هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی تونس: سەرکەوتنی حزبی نەهزەی ئیسلامی ئەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی زیاتر!
نوسینی یۆرگ مارتن – ٧ ی نۆڤەمبەری ٢٠١١
وەرگێڕانی هاوپشتی – کامەران ئەحمەد
لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی تونس لە ٢٣ ی ئۆکتۆبەری٢٠١١دا حزبی نەهزەی ئیسلامی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان(٩٠ لە کۆی ٢١٧کورسی) بەدەستهێنا. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان زۆرێک لە بەرەی چەپی تووشی گومان و سەرسوڕمان کردووە. ژمارەیەک پێیان وایە وەرچەرخانێکی کۆمەڵگایە ڕووەو ڕاست، و هەندێکیش پرسیار ئەکەن ئەوە چۆنە کە شۆڕشی تونس بە سەرکەوتنی ڕاستەکان کۆتایی هات، و ژمارەیەکیش لە مۆدێرنیستەکان(تازەگەر) پێیان وایە کە "هێشتا کات زوو بوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان".
هەر لەسەرەتاوە میدیای ڕۆژئاوا وێنایەکی لایەنگرانە و زۆر نادروستی هەڵبژاردنەکانیان دا بە دەستەوە. تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامگیرییەکان بە چەند مانشێتی گەورەو ڕەنگاورەنگ نوسییان کە " ئامادەیی خەڵک بۆ هەڵبژاردنەکانی تونس گەیشتۆتە ٩٠% " لە هەڵبژاردنی مێژوویییانەی تونسدا ڕێژەیەکی زۆری خەڵک بەشدار ئەبن" ، و" ئامادەیی بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی تونس ڕوو لەسەرە" و " ئامادەییەکی بەرینی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی بەهاری عەرەبیی تونس" و " هەڵبژاردنەکانی تونس لە سەروو هەموو پێشبینییەکانەوەیە".
بەرینایی دەنگنەدان
سەرئەنجام – دوای چەند دواکەوتن و ئیلغاکردنەوەی چەند کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی- ئەنجامە فەرمییەکانی پارێزگاکان بڵاوکرانەوە، کە پێشتر کاتیی بوون و دواتر وا دەرنەچوو! لە تونسدا 7.569.824 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەم ژمارەیە تەنها 4.123.602 ناوی خۆیان لە لیستی دەنگدانەکان نووسی (واتە تەنها 54,47٪)و لەو ژمارەیەش تەنها 3.205.845 چوونە دەنگدانەوە( واتە 77,75%) ئەمە سەربازی ئەوەی کە لە کاتی هەڵبژاردنەکان ماف درا بە 496.782 کەس کە ناوی خۆیان پێشتر تۆمارنەکردبوو بۆ دەنگدان، بۆیە سەرجەم دەنگدەران ئەکاتە 3.702.627 (واتە 42%). ئەم ژمارە لە بنەڕەتدا زۆر دوورە لەو "شاییو لۆغانەی دیموکراسی" کە میدیای بۆرژوازی جیهانیی بۆ هەڵبژاردنەکانی تونس سازیان کرد. ئەم ژمارەیە بە دڵنیایییەوە لە نیوەی ئەو ڕێژەیەش کەمترە کە ئاهەنگیان بۆ بەشداری ٩٠% دەرئەبڕی.
بەشدارینەکردن و دەنگنەدانی زۆرینەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان زۆر ڕوونە. پاش نۆ مانگی شۆڕش لە ڕووخانی دیکتاتۆر بن عەلی زۆرینەی خەڵکی تونس پێیان وایە "هەرچەندە ئەوەی کە دیموکراسی هەیە بەڵام هیچ شتێک لە ژیان و گوزەرانیان نەگۆڕاوە!". شۆڕشی تونس سەرەتا لە ١٧ ی دیسەمبەری ٢٠١٠ ەوە لە سیدی بوزید سەری هەڵدا و لە ئەنجامی شۆڕشی جەماوەری خەڵکەوە لە ١٤ ی جەنیوەری ئەمساڵدا کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بن عەلی هێنا، خەباتێک بوو کە داخوازییە سیاسییەکان لە چەشنی(ئازادی، دیموکراسی، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی) بە داواکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی چەشنی(کار، پاشەڕۆژی گەنجان، پەروەردەو خوێندن، چاکسازیی، دژی تاڵانکردنی وڵات لەلایەن بنەماڵەی ترابلسی) گرێ ئەدا. هیچکام لەو داواکارییە ئابوری و کۆمەڵایەتییانە بە ئەنجام نەگەیشتوون و جەماوەری خەڵکیش لەو باوەڕەدا نین کە هیچکام لەو پارتە سیاسییانە بتوانن و بیانەوێت وەڵام بەو داخوازییانە بدەنەوە.
