۆگست بە تەواوی لە چەند ناوچەیەکی شار هێزە ئەمنی و دەزگاکانیان بە تەوای تێکشکێنرابوون و لە چەند ناوچەیەکی تریشدا هێزەکانی خەڵک لە چوونە پێشەوەدا بوون. لە ئێوارەی ٢١ ی ئۆگستدا ئینجا هێزی چەکداری یاخیبووەکانی تر لە دەرەوەی شار هاتنە ناوەوە پەلاماری ئەو باڵەخانەو شوێنانەیان دا کە هێشتا ڕزگار نەکرابوون".
" هێزی یەکلاکەرەوە لە شۆڕش لە هەر وەرچەرخانێکیدا بەشداری بەرینی جەماوەری ناڕازی بوو هەر لە یەکەمین سەرهەڵدانەکانەوە لە بنغازی و زنتانەوە بگرە تاوەکو ئەمانەی دوایی کە لە تریپۆلی و دەوروبەری ڕوویان دا".
" ئەمڕۆ شەقامەکانی تریپۆلی لە لایەن خەڵکانی ئاسایییەوە چاودێری ئەکرێن. لە گەڕەکەکان لیژنەکانی خەڵک کە لە چەکدارانی گەڕەکەکان خۆیان پێکدێن پارێزگاری لە ناوچەکانیان ئەکەن، خاڵی پشکنین دائەنێن و پارێزگاری لە ئاسایشی گەڕەکەکانیان ئەکەن. لە نەبوونی دەزگای پۆلیسدا( کە تازەکی خەریکی گەڕانەوەن) لیژنە ناوچەیییەکان بە واقعی بوونەتە دەسەڵاتدارانی سەر شەقام و نێو گەڕەکەکان".
" هەروەکو هاوڕێیەکی لیبیم پێی وتم، هەموو شتەکان ژێرەو ژوور بوونەتەوە. دانیشتوانی ئاسایی دەستیان گرتووە بەسەر مەڵبەند و باڵەخانە ئەمنی و حکومییەکانی چینی دەسەڵاتدار، لە مەڵبەندە ئەمنییەکانەوە بگرە تا باڵەخانەکانی قەزافی، ئەتوانیت لە ناو ڤێلاکانی قەزافی و باڵەخانەکانی ئیستخبارات بگەڕێت و دوانیوەڕوانێک بەسەر بەریت. خەڵکانی ئاسایی دەستیان گرتووە بەسەر ڤێلاکانی قەزافی و زیندانەکان و کردوویانن بە مۆزەخانە. ئەو مەلەوانگەیەی ماڵەکەی عائیشە (کچەکەی قەزافی) کە بە پارەی خەڵک بینا کرابوو ئێستا کراوەیە و بووە بە مەلەوانگەیەکی گشتی بۆ هەمووان. لە چەند ناوچەیەکدا خەڵک دەستیان گرتووە بەسەر چەند ئوتێل و چێشتخانەیەکدا کە هی دەستوپێوەندە ئەمنی و ئیستخباراتییەکانی قەزافی بوون و ئێستا خۆیان سەرپەرشتی ئەکەن".
" هەمان هەستکردن بە هێزی خۆ و باوەڕبەخۆبوون کە میسری داپۆشی ئێستا لێرە بوونی هەیە"
ئەم قسانە لە لایەن کەسێکەوە یاداشت کراوە کە ڕووداوەکان لە تریپۆلییەوە وەک خۆی ئەگێڕێتەوە جێی بایەخە. باس لە هێزو توخمێکی گرنگی هاوکێشەکە ئەکات. ڕاستی ئەوەیە کە هێزی بزوێنەرەی سەرەکی سەرهەڵدانەکان دژی قەزافی هێزی جەماوەر بوو. لە تێڕوانینی مارکسەوە ئەمە گرنگترین لە بەرچاوگرتنە لە ڕووداوەکاندا، بەڵام ئەمە بەمانای لێکدانەوەی سروشتی تەواوەتی چینایەتیی سەرهەڵدانەکان نییە، یان ئەو ڕێگایانەی کە ئێستا ڕووداوەکان پێیدا تێدەپەڕن.
نوسەرەکە لە درێژەی باسەکەیدا باس لە پێکهاتە چەکدارییەکانی ناو لیبیا بەم شێوەیە ئەکات :
- ڕابەرە شۆڕشگێڕەکان لە تریپۆلی کە لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕابەرایەتی بزووتنەوەکەیان ئەکرد لە فێبریوەری، بە بێ هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ناتۆ.
- ئەو شۆشگێرە لیبییانەی کە لە دەرەوەی وڵات بوون لە میسر و تونس و شوێنەکانی تر و گەڕاونەتەوە.
- ڕەوتە ئیسلامییەکان کە لە لایەن جەند سەرکردەیەکی بەناوبانگەوە رابەرایەتی ئەکرێن
- ئەنجومەنی کاتی نیشتمانی کە بنکەکەی لە بنغازییە لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیری لێ ئەکرێت بە تایبەتی باڵە جێبەجێکەرەکەی (Executive Committee ) .
- هێزی سوپای تریپۆلی کە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، یەکێکیان لە ژێر ڕابەرایەتی ئیسلامی (عبدالحكيم بلحاج) دایە و باڵەکەی تریشیان لە لایەن ئەفسەر و جەنەراڵە کۆنەکانی ڕژێمی قەزافییەوەیە ، لە ڕۆژهەلاتەوە جەماوەریان هەیە و لە لایەن قەتەرەوە پشتگیری ئەکرێن.
- هەروەها نزیک بە ٤٠ یەکەی چەکداریی یاخیبووەکان کە لە سەرتاسەری لیبیادا هەن.
لەم ڕاپۆرتەوە بارودۆخی ئاڵۆزی ناو لیبیامان بۆ ڕوون ئەبێتەوە. کە چەندین توخمی ناکۆک و دژ بە یەکی تێدایە. بەلەبەرچاوگرتنی چەندین وتار و ڕاپۆرت کە پێشتر دراون و هەن ئەنجومەنی کاتیی تاوەکو ئێستاش بارودۆخەکەی لەژێر کۆنترۆڵدا نییە، چەند لیژنەیەکی چەکداریی و میلیشیایی هەن کە دەستیان گرتووە بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا.
(داڵ)ەکان ئەسوڕێنەوە
لە کاتێکدا کە دواین دێڕەکانی ئەم بابەتە ئەنوسم دواین قەڵاکانی ڕژێمی قەزافی هەرەسیان هێناوە. قەزافی خۆی دەستگیرا کراو کوژرا. هێرشە بەردەوامەکانی قەزافی بە جەنگی درێژخایەن چەند قسەیەکی سواو و بێناوەرۆک بوون هەرچەندە ئەوەی کە لایەنگران و دەستوپێوەندەکانی لە داهاتوودا بە دەستگرتن بە چەند ڕێبازی تیرۆریستی و شەڕی لێرەولەوێ هەوڵ ئەدەن کە ناجێگیری بۆ ڕژێمی داهاتووی لیبیا پێکبهێنن.
درێژەی هەیە ...