ڕاپرسییەکی گشتی کە لە ئۆگستی ٢٠١١ دا لە لایەن پەیمانگای زانیاریەکانی سەرژمێری و دەنگدانی تونسییەوە(ISTI) سازدراوە ئەمە پشتڕاست ئەکەنەوە. لە ئەنجامگیرییەکەدا هاتووە کە (60%) ی خەڵک ناڕازین بە باری ئابووی وڵات(زیادبوونێک لە چاو ڕێژەی مانگی ئاپڕڵدا کە 57% بوو) ، 70% ی خەڵک ناڕازین لە هەڵسوکەوتی پارتە سیاسییەکان(زیادبوونێک لە چاو ڕێژەی مانگی ئاپڕڵدا کە 64% بوو)، و لە بەرامبەر پرسیاری ئەوەی کە کام پارتەت پێ باشە و حەزی پێئەکەیت (57%) بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە. ئاستی ڕەدکردنەوەی پارتە سیاسییەکان بە شێوەیەک بوو تەنانەت لەنێو ئەو کەسانەشدا کە وتیان لە ئۆگستدا دەنگ ئەدەین. بەڕێژەی (65%) ڕایانگەیاندبوو کە هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە چ پارتێک بدەن، تەنانەت لەنێوە ئەو کەسانەی کە بڕیاریشیان دابوو، (47%) پێیان وابوو کە ڕای خۆیان لەکاتی دەنگدانەکاندا ئەگۆڕن.
بێزاری و توڕەیی لەوەی کە شۆڕش بە کام ئاست گەیشتووە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناو شارەکاندا کە سەنگەری پتەوی شۆڕش بوو بەدەی ئەکرێ و بە تایبەتیش لە نێو گەنجانی بێکار کە لە بەرەی پێشەوەی راپەڕینەکاندا بوون.
پەیامنێرانی بڵاوکراوەی (L’Humanité)ی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسا لە هەرکەس زیاتر ئەم بێزاری و توڕەیییەیان لەناو شارو شارۆچکەکان بەتایبەت لە خوارووی ڕۆژئاوا هەست پێکرد. لە سیدی بوزید چاوپێکەوتنیان لەگەڵ گەنجێک بەناوی جامیع بوعالق کردووە کە گەنجێکی میوەفرۆشە وەکو محمد البوعزيزي (٢٩ ی مارسی ١٩٨٤ – ٤ ی جەنیوەری ٢٠١١) کە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بووە سەرهەڵدانی یەکەمین کڵپەی راپەڕینەکان لە تونس، جامیع بە پەیامنێرەکانی ((L’Humanité) ئەلێت:" لە دوای ١٤ ی جەنیوەرییەوە ئەتوانین بە ئازادانەتر قسە بکەین، ئەمە ڕاستە، بەڵام ژیان و گوزەرانم هیچ نەگۆراوە، تاوەکو ئێستاش ژیانم زۆر خراپە" هەروەها پێیان ئەڵیت کە دەنگ نادات:" متمانەم بە هیچ پارتێک نییە، باوەڕم بە هیچ بەڵێنێک نییە بێ گەرانتی". هەروەها نادر حەمدونی یەکێک لە دەرچوانی زانکۆیەو بێکارە کە سەرۆکایەتی یەکێک لیستە سەربەخۆ زۆرەکان ئەکات لە هەڵبژاردنەکاندا لەم خاڵەدا هاوڕایە لەگەڵیدا و پێی وایە:" ئەوەی لە سیدی بوزید ڕوویدا شۆرش نەبوو بەڵکو سەرهەڵدانێکی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام دواتر هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدا، گەنجان هەست بە هەمان بێزرای وبێهوایی ئەکەن".
لە شاری ڕیقاب کە سەنگەرێکی تری بەهێزی شۆڕش بوو، هەمان چیرۆک ئەبیستین. نەعمان بن موحەمەد قەدری (تەمەن ٣٤ ساڵ) کە دەرچوویەکی زانکۆیەو بێکارە، مانگانە بە ٤٥ یورۆ کار ئەکات بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانە سێ کەسییەکەی، مانگانە ٣٠ یورۆی لێئەڕوات بۆ کڕینی داودەرمانی باوکە بە تەمەنە نەخۆشەکەی، ئەوەی کە ئەمێنێتەوە تەنها ١٢ سەنتە لە ڕۆژێکدا بۆ هەر یەکێکیان. بە مەبەستی بەدەستخستنی کار بە درێژایی ٢٠٠ ڕۆژ خێمەیەکی لەبەردەم پارێزگاری شارەکە دانا، ئەمیش وتی کە ناچێت بۆ دەنگدان. ئەڵێت:" شۆڕش هیچ شتێکی لە پەیوەند بە نایەکسانییەوە نەگۆڕیوە، و دەنگیش نادەم تا مافی کارکردنی خۆم بەدەست نەخەم". لە جێیەکی تر گەنجێک بە ناوی نەمری بەسام کە وەک ئەفسەرێکی ئاسایشی تایبەت لە یەکێک لە مەقەڕەکانی شارۆچکەی حەمامات کار ئەکات وتی:" شۆڕش تەواو نابێت تا ئەو کاتەی ئێمە کارمان چنگ نەکەوێت".
ئەمجۆرە لە دەنگنەدانی گەنجان لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوەی نەگرتووە کە بایەخ بە سیاسەت نادەن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. بەڵکو لە بنەڕەتدا لە ڕەدکردنەوەی پارتە سیاسییەکانی ئێستایە و باوەڕێکی بەهێزیان هەیە بەوەی کە شۆڕش تاوەکو ئێستا ئامانجەکانی خۆی بەدی نەهێناوە. سوفيان کە هاوڕێی نەمرییە و ئەمیش نەخشەسازێکی بێکارە چەند وتەیەکی بەهێزی وت: "هەموو ئەم حزبانە کە وەک یاری منداڵان بە ناو مەیدانەکەدا بڵاوبوونەتەوە بە ناوی ئێمەوە قسە ئەکەن"، هەروەها وتی: "ئەنجامگیری هەڵبژاردنەکان هەرچیەک بێت، پێویستمان بە شۆڕشی دووەم هەیە".

سکولاریزم(عەلمانیەت) یان کێشە کۆمەڵایەتیەکان
سەرباری ئەم ئاست بەرزییە لە دەنگنەدان، هەروەها ئەنجامگیری هەڵبژاردنەکەش چەند چیرۆکی سەرنجراکێشمان پێئەڵین. ئەنجامی پارتە"چەپە سوننەتییەکان(تەقلیدی)" زۆر لەوە خراپتر دەرچوو کە پێشبینییان ئەکرد. سۆسیال دیموکراتەکان(کوتلەی دیموکراسی بۆ کارو ئازادی) توانی تەنها ٢١ کورسی مسۆگەر بکات، چەپە ماوییە کۆنەکان کە خۆیان گۆڕی بۆ پارتی پێشکەتوخوازی دیموکراسی ١٧ کورسی بەدەست خست، قوتبی دیموکراسی مۆدێرن (هاوپەیمانێک بوو لە دەوری پارتی کۆمۆنیستی کۆنی تونس، کە ئێستا بە تەجدید ناسراوە) تەنها توانی ٥ کورسی بەدەست بخات لە کۆی ٢١٧ کورسی. هەموو ئەم حزبانە یاسایی بوون لە سەردەمی بن عەلی و لە باری پراکتیکییەوە ببوونە قەڵغان و ڕووی بەناو دیموکراسی ڕژێمەکەی بن عەلی. ڕاستی ئەوەیە کە ئەم حزبانە هیچ ڕۆڵێکیان لە شۆڕشدا نەگێڕا، و هەر هەمووشیان لە حکومەتە گوێزراوەکانی(ئینتقالی) دوای ڕووخانی بن عەلی بەشدارییان کردووە و یەک بەدوای یەک شکستیان هێناوەو ڕووخاون لەژێر فشاری بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵکدا.
لە ڕاستیدا تەنها پارتی"پێشکەوتووخواز" کە ئەنجامێکی باشی بەدەست هێنا لە هەڵبژاردنەکان بریتی بوو لە کۆنگرەی کۆماریی کە لە سەردەمی بن عەلی قەدەغەکراوبوو و سەرۆکەکەی دوورخرابۆوە و دەستی لە بەشداریکردن لە هیچ یەک لە حکومەتە ئینتقالییەکان پیس نەببوو. کۆنگرەی کۆماریی ٣٠ کورسی بەدەستهێنا و بەدوای نەهزەدا پلەی دووەمی هەیە(پاش ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری لیستەکان ڕەدکرانەوە).
لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا سزای هەموو ئەو پارتانە درا کە پێشتر ڕۆڵی: ئۆپۆزیسیۆنی دڵسۆز"یان ئەگێرا لەسەردەمی ڕژێمی کۆن و هیچ هەوڵیک بۆ زیندووکردنەوەی پارتێکی نوێ لە خۆڵەمێشی پارتی تەجەموعی دەستوری ديموکراتی (مەبەست لە پارتەکەی بن عەلییە)پێشووەوە سەری نەگرت.
پارتە"پێشکەوتووخوازەکان" لە هەڵمەت و بانگەشەکانیاندا تەرکیزیان خستە سەر(هەڕەشەی ئیسلامییەکان) کە حزبی نەهزە نوێنەرایەتی ئەکات لەگەڵ پاریزگاریکردن لە "تازەگەری" و دیفاعکردن لە "سکولاریزم" و هیچ شتێکیان دەربارەی کێشە و گرفتە کۆمەلایەتی و ئابوورییە سەرەکیەکانی خەڵک کە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕش نەکرد کە سەرلەوحەی داخوازییەکان بۆ جەماوەری خەڵک پێکدێنن. پێداگری کرا لە سەر "سکولاریزم" و" تازەگەریی" لە بەرامبەر نەهزەی ئیسلامی کە بە وتەی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک لە هەمان وتارو خیتابەکانی بن عەلی و بورقیبە ئەچوون دژ بە ئیسلامیەکان.
ڕێژەی بێکاری خۆی ئەدات لە ١٨% لە کۆی گشتی خەڵک، لە نێویاندا ٣٧% ی گەنجانن ،و هەر ئێستا زیاد لە ١٨٠ هەزار دەرچووی زانکۆکان هەن کە بێکارن.
هەروەکو کەسێک لە ماڵپەڕی نەوات نووسی شەڕ لەسەر ئەم داواکارییانە" پێشتر لەدەست درا، کە خەڵکی تونس نەڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی داوای مافی یەکسانیکردنی حوکم کردن، یان ئازادی رادەربڕین بۆ هونەرمەندان بکەن. جەماوەری خەڵک لە ڕیقاب بۆ داخوازی مافی کارکردن، هەلی یەکسان، بە وشەیەکی تر لە پێناوی ژیانێکی بە کەرامەتدا هاتنە دەر! جەماوەری خەڵک چاوەڕوانی پەیامێک بوون لە پارتە چەپەکانەوە دەربارەی هەلی کاکردن، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مۆدێلی ئابوری خوازراو، یان دابەشکردنی سامان. بەڵام چاوەڕوانییەکان بێهودە بوون.
هەردوو پارتی( دیموکراتی پێشکەوتوو و قوتبی دیموکراتی) کە لە ڕوانگەی "مۆدێزنیزم"ەوە زۆرترین هێرشیان کردە سەر نەهزە لە چاو هەموو پارتەکانی تردا شکستیان زیاتر بوو. لە ڕاستیدا کەمپەینێک کە هەردوو داخوازییە ڕۆشنەکانی خەڵک و ئەم مەسەلانە پێکەوە گرێبدات ئەیتوانی بۆ ئەم باڵە چەپانە گەورەترین سەرکەوتنی دەنگەکان مسۆگەر بکات بەوانەشەوە کە دەنگیان بە نەهزە دا، کە بانگەشەکانیان چڕ نابنەوە لە مەسەلەی پێناسی مرۆڤەکان(مۆدێرن لە بەرامبەر عروبەو ئیسلام) .
لە ڕاستیدا ئەم مەسەلانە لە هۆکاری ئەو سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوەی لیستی( عەريضەی شەعبی) بە دەستی هێنا زیاتر ڕٶشن ئەبنەوە، کە سەرۆکەکەی (هاشمی حەمدی) ئەندامی کۆنی نەهزەیە، بزنسمانە و خاوەنی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنییە کە بەرنامەیەکی(بانگەشەیەکی) دیماگۆجیانەی بەڕێخست کە بریتی بوو لە : مافی چاودێری تەندروستی بە خۆرایی بۆ هەمووان، گوێزانەوەی بە خۆرایی بۆ کەسانی پیروپەککەوتە، گەشەپێدانی ئابووری و پێش هەرشتێک بڕیاری دا کە بیمەی بێکاری بە بڕی ٢٠٠ دینار بدات بەهەر کەسێکی بێکار و وێنای خۆی وا پیشاندا کە لە بنەچەوە لە سیدی بوزیدەوە واتە لە ناوخۆوە هاتووە نەک لە نوخبەکانی تونسە، پێش کەمکردنەوەی شەش کورسی لێی "بەهۆی شکاندنی یاساکانی هەڵبژاردنەوە" ٢٨ کورسی بەدەست هێنا. کە بەمەش ئەیکاتە سێیەم پارتی براوەی هەڵبژاردنەکان،و لەسەر ئاستی سیدی بوزیدیشدا پلەی یەکەمی هێنا کە (59%) ی دەنگەکان بوو و دواجار ئەم لیستە بوو بە خاوەنی ١٩ کورسی پەرلەمان.
حزبی نەهزە کەمپانیا گەورە و ئیمپریالیستەکان دڵنیا ئەکاتەوە
لە چوارچێوەی کەمپەینێکی لەم چەشنەدا. نەهزە، کە هیچ ڕۆڵێکی لەم شۆڕشەدا نەگێڕا کە کۆتایی بە دەسەڵاتی بن عەلی هێنا. بەڵام بە توانا بوو لە یاریکردن بە کاردەکانی، بانگەشەی ئەمانەی ئەکرد : ئەو پارتەی کە لەسەردەمی پێشوودا قەدەغەکراوبوو، و زۆری چەشت لە ژێر سایەی ڕژێمەکەی بن عەلی و قوربانی زۆری داوە، قوربانی دەستی ئەو نوخبە دەوڵەمەندە مۆدێرنخوازانەی تونسە، و هەروەها دیفاع لە مافی پۆشینی حجاب ئەکات کە لە لایەن سکویلاریستەکانی لایەنگر لە فەڕەنسا هێرشیان ئەکرێتە سەر. ..هتد.
لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە حزبی نەهزە خاوەنی تۆڕێک لە چالاکوانەکانە لە نێو چینی کرێکار و ناوچە هەژارنشینەکاندا لە سەرتاسەری وڵات هەڵئەسوڕێن(لە هەموو ناوچەکانی هەڵبژاردنەکانەوە هاتوون جگە لە سیدی بوزید نەبێت)، داراییەکەی باشی هەیە کە لە لایەن خاوەنکارەکان و ژمارەیەک لە چینی مامناوەندەوە بۆی دابین ئەکرێت، ئەمە جگە لە پشتگیری و کۆمەکی مەعنەوی و پڕووپاگەندەکردن بۆی لە لایەن قەتەر( لە رێگای کەناڵی جەزیرەوە) و هەروەها پێدەچێت سعودیەش کۆمەکی بکات، ئەمە جگە لەوەی کە توانی مزگەوتەکان بەکاربهێنێت بۆ پروپاگەندەی سیاسی. لە هەمان کاتدا پرۆگرامی ئەلنەهزە بە بەڵینەکانی ڕەخساندنی کار، دانانی سنور بۆ ئەو جیاوازییانەی کە لە نێوان هەرێمەکاندا هەن ڕووی لە جەماوەری هەژاری تونس کرد.
لە لایەکی ترەوە دەنگدان بە نەهزە بە شێوەیەکی دیاریکراو پلەیەک لە بێزاری و هیلاکی جەماوەری خەڵکیش ئەخاتە ڕوو. پاش نزیکەی ساڵیک لە دڵەڕاوکێ و خەباتی بەردەوام و تێکچوونی شیرازەی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، درێژەکێشانی فەوزا و ناکۆکیەکان و چەند شتری تر کە نەیتوانی هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە ڕەخساندنی کار ، خوێندن، و ئاستی گوزەرانی خەڵک پێکبهێنێت، و لە بەرامبەریشدا لە نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی جدی لە لایەن چەپەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجانە بارودۆخێکی هیلاکی و بێزاری خوڵقاند بە تایبەت بۆ توێژێک لە کۆمەڵگا کە بایەخ بە سیاسەت نادەن و بە دوای ئارامی و جێگیری و گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایین.
فاکتەرێکی تر کە جێی باسکردنە ئەو دڵەڕاوکێیە بوو کە لە ئاکامی دابەشبوونی زۆری پارتە سیاسییەکان و لیستە ناکۆکەکانەوە سەری هەڵدا( ٦٥٥ لیستی جیاواز، و ٨٣٠ پارتی سیاسی، ٣٤ هاوپەیمانی هەبوون لە هەڵبژاردنەکان). ئەمە جگە لەوەی کە نیزامێکی نوێنەرایەتی ڕیژەیی ئاڵۆزی وا بەکارهێنرا کە (1,392,657) دەنگ (کە 37.6% ی سەرجەم رێژەی دەنگدەران پێکدێنێت) بۆ ئەو پارت و لیستانە بڕوات کە دواجار هیچ نوێنەرایەتیەکیان بەدەست نەهێنا، ئەگەر لێرەدا تێبینی بکەن کە ئەم ژمارەیە نزیک لە ژمارەی ئەو کەسانەیە کە دەنگیان داوە بە نەهزە ( کە 1,5014,18 بوو) واتە (40.5% ی ئەوانەی کە دەنگیان دا لە هەڵبژاردنەکان)
پاش بەدەستهێنانی (41%) ی کورسییەکانی ئەنجومەنی دامەزراندن سەرکردەکانی نەهزە خێرا هەوڵی دڵنیاکردنەوەی کەمپانیا گەورەکان و ئیمپریالستەکانیان دا.
غەنوشیی سەرۆکی پارتەکە هەر خێرا ملی بەرەو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دەستەیەک لە بۆرسەی تونس نا و پەیمانی زۆری لە لایەن کەمپانیاکانی دەوڵەتەوە (یانی بە تایبەتیکردنی زیاتری کەمپانیاکان) پێدان. مەعاز غەنوشی شارەزا لە بواری ئابووری و کوڕی سەرۆک غەنوشییە وتی "ویستمان پێیان بڵین کە ئێمەش لە ڕیزی ئەوانداین و ئەمانەێت ڕۆڵێکی کاریگەر و باش ببینین لە ئابوری تونسدا".
پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەکردە ئیسلامییەکان بۆرسە ژیانەوەیەکی بەخۆوە دی، لەهەمان کاتدا حەمادی جەبالی سکرتێری گشتی پارتەکە و هەڵبژێردراو بۆ سەرۆکایەتی وەزیران کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەرانی فیدراسیۆنی خاوەنکارەکان(UTICA) بەست. دڵنیایی کردنەوە لە هەر حوکمێکی ئیسلامی کە ناکۆک بێت لەگەڵ کەرتی گەشتوگزار جێبەجێناکرێت! و ڕایگەیاند کە "بازاڕ بایەخێکی گرنگی هەیە و لە پلەی یەکەمدا دێت لە فەلسەفەی نەهزەی(بوژاندنەوەی) ئابووریدا. هەرەکو لە بەرنامەکەیدا زۆر بە ڕوونی دیارە".
لەهەمان کاتدا نەهزە کە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی هەیە هەوڵی دا کە حکومەتێکی هاوپەیمان لەگەڵ کۆنگرەی کۆماریی و تەکەتول دروست بکات.
سەرمایەدارنی تونس و ئیمپریالیستە دەرەکییەکان هیچ توشی دڵەڕاوکێ نەبوون لە ئەنجامگیرییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، لە ڕاستیشدا پێش هەڵبژاردنەکان لە هەوڵی پەیوەندیکردندا بوون لەگەڵ سەرۆکایەتی هەموو پارتە سیاسییەکان و لە نێویشیاندا نەهزە. سکرتێری گشتی سەفەری کرد بۆ ئەمریکا و چاوی بە سیناتۆرەکانی وەک مكکەین(McCain) و لیبەرمان(Lieberman) کەوت بۆ ئەوەی دڵنیایان بکاتەوە بەتایبەت لەوەی کە نەهزە باوەڕی بە "دیموکراسی رۆژئاوایی" و "ئابوری بازاڕ" هەیە.
دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی لە تونس بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند:"بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێری هەموو ئەوانە ئەکەین کە جێبجێیان ئەکەن بەڵام لە باری ئابورییەوە هیچ گومان و دوودڵیەکمان نییە. دوودڵی ئێمە لە دواخستنی(درێژەکێشانی) پێکهێنانی حکومەتە ... زۆربەی لانەگرەکانیان لەو توێژە بازرگانانەن کە بایەخ بە گرتنە بەری سیاسەتێکی ئابوری لیبرال ئەدەن و هیچ لە بەرنامەشیاندا نییە کە سیاسەتی ئابوری حکوماتەکانی پێشوو بگۆڕن". لە ڕاستیدا هێزە ئیمپریالستەکان پێش هەڵبژاردن لەگەڵ نەهزەدا بە فیعلی کاریان ئەکرد و بە تایبەت ئەو توێژەیان کە لە فەڕەنسا نیشتەجێن و بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی گرنگیان هەیە لە تونس و کۆمەکیان کرد بە نەهزە.
بە وتەی چاودێرێکی سیاسی کە لە بڵاوکراوەی(L’Humanité) ئاماژەی پێدراوە :" چەند نوێنەرێک لە کۆشکی ئیلیزە(Elysée) و کوای دوئۆرسای(Quai d’Orsay) هەریەک لە (سەرکۆمار و وەزارەتی کاروباری دەرەوە) لە مانگەکانی ڕابردوودا بە بەردەوامی هاتوونەتە تونس بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کادرە ئیسلامییەکان و ئێوارەخوانیان لەگەڵ خاوەنکارەکاندا ڕێکخستووە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەمە بە تەواوی ڕوون بۆوە ، فەڕەنسا دەنگ بە نەهزە ئەدات". ئیمپریالیزمی فەڕەنسا جێوڕیی خۆی لەم وڵاتەی باکوری ئەفریکا بەدەستهێناوەتەوە پاش ئەوەی کە زیانی لێکەتبوو بەهۆی پەیوەندیییەکانی گەرموگوڕەکانی لەگەڵ ڕژێمی بن عەلی، و پێیان وایە کە لەگەڵ سەرکردەکانی نەهزادە باشتر ئەتوانن گارانتی بەرژەوەندی سەرمایەکانیان بکەن لە تونس.
شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان
هەر ئێستا حکومەتی هاوپەیمانی نەهزە ناچارە کە ڕووبەڕووی ئەو کێشە کۆمەلایەتی و ئابورییە زۆروزەبەندانە ببێتەوە کە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕش، لەچاوساڵێک لەمەوبەر زیادیان کردووە و هیچیان چارەسەرنەکراون، و هیچ ئومێدی چارەسەرکردنیان نییە لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا. ناچارن کە ئەمە بکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکانێکدا کە هیچ ئومێدێکیان بە پارتە سیاسییەکان نەماوە کە پێیان وایە شۆڕشەکەیان دزراوە و لە رێگای ڕاستەقینە و شۆڕشگێرانەی خۆی لای داوە بەڵام لە هەمان کاتدا جەماوەری خەڵک درک بە بەهێزیی و توانای شۆڕشگێڕی خۆیان ئەکەن ، چەند مانگی ڕابردوو چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە کەرتە جیاجیاکان ڕوویان دا و تا ئێستاش بەردەوامن.
چەندین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە کەرتەکانی بانک، کارگەکانی ڕستن و چنین، نوسینەگەکانی گەیاندن و گواستنەوە، هێڵی ئاسنین، فڕۆکەخانەکان، لە نێو دادگاکان و پارێزەران، و ئەفسەرەکانی پۆلیس، ...هتد ڕوویان داوە و خوازیاری دەرکردنی بەڕێوەبەرە گەندڵکار و چەوسێنەرەکان، زیادکردنی کرێ و باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن بوون. لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنی نوێ چەندین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە لایەن خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەکان ڕێکخراون بۆ دەرکردنی ڕاگرەکانی کۆلێژ و بەرێوەبەرە کۆنەکان کە پەیوەندییان لەگەڵ پارت و رژێمی پێشوودا هەبوو.
تەنها چەند ڕۆژێکی کەم بەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەندا تێپەڕی کرێکارانی پۆست دەستیان کرد بە مانگرتن، هەروەها مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی ئوتێلەکان و کرێکارانی کەرتی گەشتوگوزار ڕاگەیەندرا، ئەمە جگە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی خەڵک لە زۆربەی شارەکان (بۆ نمونە ئەوەی سوسە- Souss) ، هەروەها کرێکارانی کەمپانیای کارگەی ساردکردنەوە و دروستکردنی بیرەی تونس(SFBT) کە یەکێک لە گەورە کەمپانیاکانە دەستیان کرد بە مانگرتن، هەروەها کرێکارانی کەمپانیای نەوتی ئیتالیی(ENI)یش کە خوازیاری گرێبەستی هەمیشەیین. چینی کرێکار و گەنجان باوەڕیان بە خۆیان هەیە و لە خۆڕێکخستندان بۆ چالاکی شۆڕشگێڕانە بۆ گەیشتن بە داخوازی و ئامانجەکانیان.
لە نێو ئەم توێژەدا دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەبینین کە ئێستا بێکارن و ڕۆڵێکی یەکجار گرنگیان گێڕا لە شۆرش. یەکێتی بێکارانی خاوەن بڕوانامەکان(UDC) بە ئامادەبوونی ٥٠٠ کەس لە شارۆچکەی سوسە کۆنفرانسی خۆیان بەست کە نوێنەرایەتی هەزاران کەس ئەکەن لە سەرتاسەری وڵاتدا. خۆپیشاندانە سەرکەوتووەکەیان کە بە هاوکاری لەگەڵ چالاکوانانی نەقابە کرێکارییە چەپەکان ڕێکیان خست زیاد لە دە هەزار کەس تێیدا بەشداری کرد لە ڕۆژی ١٥ ی ئۆگستدا. خۆپیشاندەران خوازیاری کار، دادپەرەوەریی کۆمەڵایەتی، و سزادانی بەرپرسەکانی سەردەمی ڕژێمی بن عەلی بوون.
لە چوارچێوەی ئابوورییەکدا کە بە خاوی ئەچێتە پێش، و دابەزینی ڕێژەی سەرمایەگوزاری بیانی بە بڕی(28%) ، و ئەو قەیران و ڕکودە سەرتاسەریەی کە سەرمایەداری دەرگیری بووە و بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر ولاتانی ئەوروپی کردووە کە ئەمیش تەنها دەروازەی هاوردەکانە بۆ تونس و سەرچاوەی یەکەمی سەرمایەگوزییە لە تونس و گەشتوگوزار، نەهزە خۆی لە بەرامبەر بارودۆخێکی دژواردا ئەبینێتەوە کە هیچ دەروازەیەکی نییە.
سەرهەڵدانی ناکۆکییە تازەکان شتێکی حەتمین و لەم ڕاستایەدا کێشەکانی چینی کرێکار دێنە پێشەوە. دەنگدەرێکی تەمەن ٢٧ ساڵە لە قەسرەین لە لایەن بلاوکراوەی(L’Humanité)ەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سازکراوە بە ڕۆشنی ئەڵێت:" ئەگەر سەرۆک غەنوشی بەڵینەکانی خۆی نەباتە سەر ئەوا تووشی هەمان چارەنووسی بن عەلی ئەبێتەوە". سەرکردەکانی نەهزە باش لەمە تێگەیشتوون و ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی پێکهێنانی خێرای حکومەتی هاوپەیمانییە. ئەوان نایانەوێت ئەوە دەربخەن کە تەنها ئەوان بەرپرسی سەرەکین لە ئەنجامدانی ئەو سیاسەتانەی کە خۆیان ئامادەکردووە بۆ سەپاندنیان بەسەر کۆمەڵگادا.
نەبوونی ئاڵتەرناتیڤی شۆڕشگیڕانە
ئەوەی کە لەسایەی ئەم باردۆخەدا ونە و لە ترۆپکی بزووتنەوە شۆڕشگێریەکەدا ون بوو بریتییە لە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانە کە بە توانا بێت لە خستنە ڕووی ئاڵتەرناتیڤێکی ڕۆشن بۆ تەواوکردنی ئەرکە دیموکراسی و ئابورییەکانی شۆرش. ئەمە تەنها لە ڕێگای دەستبەسەرداگرتنی (موسادەرەکردنی) بەرژەوەندییەکانی کەمپانیا گەورەکان و ئیمپیریالیستەکانەوە و دابرانی تەواوەتی لە سەرمایەداری و ڕژێمە کۆنەکەی بەدی دێت.
دوو پارتی پێشڕەوتر لە چاو باڵەکانی تری چەپی تونسدا بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کرد، پارتی کۆمۆنیستی کرێکاریی تونس(PCOT) توانی سێ کورسی و باڵی چەپی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی عەرەب ی دیموکراسییە نیشتمانییەکان توانی دوو کورسی بەدەست بخەن.
گرفتی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاریی تونس ئەوە بوو کە لە ساتە هەستیارەکاندا ئامادەیی نەبوو کە جڵەوی ڕووداوەکان بەدەستەوە بگرێ و ڕابەرایەتی بکات. ئەو کاتانەی کە دەسەلات لەسەر شەقام بوو و کۆمیتە شۆڕشگێڕییەکان لە ڕیزەکانی خوارەوە پێکهاتن و کاتێک کە حکومەتە گوێزراوەکانی دوای بن عەلی پێ لە هەوا بوون، پارتی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەبوایە داوای کۆنگرەی لیژنە شۆڕشگیڕییەکانی بکردایە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات. بەلام لە جیاتی ئەمە هێزە ئیمپریالیستییەکان دەستپێشکەرییان کرد لە ریگای ڕێکخستن و رێکخراوی جۆراوجۆری وەک" لیژنەکانی پارێزگاریکردن لە شۆڕش" و" لیژنەی باڵای بەدەستهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش" کە هەموو هەوڵیکی خۆیان خستە گەڕ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی دامەزراندن ئەمەش لە پێناو دابینکردنی جێگیریی بۆ دەسەڵاتی بۆرژوازییەکان.
بەرنامەی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاریی بۆ هەڵبژاردنەکان چەند داخوازی گرنگی تێدابوو. بەڵام ئەم داخوازییانە بەشێک نەبوون لە بەرنامەیەکی گشتی و فراوانتری خەبات بۆ سۆشیالیزم. لە ڕاستیدا وشەی "سۆشیالیزم" لە هیچ بڕگەیەکی بەرنامەکەدا ئاماژەی پێنەکرابوو. لە هەمان کاتدا ئەبینین کە پارتەکە بانگەواز ئەکات بۆ " خۆماڵیکردنی کەرتە ستراتیژییەکانی ئابوری" و ئەمانەش" بخرێنە ژێر دەسەلاتی دیموکراتی کرێکاران خۆیانەوە" لە هەمان کاتدا باس لە " گەشەپێدانی ئابووری هاوسەنگ لە بواری کلیلە کەرتە ئابورییە گرنگەکان_مەبەست لە کەرتی بەرهەمهێنانە- و دانانی نەخشەیەک کە ئەمانە بخرێنە خزمەتی پێداویستییە گرنگەکانی خەڵک و بەرزکردنەوەی تونس بۆ ئاستی وڵاتە پێشکەتووەکان" ئەکات. کێشەکە ئەوەیە کە ناکرێت نەخشەسازی ئابوری بکرێت ئەگەر هۆیەکانی بەرهەم هێنان نەبنە موڵکی گشتی، شتێک کە ناکۆکە لەگەڵ بەرنامەی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاریی کاتێک کە باسی" خستنە خزمەتی کەرتی تایبەت بۆ وەڵامدانەوە بە گەشەکردنی وڵات و پێداویستییەکانی خەڵک: گەشەپێدانی بەرهەمهێنان، هەلڕەخساندنی کار، مافە سەرەتاییەکانی کاری کرێکاران، ڕێزگرتن لە ژینگە" ئەکات. ڕاستی ئەوەیە کە کەمپانیاکان لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا بۆ بەدەستهێانی قازانج کار ئەکەن نەک وەڵامدانەوە بە پێداویستییە سەرەتایییەکانی خەڵکی تونس، و تەنها شتێکیش کە ڕێگری لێبکات لەمەدا تەنها ئەوەیە کە خۆماڵی بکرێت و بکرێتە ژێر چاودێری کرێکاران خۆیانەوە، ئەبێت زۆر بە ئاشکرا ئاماژە بەمە بکرێت.
هەروەها دوودڵی لە بەکارهێنانی ئاشکرای ناوی "سۆشیالیزم" و جێگرتنەوەی بە چەند دەربڕینی تری وەک" هەڵبژاردنی ئابووری نیشتمانی و جەماوەریی"، و وتووێژکردن لەسەر لێکردنەوەی ناوی "کۆمۆنیست" لە پارتەکە( لە ڕاستیدا لە هەڵبژاردنەکان لە ژێر ناوی ئاڵتەرناتیڤی شۆڕشگێرانە هاتنە پێش لە کاتێکدا کە پارتەکە ناسراوە بە پارتی کۆمۆنستی کرێکاریی) هەموو ئەمانە بە ئاشکرا تیۆری دوو-قۆناغ ی ستالین ئەخەنە ڕوو، ئەو بیرۆکەیەی کە پێی وایە کە قۆناغێکی"پێشکەتووخوازی" و "نیشتمانی" و" دیموکراتی" هەن لە شۆرشدا کە ئەبێت وەڵام وەربگرنەوە پێش خەباتکردن بۆ سۆشیالیزم و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن کرێکارانەوە" ئەمانە زیاتر ڕۆش ئەبنەوە کاتێک دێنە بەرنامەی سیاسی پارتەکەوە کە قسە لەسەر دامەزراندنی" ڕژێمێکی دیموکراتی، مۆدێرن، و کۆماری و جەماوەریی" ئەکات کە گوایە ئامانجی سەرەکی شۆڕشە. هەموو ئەمانە بەدی دێن لە ڕێگای" هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی کە پشتبەستووە بە نوێنەرایەتی ڕێژەیی" و " سەربەخۆیی دادگا" و "جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و سیاسەت" و " دابینکردنی مافەکانی تاک و مافەکانی مرۆڤ" ...هتد یان بە دەربڕینێکی ترەوە بڵێین لە ڕێگای دیموکراتی بۆرژوازی!
ئەبێت زۆر باش لەوە تێبگەین کە وەڵامدانەوەی داخوازییە دیمکراتی و جەماوەرییەکانی شۆڕشی تونس بۆ دابینکردنی ئازادی، هەلی کار و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ..هتد ناکرێت لە چوارچێوەی سەرمایەداری و دیموکراتی بۆرژوازیدا بەدی بێن. ڕژێمەکەی بن عەلی هەر تەنها ڕژێمێکی دیکتاتۆری نەبوو، بەڵکو ڕژێمێکی سەرمایەداری دیکتاتۆر بوو کە گارانتی بەرژەوەندییەکانی کەمپانیا تایبەتە نێوخۆیی و جیهانییەکانی ئەکرد. بۆ ئەوەی خەڵکی تونس بە واقیعی بە ئامانجەکانی شۆرش، ئازادییەکی دیموکراتی ڕاستەقینە بگەن ئەبێت ئابووری لە لایەن خەڵکەوە دەستی بەسەردا بگیرێت و لە لایەن خۆیانەوە بەڕێوە ببرێن بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی زۆرینە. ئەم ئاسۆو هیوا دیموکراتییە بە تەواوی ناکۆکە لەگەل بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری.
ئەرکە دیموکراتی و نیشتمانییەکانی شۆڕشی تونس پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەیە لەگەڵ ئەرکە نێونەتەوەیی و سۆشیالیستییەکاندا. دیموکراتی ڕاستەقینە بە دەستبەسەرداگرتنی سامانی ترابلسی و هەموو پایەکانی ڕژێم، دەستبەسەرداگرتنی کەمپانیا گەورەو فرەڕەگەزەکان کە هاوکار و سودمەندبوون لە ڕژێمەکەی بن عەلی و نەدانەوەی قەرزە بیانییەکان دەست پێئەکات.
بەرنامەیەکی لە چەشنە لە لایەن ئەم ئەنجومەنی دامەزراندنەوە بەدەست نایەت کە لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە دامەزراون بۆ ئامانجێکی ئاشکراو ڕوون کە کۆتاییهێنانە بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە تونس و دامەزراندنی شەرعیەتی دامەزراوە دیموکراتییەکانی بۆرژوازی.
لە چەند مانگێکی نزیکدا ئاسۆی شۆڕشگێرانەی کرێکاران و گەنجان پێئەنێتە ناکۆکی و خەباتەوە لەگەڵ حکومەتە هاوپەیمانەکەی نەهزە و خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێ لە شۆڕش ئامادە ئەکەن. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ئاڵتەرناتیڤێکی شۆرشگێڕانە ئامادە بکرێت بۆ ئەو ئەرکانەی کە شۆڕشی داهاتوو ئەیانهێنێتە پێش.
سەرچاوە : لە بەرگری مارکسیزمدا

